دوو بژاردە لەبەردەم ژنێكی كریستیاندا: یان كارتی نیشتیمانیی یان ئایینەكەت

ئێڤلین جۆزێف ننو (33ساڵ). فۆتۆ: عەمار عەزیز

عەمار عەزیز

ئێڤلین جۆزێف ننو (33ساڵ)، گەیشتۆتە بنبەستێکی یاسایی، دەبێت لە نێوان ئایینی كریستیان و بەدەستهێنانی كارتی نیشتیمانی عیراقیدا یەكێكیان هەڵبژێرێت، ئەوەش بە پشتبەستن بە ماددەیەكی یاسایی كە كریستیانەكان و هەندێك دەنگ پێیانوایە "نادادپەوەرییە".

"دەمەوێت وەكو هەر هاوڵاتییەكی عیراقی خاوەنی كارتی نیشتیمانی بم، ئەوە مافی خۆمە، هەروەها ئازادیش بم لە هەڵبژاردنی ئایینەكەم"، ئێڤلین كاتێك ئەو قسەیەی بۆ (كەركوك ناو) كرد، لە فەرمانگەی كارتی نیشتیمانیی لە ناحیەی سەرسەنگ پێی وترابوو "ئەگەر نەبیتە مسوڵمان كارتی نیشتیمانیت بۆ دەرناكەین".

ئێڤلین لە ساڵی 1991 لە دایك و باوكێكی كریستیانی لەدایكبووە، لە گوندی ئینشكێ‌ سەر بە ناحیەی سەرسەنگ دەژیت‌، كە دەكەوێتە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆك، تەمەنی تەنیا 15 ساڵ بووە كاتێك دایك و باوكی لەیەكتر جیابونەوە.

جینی یوئێل (دایكی ئێڤلین) دوای جیابونەوەی، هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێكی مسوڵماندا كردووە بە شێوەیەكی فەرمی مسوڵمانبونی خۆی راگەیاندووە، هەروەها لە دادگای دهۆك ناوی خۆی گۆڕیوە بە ئیمان.

بەپێی یاسای باری شارستانی هەڵوەشاوەی عیراق، منداڵانی خوار تەمەن 18 ساڵ، لەسەر ئایینی دایك یان باوكیان هەژماردەكرێن، ئەگەر یەكێكیان مسوڵمان بێت ئەوا بە مسوڵمان هەژماردەكرێن، لەئێستادا كە یاسای كارتی نیشتیمانی جێگەی ئەو یاسایەی گرتۆتەوە، هەمان دەربڕینی تیایە بۆ ئەو پرسە.

دوای مسوڵمانبونی دایكیان، خوشك و براكانی ئێڤلین لە رەگەزنامەی عیراقی و ناسنامەی باری شارستانی كراون بە مسوڵمان، بەڵام ئێڤلین بە كریستیانی رۆیشتووە و كاتێكیش چەندجارێك ئەو بەڵگەنامانەی نوێكردۆتەوە دەستكاریی بڕگەی ئایینەكەی نەكراوە، لەكاتێكدا تەمەنی 15 ساڵ بووە كە دایكی بووە بە مسوڵمان.

لە ساڵی 2010دا كاتێك نۆزدە ساڵان بووە، ئێڤلین هاوسەرگیری لەگەڵ كوڕێكی كریستیانی-دا كردووە و جارێكی تر لە نوێكردنەوەی بەڵگەنامەكاندا هەر بە كریستیان تۆماركراوە، ئەوەش ئەوە راستییەیە كە ئێڤلین دەیەوێت.

بەپێی یاسا بەركارەكان لەوانەش یاسای كارتی نیشتیمانی کە ساڵی 2016دا دەرچووە و جێی یاسای باری شارستانی گرتۆتەوە، هەر منداڵێك 18 ساڵی تەمەنی تەواونەكردبێت و دایك یان باوكی یەكێكیان مسوڵمان بێت، ئەوە ئەویش بە مسوڵمان تۆماردەكرێت.

Cristian. Dhok
ئێڤلین جۆزێف ننو (33ساڵ)، لەگەڵ سامی بوتروس-ی هاوسەری لە ماڵەكەی خۆیان لە گوندی  ئینشكێ‌ سەر بە ناحیەی سەرسەنگ. فۆتۆ: كەركوك ناو

بۆیە لە دەرهێنانی بەڵگەنامە فەرمییەكاندا، لەوانەش كارتی نیشتیمانی، مامەڵە لەگەڵ ئەو بەروارەدا دەكەن كە تیایدا دایكی ئێڤلین بۆتە موسڵمان لەگەڵ تەمەنی ئەوكاتەی ئێڤلین.

