كۆمەڵێك چالاكوانی مەدەنی، رۆژنامەنوس و خەڵكی شاری كەركوك، پەردەیان لەسەر وێنەیەكی نوێی رۆژنامەنوسی تیرۆركراو سۆرانی مامە حەمە لادا، كەسوكاریی دەڵێن "هێشتا بكوژان ئازادن" و سوپاسی ئازادیخوازانیان كرد لەوەی كەیسەكەیان بە زیندویی هێشتۆتەوە.
ئەو مەراسیمە ئەمڕۆ شەممە 20ی تەمموز لەبەردەم قەڵای كەركوك بەڕێوەچوو، هاوكات بوو لەگەڵ تێپەڕبونی 16 ساڵ بەسەر تیرۆركردنی سۆرانی مامە حەمە.
سۆرانی مامە حەمە، لێپرسراوی نوسینگەی گۆڤاری لڤین لە كەركوك، لە ئێوارەی 21ی تەمموزی 2008 لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕەکی رەشیداوای شاری کەرکوک لەلایەن چەند چەکدارێکەوە تەقەی لێکراو دەستبەجێ گیانیلەدەستدا.
سەرباری فشاری بەردەوامی رۆژنامەنوسان و رێکخراوە مەدەنییەکان و بردنی كەیسەكە بۆ دادگا و پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵنەوە لە پۆلیسی كەركوك، بەڵام تائێستا بکوژانی دەستگیرنەکراون و كەیسەكەی بەكراوەیی ماوەتەوە.
فەرمان مامە حەمە، برای سۆران، لە مەراسیمی پەردە لادان لەسەر وێنەی براكەی ئامادەبوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "دوای 16 ساڵ دەمەوێت بڵێم هیچ بەرەو پێشچونێک لە کەیسی براکەمدا نییە، بەڵام لە لایەن ئازادیخوازانەوە، كەیسی سۆران بە زیندویی ماوەتەوە و هەموو ساڵێک بەمشێوەیە یادی دەکەنەوە".
هیچ بەرەو پێشچونێک لە کەیسی براکەمدا نییە
هێمن حەسیب، پارێزەر و یەکێک لە ڕێکخەرانی مەراسیمەكە بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە هەموو ساڵێک یادی سۆران دەکەینەوە، پێش 10 ساڵ وێنەی سۆران-مان لە سەر پەرژین و راگری قەڵا دانابوو، بەڵام بەهۆی کاریگەریی کەشوهەوا، وێنەکەی تێکچووبوو، بۆیە ئەمساڵ بڕیارماندا جارێکی دیکە وێنەکەی نوێی دابنێینەوە".
سۆران مامە حەمە، بەر لە تیرۆركردنی، چەندجارێك هەڕەشەی لێكرابوو، لەسەر راپۆرت و نوسینەكانی لە هەردوو گۆڤاری لڤین و رۆژنامەی هاوڵاتی بڵاویدەكردنەوە.