سێ كارمەندەكەی كۆمپانیای نەوتی باكور لەلایەن هێزێكی ئاسایشی نیشتیمانی عیراقەوە دەستگیركراون، كە بە تایبەت لە بەغداوە بۆ ئەو پرۆسەیە نێردرابونە كەركوك، ئەوەش لەسەر راسپاردەی لیژنەیەك كە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق پێكهێنراوە.
ئەو هێزە دووشەممە 22ی تەمموز چونەتە ناو وێستگەی سارلو سەر بە كۆمپانیاكە لە نزیك قەزای دوبز و هەرسێ كارمەندی ئەو وێستگەیەیان دەستگیركرد و لەگەڵ خۆیان بردویانن بۆ بەغدا"، بەپێی سەرچاوەیەكی ئەمنی كە تایبەت بۆ (كەركوك ناو) قسەی كردووە.
سەرچاوەكە جەختیكردەوە "لیژنەیەك كە بە بڕیاری سەرۆك وەزیرانی عیراق دروستبووە، سێ مانگە چاودێری پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتی ئەو وێستگەیە بۆ كۆمپانیای كار دەكات، دوو رۆژ لەمەوبەر بەبێ ئاگاداركردنەوەی كۆمپانیای نەوتی باكور چونەتە سەر وێستگەی سارلو و سێ كارمەندی لێبووە و هەرسێكیان دەستگیركردووە".
وێستگەی سارلۆ نەوتی لێوە هەناردە دەكرێت بۆ كۆمپانیای كار بە مەبەستی پاڵاوتنی.
سەرچاوەكە وتیشی "هێزە كە سەر بە ئاسایشی نیشتیمانی عیراق بون و لە بەغداوە هاتبون و ئەو سێ كەسەیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە".
لەبارەی هۆكاری ئەو پرۆسەیە، سەرچاوەكە وتی "ئەو سێ كەسە لەسەر عەدادی هەناردەكردنی نەوتەكە بون، بەپێی ئەوەی لیژنەكەی ئەنجومەنی وەزیران پێیگەیشتون ئەو بڕەی رۆژانە ناردویانە بۆ كۆمپانیای كار كەمتریان هەژمار كردووە"، زیاتر وتی "لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن، بەڵام هێشتا هیچ كەسێكی تر لەناو كۆمپانیا و لەسەر ئەو پرسە دەستگیرنەكراون".
لەبارەی ئەو بڕەی ناردویانە و ئەوەشی كە هەژماریان كردووە، وتی "بەپێی رۆژ بووە، جاری وا هەبووە 30 هەزار بەرمیلیان هەناردە كردووە، بەڵام 25 هەزاریان هەژماركردووە".
ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی تەمموز، سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عیراق، لە نوسێنێكی كورتدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، بڵاویكردەوە "کۆمپانیای نەوتی باکور کاتێک ڕۆژانە نەوتی بە بۆری هەناردەی پاڵاوگەی کار کردووە تاکو بۆ عیراقی بپاڵێون، بەڵام لەو رێژەی کە ناردویانە لەوە کەمتریان تۆمارکردووە".
وتیشی "ئاسایشی نیشتمانی عێراق و دەستەی دەستپاکی پاش کۆکردنەوەی بەڵگە، بەسەر کۆمپانیای نەوتی باکور-دا دەدەن و سێ کەس دەستگیر دەکەن کە لەسەر عەدادی ناردنی نەوتەکەن... گومان دەکرێت ئەم بابەتە خەڵکی زیاتری تێدا تێوەبگلێت کە بەشداربون لەبردنی ئەو نەوتە".