"من كریستیانم، لە خێزانێكی كریستیان لە دایك بوم، هاوژینەكەم كریستیانە، لە كەنیسە مارەكراوم و هەموو رێوڕەسمی هاوسەرگیریم و گرێبەستی هاوسەرگیریم هەر لەسەر ئایینی كریستیان بووە، رەگەزنامە و ناسنامەی باری شارستانیشم بە هەمان شێوە، ئێستا دەڵێن دەبێت ببیت بە مسوڵمان، من دەمەوێت ئازادبم لەوەی ئایینی خۆم هەڵبژێرم"، ئێڤلین جوزیف وایوت.

دەمەوێت ئازادبم لەوەی ئایینی خۆم هەڵبژێرم و كارتی نیشتیمانیم هەبێت

هەر بۆیە وتی كە توشی شۆكێكی گەورە بوووە كاتێك پێانوتووە كارتی نیشتیمانیت بۆ دەرناكەین، "تۆ دایكت بۆتە مسوڵمان... دەبێت بڕیاری دادگامان پێبێت و ئەم كەیسە یەكلاییبێتەوە"، ئێڤلین وتی كە لە فەرمانگەی كارتی نیشتیمانی سەرسەنگ ساڵێك لەمەوبەر وایان پێوتوە.

لەوكاتەوە ئێڤلین و هاوژینەكەی كەیسەكەیان بردۆتە دادگا، بەردەوام لە نێوان دادگا هەرێم و بەغدا هاتوچۆ دەكەن، ئەوەش لە پێناو بەدەستهێنانی كارتی نیشتیمانی و ناساندنی ئێڤلین وەك كریستیان.

سامی بوتروس، هاوسەری ئێڤلین، دەڵێت لەوكاتەوەی لە ساڵی 2010دا هاوسەرگیریان كردووە، سێ جار رەگەزنامە و ناسنامەی باری شارستانی ئێڤلین-یان نوێكردۆتەوە، هیچ كێشەیان نەبووە و لێی نوسراوە مەسیحی، بەڵام بۆ كارتی نیشتیمانی دەڵێن یاسا رێگەنادات.

كارتی نیشتیمانی عیراق، بەپێی یاسا دەبێتە جێگرەوەی هەردوو رەگەزنامەی عیراقی و ناسنامەی باری شارستانی و چیتر ئەو دوو بەڵگەنامەیە كاریان پێناكرێت.

ئەو خێزانە كریستیانییەش كە دەیانەوێت ببنە خاوەنی كارتی نیشتیمانی، دەیان نوسراویان لای (كەركوك ناو)ە، كە لە نێوان فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ ئاڵۆگۆڕیان پێكراوە، دوایین جار كەیسەكە دراوەتە دادگا بۆ یەكلایکردنەوە.

سامی بوتروس وتی "پێنج جار سەردانی بەغدامان كردووە و دەیانجار چوینەتە هەولێر و دادگای دهۆك، شوێن نەماوە لە دەرگایان نەدەین، پارێزەرمان گرتووە  و بە هەموی نزیكەی 13 میلۆن دینارمان سەرف كردووە، بەڵام هێشتا چارەسەر دیار نییە".

"ئێمە لە 2024دا دەژین، ناچاركردنمان بەوەی ببینە مسوڵمان ستەمێكی زۆر گەورەیە، هیچ كەسێك ئەمە قبوڵناكات"، سامی بوتروس وایوت.

پارێزەر ئەكرەم میخائیل كە سەرپەرشتی دۆسییەكەیان دەكات، وتی "لەكاتی نوێكردنەوەی رەگەزنامە و باری شارستانیی ئێڤلین-دا هەر نوسراوە كریستیان، بەڵام خوشك و براكانی كە هەمویان لە دەرەوە دەژین كراون بە مسوڵمان، ئەوان لە دەرەوە دەژین و دان بە گۆڕینی ئایینەكەیاندا نادەن و دورن لێرە، بەڵام ئێڤلین لێرە دەژیت و پێویستی بە كارتی نیشتیمانی خۆی و منداڵەكانیەتی، دەیەوێت هەر بە كریستیانی بمێنێتەوە، كاتی خۆی بەهەر هۆكارێك بێت نەكراوە بە مسوڵمان ئێستاش لە سەروی 18 ساڵانەوەیە و بۆیان نییە دەستكاریی بكەن"، لەسەر ئەو بنەمایە ئەكرەم لە دادگا بەرگری لە كەیسی ئەو خێزانە دەكات.

كێشەیەكی تری ئەو خێزانە ئەوەیە كارتی نیشتیمانی بۆ منداڵەكانیان دەرناهێنرێت تاوەكو كێشەی دایكی یەكلایینەبێتەوە.

ئەكرەم میخائیل وتی "بەپێی یاسا بەركارەكان داوادەكەن ئێڤلین و منداڵەكانیشی بكرێن بە مسوڵمان، هەروەها هاوسەرەكەشی لە دادگا بژاردەی ئایینی بخرێتە بەردەم، ئەگەر قبوڵی نەكرد دەبێت لە ئێڤلین جیاببێتەوە، تا ئەوە یەكلایینەبێتەوە ئامادەنین كارتی نیشتیمانی بەو خێزانە بدەن".

بەڵام وتی "ئێڤلین پێش 18 ساڵ و دوای 18 ساڵیش لە هەموو بەڵگەنامەیەك هەر نوسراوە كریستیان، ئێستا ناتوانن دەستكاریی بكەن... بۆیە سكاڵامان لەسەر فەرمانگەی رەگەزنامە تۆماركردووە بۆ ئەوەی دەستكاریی بڕگەی ئایین نەكات و كارتی نیشتیمانیی پێبدرێت".

Amedi
گوندی ئینشكێ‌ سەر بە ناحیەی سەرسەنگ. ئێڤلین لەم گوندە دەژیت. فۆتۆ: عەممار عەزیز

بەگشتی هەندێك یاسا لە عیراق لەوانەش یاسای كارتی نیشتیمانی لە ساڵی 2016و یاسای باری كەسێتی، بۆتە جێی مشتومڕی ئایینە جیاوازەكان، مانگی رابردوو لە كۆنفرانسێكی تایبەتدا بۆ ئەو پرسە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان وتی "نابێت خەڵك ناچاربكرێت بە گۆرینی ئایینەكەی" و داوایكرد ئەو كێشانەی لە یاساكاندا هەن چارسەربكرێن.

ئەكرەم میخائیل، كە خۆی لەو كۆنفرانسەدا بەشداربووە، وتی "داوامانكرد راستكردنەوە بۆ ئەو یاسایانە بكرێت، چونكە كێشەی بەدواوەیە بەتایبەت پەیوەست بە ئایینەكانی تر"، زیاتر وتی "ناكرێت  یاسا خەڵك ناچار بكات بە گۆڕینی ئایینەكەی بۆ مسوڵمان، تەنانەت لە ئایینی ئیسلامیشدا شتی وانییە خەڵك بەزۆر بكەیتە مسوڵمان".

ئەكرەم میخائیل 15 حاڵەتی تری هاوشێوەی ئەو  خێزانە كریستیانیەی لایە و كاریان بۆ دەكات بۆ ئەوەی لە دادگا چارەسەریان بۆ بكات. زۆرینەی كەیسەكان لە دهۆك، موسڵ و كەركوكن، ئەو شارانە كریستیان بەشێكن لە پێكهێنەری دانیشتووانەكەیان و پەیوەندی هاوسەگیرییان هەیە لەگەڵ مسوڵماناندا.

ئێڤلین جۆزێف و سامی بوتروس، بەهۆی ئەو كێشەیەوە ژیانیان تێكچووە، چونكە بەنیازن گەشتی ئوسترالیا بكەن و بە یەكجاریی لەوێ بژین، تەواوی خوشك و براكانی سامی بوتروس لەوێن، بەڵام تا یەكلاییكردنەوەی كەیسەكەیان دەبێت چاوەڕێ بكەن. چونكە هەموو مامەڵەیەك لە عیراق لە ئێستادا پێویستی بە كارتی نیشتیمانی هەیە، لەوانەش دەرهێنانی پاسپۆرت، كە بەبێ پاسپۆرت ناتوانن گەشتی دەرەوەی وڵات بكەن.

"ژیان لێرە بۆ ئێمە قورس بووە، لەڕاستیدا بە ناچاریی كۆچ دەكەین، تا بتوانین ژیانێكی خۆش و بێ‌ كێشە بەڕێبكەین، ئێستا چاوەڕێی یەكلاییكردنەوەی كەیسەكەین"، سامی بوتروس وایوت.

خالید جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری كریستیانەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێم بە (كەركوك ناو )ی وت "هەوڵی زۆرمانداوە تا راستكردنەوە بۆ ئەو یاسایانە بكرێت، كە ئەو جۆرە كێشانەیان دروستكردووە، بەڵام تائێستا هەوڵەكانمان بێ ئەنجام بوون، من رەشبینم كە عیراق ڕاستكردنەوە بۆ ئەو یاسایانە بكات".

من رەشبینم كە عیراق ڕاستكردنەوە بۆ ئەو یاسایانە بكات

لە یاسای كارتی نیشتیمانی-دا هاتووە "بۆ غەیرە مسوڵمان هەیە ئایینەكەی بۆ مسوڵمان بگۆڕێت"، ناسر حەسەن یاساناس وتی "ئەمە مانای وایە مسوڵمان بۆی نییە ئایینەكەی بگۆڕێت و رێپێدراو نییە".

وتیشی "ئەو خاتونە كریستیانییە (ئێڤلین جۆزێف) ستەمی لێدەكرێت، راستە بەپشتبەستن بە یاسا كاتێك دایكی بۆتە مسوڵمان ئەم تەمەنی 15 ساڵان بووە، بەڵام هیچ ئاگاداری كەیسی دایكی نەبووە، تەنانەت باوكیشی هەر بە كریستیانی ماوەتەوە".

بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، دایكی ئێڤلین جوزیف لە دوای جیابونەوە و مسوڵمانبونی، پەیوەندی لەگەڵ منداڵەكانیدا نەماوە، تەنانەت شوێنی نیشتەجێبونی نازانن.

بەڕێوەبەری گشتی كاروباری كریستیانەكان لە وەزارەتی ئەوقاف وتی "باشترین چارەسەر راستكردنەوەی یاساكانە، بەڵام ئەقڵییەتێك لە عیراق هەیە وایكردووە زۆر ئەستەم بێت ببین بە خاوەن یاسایەك تا بتوانین وەكو كریستیانەكان لەو رێیەوە بەرگری لە مافەكانمان بكەین".

بەپێی جاڕنامەی جیهانی مافەكانی مرۆڤ، مرۆڤەكانی ئازادن لە هەڵبژاردن یان گۆڕینی ئایینەكەیان و ناكرێت رێگرییان لێبكرێت.

حەمدی بەرواری، لێپرسراوی رێكخراوی مافی مرۆڤ – رێكخراوێكی ناحكومییە لە شاری دهۆك - بە ( كەركوك ناو)ی وت "بەڵێ یاساكان كێشەیان تیایە، مافی ئێڤلینە هەر بە كریستیانی بمێنێتەوە، چونكە خۆی نایەوێت ببێت بە مسوڵمان...  ئەگەر دادگاش كەیسەكەی یەكلایینەكردەوە یان بڕیارێكی پێچەوانەی داواكەی ئێڤلین-ی دەركرد، نابێت كۆڵ بدات و  دەبێت تەمیزی بكاتەوە".

یاساكان كێشەیان تیایە و مافی ئێڤلینە هەر بە كریستیانی بمێنێتەوە

ئیسلام بەپێی ماددەی (2)ی دەستوری عیراق، ئایینی فەرمی دەوڵەتە و سەرچاوەیەکی بنەڕەتی یاسادانانە و جەختكراوەتەوە "نابێت یاسایەک دابنرێت لەگەڵ حوکمە جێگیرەکانی ئیسلام ناتەبا بێت... ئەم دەستورە ناسنامەی ئیسلامی زۆرینەی گەلی عیراق دەپارێزێت، هەروەها تەواوی مافە ئایینیەکانی سەرجەم تاکەکان دەپارێزێت لەڕوی ئازادی بیروباوەڕ و مومارەسەی ئایینیەوە". لە ماددەی (3)شدا عیراق وەك وڵاتێكی فرە نەتەوە و ئایین و ئاینزا ناسێنراوە.

كەیسی ئێڤلین جوزیف لە ئێستادا لەبەردەم دادگای دهۆكدایە بۆ بڕیاری كۆتایی.

ئەكرەم میخائیل، وتی "لە دواین دانیشتنی دادگا-دا لەسەر داوای دادوەر، پیاوانی ئایینی كریستیانی ئامادەبون بۆ وەرگرتنی بۆچونیان، ئەوان وتیان ئێڤلین جوزیف كریستیانییە و تەنانەت لە گوندەكەی خۆی و لە كەنیسەی گوندەكە وانەی ئایینیی كریستیانی بە خوێندكارانی كریستیان دەڵێتەوە".

"ئێمە گەشبینین ماف بۆ ئێڤلین جۆزێف بگەڕێتەوە و وەكو كریستیانییەك ببێتە خاوەنی كارتی نیشتیمانی".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT