گۆڕانی ئاووهەوا بە یەكێك لە هۆكارەكان دادەنرێت
نزیكەی چواریەكی منداڵانی سلێمانی بە نەبەكامی لە دایكدەبن

سلێمانی/ ئابی 2024/ منداڵێكی نەبەكام لە بەشی غودەج لە نەخۆشخانەی منداڵبون چاودێری دەكرێت. فۆتۆ: شەدە بەشیر

شەدە بەشیر*

دوای نۆ مانگ چاوەڕوانی لەنجە عەلی (30)ساڵ، بۆ جاری دووەم كۆرپەكەی سكی بە مردویی لە دایكبوو، روداوەكە شۆكێكی گەورەیە بۆ ئەو خێزانەی كە خەونی گەورەیان لە باوەشگرتنی یەكەم منداڵیانە.

"لە ماوەی دووگیانیمدا هەستم بە هیچ نەخۆشییەك نەدەكرد، بەڵام هەندێكجار فشاری خوێنم بەرز دەبۆوە و پلەی گەرمی لەشم بەهەمان شێوە، بەڵام هیچ كات بڕوام نەدەكرد كۆرپەكەم لەناو رەحممدا بمرێت"، لەنجە زیاتر وتی "چی پشكنین و سۆنەرم كردووە، پزیشك ئاگاداری نەكردومەتەوە لەوەی كۆرپەكەم تەندروستی باش نییە، ئێستاش هۆكاری بە مردویی لە دایكبونی كۆرپەكانم نازانم".

لەنجە، حەوت ساڵە هاوسەگیری كردووە و دوجار دوگیان بووە، وەك خۆی دەڵێت هەردوو جارەكە تا لەدایكبونی منداڵەكە لەژێر چاودێری پزیشكیدا بون، بەڵام دواجار بە مردویی لە دایكبون، ئەمە ئەو خاڵەیە كە خێزانەكەی زیاتر توشی دڵەڕاوكێ كردون و دەیانەوێت هۆكارەكەیان بۆ رونبێتەوە.

لە ماڵەكەی لەنجە هێشتا دەیان پارچە پۆشاك و پێداویستی كۆرپەلە هەڵگیراون، لەنجە ناوبەناو دەریاندەهێنێت و بۆنیان دەكات، ئەمە هەم دڵی خۆش دەكات، هەم دڵتەنگی دەكات.

بە مرودیی لە دایكبونی كۆرپەلە و منداڵی نەبەكام، ئەو مەترسییانەن كە ژنانی دووگیان لە پارێزگای سلێمانی لە باكوری عیراق بەدەستییەوە دەناڵێنن. پسپۆڕانی چاودێریكردنی ژنانی دووگیان بە دوری نازانن هۆكارەكان پەیوەست بن بە گۆڕانی ئاو و هەوا و پیسبونی ژینگە.

بەپێی ئامارێكی نەخۆشخانەی منداڵبون لە شاری سلێمانی، لە ماوەی حەوت مانگی ئەمساڵدا 819 منداڵی نەبەكام لە دایكبون، ئەوەش لە كۆی سێ هەزار و 597 منداڵ.

لە نێو نەخۆشخانەی منداڵبونی سلێمانی، ساكار لوقمان (26ساڵ)، لەسەر كورسییەك بەرامبەر لانەی غودەجی كۆرپەلەكەی دانیشتبوو، چاوی لەسەر هەناسەدانەكانی كۆرپەكەی بوو كە كێشی تەنها 900 گرامە.

ساكار ساڵێك و شەش مانگە هاوسەرگیری كردووە، منداڵەكەی بە حەوت مانگی لە 22ی تەمموزی ئەمساڵ لەدایكبوو لە ژوری چاودێریی وردی نەبەكامدا هێڵدرابۆوە.

"هەر كە لەدایكبوو یەكسەر خرایە غودەج، چونكە زۆر بچوك و تەندروستی باش نەبوو"، ساكار خۆی هێشتا پێویستی بە حەوانەوە و گرنگیپێدان و چاودێری پزیشكە، چونكە دوای منداڵبونەكەشی بە بەردەوامی لە ژوری چاودێری چڕ بە دیار شوشەی (غودەج)ی كۆرپەلەكەیەوە دانیشتووە.

"زۆر بێتاقەتم كە منداڵەكەم دەبینم بەو بچوكییە جیهاز و سۆندەی پێوەیە ‌و ناشزانم ئەم دۆخەی تاكەی بەردەوام دەبێت"، ساكار وتی پزیشكەكان پێیانوتووە هۆكاری پێشوەختە لە دایكبونی منداڵەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هەوكردنی هەبووە.

nabakam.mndal
سلێمانی/ ئابی 2024/ منداڵێكی نەبەكام لە بەشی غودەج لە نەخۆشخانەی منداڵبون چاودێری دەكرێت. فۆتۆ: شەدە بەشیر

دكتۆرە پەرێشان جاف، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی ژنان‌ و منداڵبون، پێیوایە گۆڕانی ئاو و هەوا و پیسبونی ژینگە كاریگەری زیاتری لەسەر ژنانی دوگیان هەیە، "بەهۆی ئەوەی زۆر گۆڕانكاریی فسیۆلۆجی لە خانمانی دووگیاندا روودەدات، ئەو كاریگەرییانەش لەحاڵەتی سادە دەستپێدەكات‌ و هەندێك كاتیش حاڵەتی توند دەبێت‌ و پێویست دەكات نەخۆشەكە بخرێتە ژێر چاودێری پزیشكەوە".

"زۆرجار گۆڕانی ئاو و هەوا كاریگەری دەكاتە سەر هەوكردن‌ و بینین، لەگەڵ دابەزینی رێژەی خوێن و كۆئەندانی هەناسەدان‌ و سییەكانی ژنانی دووگیان"، پەرێشان جاف لەبارەی كاریگەرییەكانی بۆ سەر كۆرپەلە لەسكی دایكیدا، وتی "بریتییە لە لەدایكبونی پێشوەختە، كەمی كێشی كۆرپەلە، لەبارچون، ناڕێكی لەگەشەكردنی كۆرپەلە لەناو منداڵدانی دایكیدا یاخود كەموكوڕی لە دروستبونی كۆئەندامانی كۆرپەلە".

لە دایكبونی پێشوەختە، كەمی كێشی كۆرپەلە، لەبارچون، ناڕێكی لەگەشەكردنی كۆرپەلە لە كاریگەرییەكانی ئاوهەوان بۆ سەر كۆرپەلە

بەپێی راپۆرتێكی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەكگرتوەكان كە لە 21ی تشرینی دووەمی 2023 بڵاوكراوەتەوە، تیایدا باس لەوە دەكات كە كاریگەرییەكانی گۆڕانی ئاو و هەوا زیاتر روبەڕوی ژنان دەبێتەوە‌ و زیان بە ژنان دەگەیەنێت.

لە ئەمساڵدا پلەكانی گەرما لە عیراق، گەیشتە رادەی نیوەی كوڵان (50 پلەی سیلیزی)، كە بەپێی وتەی دكتۆرە پەرێشان جاف "كاریگەری بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما دەبێتە ئارەقكردنەوەی زۆر لە ژنانی دووگیاندا، چونكە بڕێكی زۆر ئاوی جەستەی لەدەستدەدات‌ و ئەمەش توشی بێ‌ هێزی ‌و شەكەتی زۆر تا حاڵەتی بورانەوە دەكات".

بەشێك لەو دایكانەی منداڵەكانیان بە نەبەكامی لەدایكبووە، روبەڕوی دڵەڕاوكێ و دۆخێكی بێزاركەر بونەتەوە دوای لەدایكبونی منداڵەكانیان.

دوای چوار ساڵ‌ و هەشت مانگ لە ژیانی هاوسەرگیری، سەردانیكردنی شەش پزیشكی پسپۆڕ، رێناس ئەحمەد (29ساڵ)، پزیشكەكەی مژدەی دووگیانبونی دەداتێ‌.

رێناس لە سەرەتای مانگەكانی قۆناغی دوو گیانیدا زۆر دڵخۆش بوو، بەڵام هەستی بە ماندوێتی و بێ‌ هێزی ‌و لاوازی دەكرد، ئەوەش بێزاری كردبوو، بۆ ئەوەش پێویست بوو مانگانە و هەندێكجار دووهەفتە جارێك سەردانی پزیشكەكەی بكات.

"ئەوەندە هیلاك و ماندوو بوم، دڵخۆشییەكەمم بیر چوبوەوە كە ماوەی چەندساڵێك بوو تامەزرۆی هەواڵی بون بە دایك بووم، بەردەوام سەردانی پزیشك نەخۆشخانەم دەكرد ‌و دڵتەنگ دەبوم، زۆر دەگریام‌و هەستم بەتەنیای دەكرد"، ئەم چیرۆكەی رێناس بۆ  چوار ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە.

لە ماوەی دوو گیانییەكەیدا بەردەوام هەستی كردوە هەناسەدانی باش نییە‌ و هەندێكجاریش بۆی گرنگ نەبووە پرسیار بكات، چونكە پێیوابووە شتێكی ئاساییە.

یەكێك لەو رۆژانەی سەردانی پزیشكەكەیان كرد، دوای پشكنین، پزیشكەكەی ئاگاداریكردنەوە كە پێویستە زیاتر بخرێتە ژێر چاودێرییەوە، چونكە بارودۆخی تەندروستی خۆی و كۆرپەكەی سكی باش نابێت.

‌ئەم هەواڵە رێناس و هاوژینەكەی توشی دڵەڕاوكێ‌ دەكات و خەمی لەدەستدانی ئەو كۆرپەیەی چەند ساڵە چاوەرێی هاتنی دەكەن دایان دەگرێت، "گریانی من و قسەكانی پزیشك و دڵەڕاوكێ‌و شۆكی هاوسەرەكەم دیمەنێك بوو هەرگیز لەیادم ناچێت‌، نەماندەزانی كۆرپەكەمان تەندروست دەبێت یان نا".

