ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك یەكەم كۆبونەوەی خۆی بە ئامادەبونی تەواوی ئەندامان ئەنجامدا و لە ئەمڕۆوە ئەنجومەنەكە دەستبەكاردەبێت، ئەندامان دەتوانن كاری خۆیان بكەن و مافەكانیشیان لە موچە و ئیمتیازاتی تر بۆ فەراهەم دەكرێت. ئەوەش دوای مشتومڕێكی زۆری فراكسیۆنە جیاوازەكان هات.
ئەو كۆبونەوەیە لەسەر داواكاری محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ـی تەمموز بەڕێوەچوو، دوای نزیكەی حەوت مانگ لە بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان.
چوار كاتژمێر مشتومڕ بۆ 10 خولەك كۆبونەوە
لە كاتژمێر 1:30ی دواینیوەڕۆ بەدواوە، ئەندامانی هەردوو كوتلەی عەرەب و توركمان (پێكەوە هەشت) كورسیی ئەنجومەنەكەیان هەیە، چونە هۆڵی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بەڵام نەیانتوانی رێژەی یاسایی پێكبهێنن، چونكە پێویستیان بە نۆ ئەندام بوو.
پەیامنێری (كەركوك ناو) لە هۆڵی كۆبونەوەكە وتی "راكان سەعید كە بە تەمەنترین ئەندامی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی پارێزگایە و سەرۆكایەتی دانیشتنەكەی دەكرد، نزیكەی 10 خولەك لە چاوەڕوانی تەواوبونی رێژەی یاسایی ئەندامانی ئەنجومەندا بوو، بەڵام لەو سەروبەندەدا زیاتر لە جارێك تەلەفونی بۆ دەهات و دەچووە دەرەوەی هۆڵەكە".
وتیشی "جاری دووەم كە گەڕایەوە بۆ هۆڵەكە داوای لە ئەندامانی تری ئەنجومەن كرد بەشداریی بكەن، بۆ ئەوەی یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەن بەڕێوەبچێت"، زیاتر وتی "لەوكاتەدا فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان چونە هۆڵەكەوە و ژمارەی ئەندامان بون بە 10 ئەندام، بەوەش رێژەی یاسایی تەواودەبوو"، بەڵام بەر لە دەستپێكردنی كۆبونەوەكە دوو ئەندامی عەرەب هۆڵی كۆبونەوەكەیان بەجێهێشت، بەوەش گرفت بۆ رێژەی یاسایی دروستبوو.
یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و كورسی كۆتای كریستیانەكان، ئامادەنەبون بەشداریی لە دانیشتنەكەدا بكەن، كە هەردوكیان پێكەوە شەش كورسیان هەیە.
دوای چاوەڕوانیكردن بۆ ماوەی 15 خولەك، تەواوی ئەندامانی ئەنجومەن هۆڵی كۆبونەوەكەیان بەجێهێشت.
یەكێتیی بڵاویكردەوە كە هۆكاری بەشدارینەكردنی ئەوان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە داوایانكردووە دانیشتنەكە بەشێوەی ئاشكرابێت، چونكە ترسی خۆیان نەشاردەوە لەوەی لەڕێی رێككەوتنی ژێر بەژێرەوە لە دانیشتینێكی داخراو-دا پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن بەبێ خواستی ئەوان یەكلاییبكرێتەوە.
هەرچەندە كوتلەكانی تر دڵنییاندایە یەكێتی لەوەی هیچ پۆستێك لەو دانیشتنەدا یەكلاییناكرێتەوە و رێككەوتنی ژێر بەژێر نییە، بەڵام یەكێتی سوربوو لەسەر ئەوەی دانیشتنەكە دەبێت بە ئاشكرابێت.
دوابەدوای ئەوە، هەموو ئەندامانی ئەنجومەن، لە هۆڵی یاریدەدەری پارێزگاری كەركوك كۆبونەوە بۆ گفتوگۆكردن، تا كاتژمێر پێنجی ئێوارە لە كۆبونەوەدا بون، دواتر بڕیاردرا دانیشتنەكە بەڕێوەبچێت.
راكان سەعید كە بە تەمەنترین ئەندامی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی پارێزگایە و پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوكە، چوارشەممە 10ـی تەمموز لە دادگا، سوێندنی یاسایی وەك ئەندامی ئەنجومەن خوارد، سەرۆكایەتی دانیشتنەكەی كرد.
دانیشتنەكە بە سرودی نیشتیمانی عیراق دەستیپێكرد و لە وتارێكیدا راكان سەعید وتی "دەمەوێت سوپاسی هەموو پێكهاتەكان بكەم بۆ یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەن، لێرەین تا بتوانین ئەم دانیشتنە یاساییە ئەنجامبدەین، ئەوەش لەسەر راسپاردەی سەرۆك وەزیران و هەوڵی ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی عیراق، سوپاسی هەموو ئەوانە دەكەم كە هەوڵیان بۆ سەركەوتنی ئەم دانیشتنە".
وتیشی "ئارامیی كەركوك گرنگترین شتە و لە پێش هەموو پرسەكانەوەیە، سوپاسی خەڵكی پارێزگاكە دەكەین بۆ بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردن"، زیاتر وتی "لێرەوە دەتوانین كاربكەین بەوەی پێكهاتەكان رێكبكەون و راوێژ لە نێوان خۆیاندا بكەن بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك و كاركردن بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی".
"لە دوای ئەم دانیشتنەوە و بەپێی یاسا بۆ ماوەی 30 رۆژ راوێژ و گفتوگۆ دەكەین بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لە نێوان هەموو پێكهاتەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت... ئیستا بە گوێرەی یاسا ئەم دانیشتنە هەڵدەگرم"، راكان سەعید وایوت.
بەپێی یاسا دەبێت لە یەكەم دانیشتندا سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكەی هەڵبژێردرێن و لە ماوەی 30 رۆژیشدا پارێزگار و جێگرەكەی، بەڵام ئیدارەی كەركوك بەهۆی ناكۆكی نێوان پێكهاتەكان، ئەو دوو پرسەی بۆ 30 رۆژی داهاتوو دواخست.
كۆبونەوەكە بۆچی گرنگ بوو؟
لەم دانیشتنەوە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەشێوەی رەسمی دەستبەكاردەبێت و بەپێی یاسا هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن لە پێشینەی كارەكانی دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا.
هاوكات ئەندامانی ئەنجومەنیش دەتوانن كاروبارەكانیان وەكو ئەندامی ئەنجومەن دەستپێبكەن و مافەكانیشیان لە موچە و ئۆتۆمبێل و ئیمتیازاتەكانی دیكە، بۆ فەرهەم دەبێت.
ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە 16 ئەندام پێكهاتووە، كورد حەوت كورسی هەیە (5 یەكێتی و 2 پارتی)، عەرەب شەش كورسی هەیە (هاوپەیمانی عەرەبی كەركوك 3، قیادە 2، هاوپەیمانی عروبە 1)، بەرەی توركمانی دوو كورسی و كریستیانەكانیش كورسییەكی كۆتایان هەیە.
لە 15 پارێزگاكەی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی، تەنیا كەركوك و دیالە بەهۆی ناكۆكییەكانەوە ئیدارەی نوێی خۆجێیان پێكنەهێناوە، مشتومڕی سەرەكیی لە كەركوك پەیوەندی بە پۆستی پارێزگارەوە هەیە، كە لە هەڵبژاردنی 2005ـەوە لای كورد و لە ئۆكتۆبەری 2017ـەوە كەوتۆتەوە دەستی عەرەب.