بەڕێوەبەرایەتی کاروباری رزگاربووانی دەستی داعش، ژن و منداڵێكی رادەستی كەسوكاریان كردەوە، دوای 10 ساڵ لە رفاندنیان لەلایەن "چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام" ناسراو بە (داعش).
تەواف داود (24ساڵ)، خەڵکی كۆمەڵگەی گرعوزێر و خوناڤ 10 ساڵ، خەڵكی كۆجۆ، ئەمڕۆ دووشەممە 12ی ئاب گەیشتنەوە قەزای شنگال و رادەستی كەسوكاریان كرانەوە، ئەوەش بەپێی وتەی شەهاب ئەحمەد، لێپرسراوی نوسینگەی کاروباری رزگاربووان لە شنگال.
شەهاب وتی "هەردوکیان لەکەمپی هوڵی رۆژئاوا (باكوری سوریا) لەلایەن یەکینەکانی بەرخودانی ژنان و بە هاوکاری دەزگای نیشتیمانی ئەو وڵاتە رزگارکراون".
كەمپی هۆڵ دەكەوێتە خۆرهەڵاتی شاری حەسەكەی سوریا و ههزاران هاوڵاتی عیراقی، له نێویاندا ژن و منداڵی چهكدارانی داعش له كهمپەكەدا دەژین. ناوبەناو ژن و منداڵی ئێزیدی لەو كەمپەدا دەدۆزرێنەوە و رەوانەی عیراق دەكرێنەوە.
شەهاب وتی "دوای تەواوبونی رێکارەکان، ئەو كچ و منداڵە لە شنگالەوە رەوانەی هەرێمی كرودستان دەكرێنەوە بۆ لای كەسوكارییان".
سەراب ئیلیاس، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری رزگاربووان، رایگەیاند "گەڕانەوەی ئەم رزگاربووانە هیوایەکی نوێیە بۆ رفێنراوەكان... ئازادی ئەوان ئەوەمان بیردەخاتەوە کە نادادپەروەری بەردەوام نییە و تەحەداکە بە سەرکەوتن کۆتایی دێت. ئێمە بە هەموو هێزێکەوە هەوڵدەدەین پشتگیری و گرنگیدانیان پێبدەین بۆ ئەوەی بەسەر ئازارەکانیاندا زاڵبن و بگەرێنەوە ناو ژیانی ئاسایی".
لە 3ـی ئابی 2014ـدا داعش هێرشیكردە سەر قەزای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ)، دەستیگرت بەسەر شارەكە و گوندەكانی دەوروبەریدا، شهش ههزار و 417 ئێزیدی رفاند، لە نێویاندا ژن و منداڵ.
له هێرشهكانی داعش؛ هەزار و 293 ئێزیدی كوژران، 68 مەزارگە خاپوركران و تائێستاش زیاتر لە 80 گۆڕی بەكۆمەڵی ئێزیدییهكان دۆزراونەتەوە.