"شەوێك گوندەكەمان بە هێزێكی زۆری سەربازی دەورەدرا، فڕۆكە لە گوندەكەمان نیشتەوە و شەڕێكی قورس دروستبوو"، داود یوخەنا دانیشتوی گوندی میسکا لە سنوری قەزای ئامێدی وتی "دەنگی جۆرەها چەك دەهات، ئەو شەوە خەو نەبوو، منداڵەكان هاواریان دەكرد و دیمەنێك بوو ناگێڕدرێتەوە".
بۆ بەیانییەكەی داود ماڵەكەی باركرد و لەگەڵ خێزان و منداڵەكانی گوندەكەیان بەجێهێشت، سەربازانی توركیا لە ناوچەكە بڵاوبونەوە و تەنانەت لە هەندێك شوێن بازگەیان دانا.
سوپای توركیا لە 15ی حوزەیراندا، لەشكرێكیشی بۆ سەر دەیان گوندی سنوری ناحیەی كانی ماسێ لە قەزای ئامێدی دەستپێكرد و بە قوڵایی 15 کیلۆمەتر هاتۆتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان.
ئەو ئۆپەراسیۆنە لە دژی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ئەنجامدراوە و لەوكاتەوە 238 جار بۆردومان و هێرشی بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان كردووە، بەهۆیەوە زیاتر لە 20 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی و دارستانی ئەو ناوچەیە سوتاون، ئەوەش بەپێی تیمی کوردستانی عیراقی رێکخراوی CPT.
هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) كە باڵی سەربازیی پارتی كرێكارانی كوردستانە، ئەمڕۆ یەكشەممە 7ی تەمموز بڵاویكردەوە كە سوپای توركیا بە "مەبەست و بە ئەنقەست" هێرشدەكاتە سەر گوندەكانی باشوری كوردستان، تیایدا ئاماژەی بە گوندەكانی دەرگەلێ، میسكا و بازێ كردووە.
ئەوەش لەكاتێكدایە هەر ئەمڕۆ یەكشەممە وەزارەتی بەرگری توركیا بڵاویكردەوە كە شەڕ لەناو گوندەكانی میسكا و دەرگەڵێ-دایە، هاوكات تۆمەتی تەقاندنەوەی كۆگای تەقەمەنی و سوتاندنی ئەو دوو گوندەی خستە ئەستۆی چەكدارانی پەكەكە.
داود یوخەنا (72 ساڵ)، كە گوندەكەیان (میسكا) دەكەوێتە ناحیەی كانی ماسی، لە 4ی تەمموز لەگەڵ 10 خێزانی تر گوندەكەیان بەجێهێشت و ئێستا لە دهۆك ئاوارەن. تەواوی ئەو گوندە كریستیانین و 11 خێزانن.
داود وتی "دەمانویست هەر ئەو شەوەی شەڕ دروستبوو گوندەكە بەجێبهێڵین، بەڵام سوپای توركیا بازگەی دانا و رێگەی پێنەداین".
دەمانویست هەر ئەو شەوەی شەڕ دروستبوو گوندەكە بەجێبهێڵین، بەڵام سوپای توركیا بازگەی دانا و رێگەی پێنەداین
بەپێی ئامارێكی ناڕەسمی لە دوو هەفتەی رابردودا لانیكەم 30 خێزانی كریستیانی گوندەكانیان بەهۆی شەڕەوە بەجێهێشتووە.
لە سنوری ناحیەی کانی ماسێ كە لەئیستادا شەڕ تیایدا بەردەوامە، نزیكەی 25 گوندی كریستیانی هەن.
ئەدیب مستەفا، موختاری گوندی میسکایە، بە (كەركوك ناو)ی وت "میسکا دێرینترین گوندە لە سنوری ناحیەی کانی ماسی، بەداخەوە بەهۆی لەشكركێشی توركیاوە بە تەواوی چۆڵكرا... خانوی بەشێك لە گوندەكان سوتاون، لەگەڵ نزیكەی 60 باخ".
ئەدیب مستەفا وتی "تەنانەت كەنیسەكەش زیانی بەركەوتووە، بە كەڵكی ئەوە نایات جارێكی تر پەرستنی تیا بكەین".
ساڵح حەمدی، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسی، ئاوارەبونی خەڵكی ئەو گوندانەی پشتڕاستكردەوە، وتی "شەڕەكە زیان بۆ كریستیان و موسڵمانانیش هەیە و ئاوارەبون".
بەپێی تیمی CPT لە ئەمساڵدا هەشت هاوڵاتی مەدەنیی هەرێمی كوردستان بەهۆی هێرشەكانی توركیاوە گیانیانلەدەستداوە و ژێرخانی ئابوری و خانوو و باڵەخانەی مەدەنی بە ئامانج گیراون.