دوای چەند رۆژێك پزیشك رێناس ئاگادار دەكاتەوە كە پێویستە نەشتەرگەری بۆ ئەنجام بدات و مانەوەی كۆرپەكە لە سكیدا لەبەرژەوەندی دایك و كۆرپەلەكەشدا نییە. ئەوە بوو لە تەمەنی حەوت مانگی و 18 رۆژی كوڕەكەیان لاندی بە نەشتەرگەریی لەدایكبوو. بەڵام بەهۆی ئەوەی كێشەی هەناسەدانی هەبوو لە ژوری غودەج هێڵدرایەوە.

رێناس مانگێك ‌و 13 رۆژ بە دیار پەنجەرەی ژوری غودەجەوە سەیری شیرخواردن و هەناسەدان و گریانی لاندی كوڕی دەكرد، چونكە ئەوكات بەپێی رێنماییەكانی نەخۆشخانەكە دایكان بۆیان نەبووە لەلای كۆرپەلەكانیان بمێننەوە.

"رۆژانە دووجار رێگەیان دەدام لەنزیكەوە كۆرپەكەم ببینم، زۆر قورس بوو بۆم، بەتایبەت دایك كۆرپەكەی لەو دۆخە ببینێت و بەجێی‌ بهێڵت، بەدرێژای شەو بیرم لای ئەوە بوو بەیانی بچم و بیهێنمەوە ماڵەوە بۆ لای خۆم".

بەدرێژای شەو بیرم لای ئەوە بوو بەیانی بچم و بیهێنمەوە ماڵەوە بۆ لای خۆم

ئەمە نمونەی یەكێك لەو دایكانەیە كە منداڵەكەی بە نەبەكامی لەدایكبووە، دەیان چیرۆكی هاوشێوە مانگانە و ساڵانە لە نەخۆشخانەكاندا دوابرە دەبنەوە، دوای ئەوەی بە نەبەكامی لەدایكدەبن.

رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە حوەزیرانی ئەمساڵ هۆشیارییدا لە كاریگەرییەكانی گۆڕانی ئاو و هەوا لەسەر ژنانی دووگیان‌ و منداڵی تازە لە دایكبوو، جەختیكردەوە لەوەی لێكەوتەكانی مەترسی جدین بۆ سەر ژیانی ژنان لەكاتی دووگیانیدا.

لێكەوتەكان بۆ سەر منداڵان بەپێی رێكخراوەكە دەبێتەهۆی بەرزبونەوەی پەستانی خوێن، هەوكردن، كەمی كێشی كۆرپەلە، لە دایكبونی پێشوەختە، كاریگەری لەسەر گەشەكردنی مێشك ‌و سییەكانی منداڵ ‌و ئەگەری توشبوون بە نەخۆشیەكانی هەناسەدان.

رێكخراوەكە دەڵێت دەركەوتووە كە لەكاتی بەرزبونەوەی پلەی گەرما مەترسی بۆ لەدایكبونی پێشوەختە و مردنی كۆرپەلە دروستدەبێت، هەتا پلەی گەرمی بەرزتربێت مەترسییەكانی زۆرتر دەبن.

بۆ هەندێك لە خێزانەكان سەرەڕای ئەو نەهامەتییەی دەیچێژن، بەڵام گەورەبونی منداڵەكانیان ئازاری پێشویان لەبیردەباتەوە، وەك رێناس دەڵێت "ئێستا لاندی كوڕم چوار ساڵانە و چالاك و  زۆر جوڵە و قسە خۆشە"، رێناس دەستەكانی لاندی دەسڕی و سەری لاندی لە نێوانی هەردوو دەستیدا  گیركردو وتی "بۆ ئەم خەپەیە چیم بەسەر نەهات، ئێستا كە ئاوا دەیبینم هەرچی خەمم بۆ خوارد لەبیرم دەچێتەوە".

پەریشان جاف، رێنمایی ژنانی دوگیان دەكات لەكاتی بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما و لەپێناو تەندروستی خۆیان و كۆرپەكانیان،  كەمترین دەرچونیان هەبێت‌ و زۆرترین شلەمەنی بخۆنەوە، ئەوەش بۆ قەرەبوكردنەوەی ئەو شلەمەنیانەی لەدەستی دەدەن... "پێویستە دژەخۆر بەكاربهێنن ‌و سەیوان هەڵبدەن، بۆ ئەوەی كاریگەری پلەكانی گەرما كەم بكرێتەوە".

*ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی فراوانكردنی رۆڵی رۆژنامەنوسانی ژن لە روماڵكردنی ژینگەییدا بەرهەمهێنراوە، پڕۆگرامەكە لەلایەن دامەزراوەی (كەركوك ناو)ـەوە جێبەجێ دەكرێت و وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ پاڵپشتی دارایی دەكات.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT