تیمێکی چوار کەسی، کە پسپۆڕی ژینگە و هەوان، توێژینەوە لەسەر ئاستی پیسبوونی هەوای شاری هەولێر دەکەن، ئەوەش لە 200 وێستگەی شارەكەدا و لە دوو كاتی جیاوازی بەیانیان و شەوان.
تیمەكە بە چەند ئامێرێكی پێشكەوتوو دەیانەوێت رێژەی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن، گازە ژەهراوییەکان و ماددە رەقە هەڵواسراوەکان لە نێو هەوادا بدۆزنەوە، تاکو بگەن بە رێژەی راست و دروستی دۆخی هەوای هەولێر، ئەوەش بەپێی وتەی د.هێدی جەمال، مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی هەوا، كە تایبەت بۆ ئەو توێژینەوەیە لە ئەوروپاوە گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان.
د.هێدی جەمال، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئامانجی سەرەکی لەم توێژینەوەیە، ئاشکراکردنی دۆخی راست و دروستی پیسبونی هەوای شاری هەولێرە"، زیاتر وتی "خۆتان دەزانن کە ڕێژەیەکی زۆر لە کارگە و پاڵاوگەی نەوت و گاز لە بەشی باشوری شارەکە هەیە کە بونەتەهۆی تێکدانی ژینگەی شارەکە. دەمانەوێت بزانین کاریگەریی کارگە و پاڵاوگەكان لەسەر شارەکە چین".
تیمەكە چوار كەسییەكە كە د. هێدی سەرپەرشتییان دەكات، پێویستیان بە 30 رۆژ هەیە تاوەكو دەگەن بە ئەنجامەكەیان، بە وتەی ئەو یەكەمجارە بەو ئامێرە پێشكەوتووانە لە دۆخ و رادەی پیسبوونی هەوای هەولێر بكۆڵدرێتەوە.
لەپاڵ بونی سەدان کارگە و پاڵاوگە كە كاریگەرییان لەسەر پیسبونی هەوا هەیە، تەنیا لە ناوەندی شاری هەولێر زیاتر لە هەزار و 100 مۆلیدەی ئەهلی هەن بۆ پێدانی كارەبا بە گەڕەكەكان، ئەمە جگە لەو سەدان مۆلیدەیەی لە شوێنە گشتی و فەرمانگەکانی میری و کۆمپانیاکاندا هەن.
هەروەها لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل هەیە، كە راستەوخۆ كاریگەرییان لەسەر پیسبونی هەوا هەیە.
دڵشاد میران، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەى هەولێر، بە (كەركوك ناو)ی وت "تائێستا بە هیچ رێگەیەک نەمانتوانیوە رێژەی پیسبوونی ژینگە و هەوای هەولێر بزانین، چونکە هیچ وێستگەیەکی هەوا لە هەولێردا نییە".
بەپێی ئاماری ساڵی 2018ی دەستەی هەرێمی كوردستان، لە ناوەندی شاری هەولێر ملیۆنێك و 10 هەزار كەس دەژین و رێژەی سەوزایی لە شارەكە بە نزیكەیی لە سەروی سەدا 15وەیە.
ئەوە یەكەم توێژینەوە دەبێت لەسەر دۆخی هەوای هەولێر و بڕیارە لە کۆتایی مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ رابگەیەنرێت.
*ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی فراوانكردنی رۆڵی رۆژنامەنوسانی ژن لە روماڵكردنی ژینگەییدا بەرهەمهێنراوە، پڕۆگرامەكە لەلایەن دامەزراوەی (كەركوك ناو)ـەوە جێبەجێ دەكرێت و وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ پاڵپشتی دارایی دەكات.