هەردوو ژنە رۆژنامەنوس هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا كە لە كۆمپانیای چەتر پڕۆدەكشن بۆ كاری راگەیاندن كاریان دەكرد، گیانیانلەدەستدا دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەكەیان لەڕێی بۆردومانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە لە پارێزگای سلێمانی كرایە ئامانج.
روداوەكە كاتژمێر 11ی هەینی 23ی ئاب لە نزیك قەزای سەیدسادق رویدا، لەوكاتەی تیمێكی كۆمپانیای چەتر لەڕێی دوو ئۆتۆمبێلەوە بەڕێوە بون بۆ كارێكی بەرهەمهێنان، یەكێك لە ئۆتۆمبێلەكان كرایە ئامانج كە هێرۆ، گوڵستان و لێپرسراوی بەشی سۆسیال میدیای كۆمپانیای چەتریان لەگەڵدا بوو بەناوی رێبین بەكر (30ساڵ).
هێرۆ بەهادین شەش ساڵە لە دەزگای ستێرك تیڤی و كۆمپانیای چەتر كاردەكات، ئەو خەڵكی ناوچەی سەنگاوە لە پارێزگای سلێمانی و بڕوانامەی ئەندازیاریی مەدەنی هەیە، بەڵام گوڵستان كە سێ ساڵە لە كۆمپانیای چەتر دەستبەكاربووە، خەڵكی باكوری كوردستان (توركیا)یە، هەردوكیان هەر ئەوكات گیانیانلەدەستدا، بەڵام رێبین بەكر گەیەنرایە نەخۆشخانە و باری تەندروستی جێگیرترە.
هێشتا دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان بەڕەسمی پشتڕاستی ئەوەیان نەكردۆتەوە كە حكومەتی توركیا بە ئەنجامدانی كارەكە هەستابێت، بەڵام ژمارەیەك دەزگای راگەیاندن جەختدەكەنەوە لەوەی "فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی توركی بووە".
رەزا حەسەن، بەڕێوەبەری كۆمپانیای چەتر، كە هاوكات خاوەندارێتی كۆمپانیای كەناڵی ئاسمانی ستێرك دەكات، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەواندا وتی "كوژراو و بریندارەكان رۆژنامەنوسن و هیچ پەیوەندییەكیان بە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)وە نییە، ئەم سێ كەسە بۆ كاری راگەیاندن چون، دەستێكی ناوخۆیی و جاسوسی بەم كارە هەستاوە".
ئەو وتەیەی دوای ئەوە هات دژە تیرۆری پارتی دیموكراتی كوردستان هەرزوو لە راگەیەنراوێكی رۆژنامەوانیدا جەختیكردەوە "لێپرسراوێكی پەكەكە و دوو چەكداری تری ئەو رێكخراوە كراونەتە ئامانج".
كاروان ئەنوەر، لێپرسراوی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، لەبەردەم پزیشكی دادوەری لەكاتی وەرگرتنەوەی تەرمی ئەو دوو ژنە رۆژنامەنوسە، وتی "ئەم روداوە دەگەیەنینە هەموو رێكخراوە جیهانییەكانی بەرگریكردن لە مافی رۆژنامەنوسان، ئەمەی روداوە مەترسیدارە، رۆژنامەنوسانیش بە هیچ شیوەیەك پارێزراو نین".
كۆمپانیای چەتر كاری وەبەرهێنانی فیلم، دۆكیۆمێنتاری و بەرنامەی تەلەفیزیۆنی دەكات و گرێبەستی لەگەڵ ژمارەیەك كەناڵی راگەیاندن و تەلەفیزیۆندا هەیە لەوانەش خاوەندارێتی كەناڵی ئاسمانی ستێرك تیڤی دەكات.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت، لە راگەیەنراوێكدا وتی "قوربانییەکانی هێرشە درۆنییەکەی نزیک قەزای سەیدسادق، دوو رۆژنامەوانی ژن بوون، نەک ئەندامی هێزێکی چەکدار تا مەترسی بن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری هیچ وڵات و ناوچەیەک"، زیاتر وتی "کوشتنی ئەم دوو رۆژنامەوانە تاوانێکی پاساوهەڵنەگرە و دژی هەموو جۆرە یاسا و نەریتێکی نێودەوڵەتییە و بە توندی ئیدانەی دەکەین. جگە لەوەش پێشێلکردنێکی زەقی سەروەری خاکی عیراقە".
تاڵەبانی جارێکیتر داوای لە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی كرد سنورێک بۆ ئەم پێشێلکارییانە دابنێن کە بوونەتە هەڕەشەیەکی جدی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان، بەبێ ئەوەی ناوی هیچ دەوڵەتێك بهێنێت.
لەكاتی روداوەكە سەرچاوەیەك كە خۆی لە كۆمپانیاكە كاردەكات، بە (كەركوك ناو)ی وت "دوو ئۆتۆمبێلی كۆمپانیاكە دوابەدوای یەك كە ستافی كۆمپانیاكەی تێدابووە، لە نزیك سەیدسادق كراونەتە ئامانج، ئەوەش لەڕێی بۆردومانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە، یەكێك لە ئۆتۆمبێلەكان بە تەواوی تێكشكاوە و سوتاوە، بەهۆیەوە دوو كارمەندمان هەر لەوێ شەهید بون".
جەختیشیكردەوە "ئۆتۆمبێلەكەی تر تەنیا پریشكی روداوەكەی بەركەوتووە و كارمەندە بریندارەكانی بۆ نەخۆشخانە گواستۆتەوە".
كۆمپانیای چەتر، كۆمپانیایەكی مۆڵەتپێدراوە بۆ كاركردن لە هەرێمی كوردستان، زیاتر لە گەڵ ئەو میدیایانەدا كاردەكات كە بە نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ناودەبرێن.
تەرمی هێرۆ بەهادین هەر دوێنێ لە سلێمانی بەخاكسپێردرا، بەڵام هێشتا رون نییە گوڵستان كەی و لە كوێ دەنێژرێت.