ئەحمەد كەركوكی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان جەخدەكاتەوە لەوەی بەهۆی نەبونی پارێزگار كەس ناتوانێت نوسراو واژۆبكات و بەهۆیەوە كێشە دروستبووە، لەكاتێكدا دیلان غەفور، نوێنەری هەمان حزب لە پەرلەمانی عیراق دەڵێت "راكان سەعید بەناوی پارێزگارەوە واژۆ دەكات".
ئەو دوو بۆچونە جیاوازە پەیوەست بە پرسی بونی پارێزگار لە كەركوك و دەسەڵاتی واژۆكردنی نوسراو، لە دوو راگەیەنراوی جیاوازدا باسكراوە.
دیلان غەفور، پەرلەمانتاری عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، پێنجشەممەی رابردوو 18ـی تەمموز، نوسراوێكی ئاراستەی سەرۆكی دەستەی باڵا بۆ هەماهەنگی نێوان پارێزگاكان كردووە و لە بڕگەیەكیدا جەختدەكاتەوە، لەوەی "زانیارییان پێگەیشتووە راكان سەعید، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك هێشتا مومارەسەی كارەكەی دەكات وەكو پارێزگاری كەركوک بەوەكالەت و نوسراوی نوێ بە بەراوری كۆن واژۆ دەكات".
بەڵام ئەمڕۆ سێشەممە 23ی تەمموز، ئەحمەد كەركوكی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا، لە راگەیەنراوێكدا پەیوەست بە خۆپیشاندانی كۆمەڵێك گەنج لە بەردەم بینای پارێزگا، كە داوای مافی خۆیان دەكرد لە پێدانی موچەكانیان، دەڵێت "زانیومە بەهۆی دواکەوتنی دەستبەکاربونیان و پاشان دەستوەردانی وەزارەتی دارایی عیراق لەم بابەتەدا، هەڵەیەک لە بەشی ژمێریاری و وردبینیدا رویداوە، لەئێستادا هەموو کێشەکەیان چارەسەر بووە، بەڵام لەبەرئەوەی پارێزگار بونی نییە، کەس ناتوانێت نوسراوەکە ئیمزا بکات".
پێشتر دیلان غەفور، وتی "راكان سەعید پێشێلكاریی یاسایی دەكات، چونكە لەكاتێكدایە ناوبراو وەكو ئەندامی ئەنجومەن سوێندی یاسایی خواردووە، بەڵام نوسراو بەناوی پارێزگارەوە واژۆ دەكات"، هەر بۆیە داوایكرد لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی لەسەر پێكبهێنرێت و دەستبەسەر تۆمارە دەرچووەكانی دیوانی پارێزگای كەركوكدا بگیرێت.
ئەو دوو بۆچونە جیاوازە لەكاتێكدایە عەلی حەمادی، یاریدەدەری پارێزگاری كەركوك كۆتایی هەفتەی رابردوو (كەركوك ناو)ـی وت "راکان سەعید جبوری لە یەكی تەمموزی ئەمساڵەوە بەهۆی ئەوەی 60 ساڵی تەمەنی تەواوكردووە، بەشێوەیەكی فەرمی لە پۆستی پارێزگاری كەركوك خانەنشین كراوە".
وتیشی "هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی راكان سەعید وەک پارێزگاری كەركوك بمینێتەوە، تاوەكو ئەنجومەن كەسێك بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك هەڵدەبژێرێت"، حەمادی زیاتر وتی "بۆ ئەوە داوا لە سەرۆک وەزیرانی عیراق كراوە بە بڕیارێك تەمەنی خزمەتی راكان سەعید لەو پۆستەدا درێژبکرێتەوە، بەڵام تائێستا سەرۆک وەزیران هیچ وەڵامێكی بۆ ئەو داواكارییە نەبووە".