داواكاری سونەیە و كەمینە پێی قایل نین
پرۆژەی هەمواری یاسای لـێبـوردن ناڕەزایی لێدەكەوێتەوە

فۆتۆ: Christian GAFENESCH لە ماڵپەڕی Unsplash وەرگیراوە

عەمار عەزیز – كەركوك ناو

پرۆژەی هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی، ناڕەزایی ئێزیدی و كەمینەكانی دیكەی دەشتی نەینەوای لێدەكەوێتەوە، كە هەوڵێكی "سونەیە" و پێشتر لە كارنامەی حكومەتی عیراقیدا جێگیریان كردووە.

ئەو پرۆژەیاسایە، كە ساڵێكە لە پەرلەمانی عیراقە و ئامانج لێی زیادكردنی بڕگەیەكی تایبەتە بە پێناسە و رونكردنەوەی "ئەندامێتی لە رێكخراوی تیرۆریستی" بۆ یاسای لێبوردنی گشتی ژمارە 27ـی ساڵی 2016، بەڵام هێشتا لە گفتوگۆدایە و پەسەند نەكراوە.

"هەموو دونیا دەزانێت چەكدارانی داعش چەند تاوانی گەورەكەیان بەرانبەر هاوڵاتیان و پێكهاتەكانی دەشتی نەینەوا ئەنجامدا، بۆیە هەموو پێكهاتەكان بە هەمواری یاسای لێبوردن توڕە و ناڕازین، كە ترسیان هەیە ببێتە دەروازەیەك بۆ ئازادكردنی ئەوانەی بە تاوانی تیرۆر و كۆمەڵكوژی تۆمەتبارن" بەوتەی جەلال ئەلیاس، چالاكوانی مافەكانی مرۆڤ لە باشیك بۆ (كەركوك ناو)، ناوبراو لە نزیكەوە ئاگاداری دۆسیەی پێكهاتەكانی دەشتی نەینەوایە.

پێشیوایە پرۆژەی هەمواری یاساكە "زۆردارییە دژی پێكهاتەكان.. ناكرێت ئەوانەی تاوانیان بەرانبەر بە خەڵك كردووە ئازادبكرێن، بۆیە داواكارین پرۆژەكە رەتبكرێتەوە و هەموو ئەوانەی تێوەگلاون لە كاری تیرۆر و هاوكاریكردنیان سزا بدرێن".

لە دەشتی نەینەوا پێكهاتە ئایینیی و نەتەوەییەكانی ئێزیدی، كریستیان، شەبەك، ئەرمەن، كورد و عەرەب هەن كە هەزاران كەسیان بەهۆی هێرشەكانی ساڵی 2014 چەكدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە داعش" بۆ نەینەوا روبەڕوی كوشتن، رفاندن، ئاوارەیی و كۆچ بونەوە.

هەموو پێكهاتەكان بە هەمواری یاسای لێبوردن توڕە و ناڕازین

ناجی هورمز، موختاری ناوچەی تلسقۆف سەر بە ناحیەی ئەلقوش (دەشتی نەینەوا) وتی "هەمواری یاسای لێبوردن رەتدەكەینەوە، چونكە ئەوانەی تیرۆریست بون و ئەوانەشی هاوكاریان بون هیچ جیاوازییەك نییە، دەبوو هەمویان بە توندی سزابدرێن نەك بەهۆی دەستكاریكردنی یاساوە ئازادبكرێن"، ئەو زیانلێكەوتوی شەڕی داعشە و دەڵێت "ئێمەش وەكو كریستیان زیانی زۆرمان بەركەوت، خانوەكانمان روخێنران، ئاوارە بوین و روبەڕوی دەیان نەهامەتی دیكە بوینەوە".

بەپێی راگەیەندراوێكی پەرلەمانی عیراق، لە 4ـی ئاب خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژەی هەمواری یاسای لێبوردن كراوە، كە تەنیا بریتییە لە زیادكردنی رونكردنەوەیەك بۆ بڕگەی دوو لە ماددەی چواری یاساكە و تیایدا هاتووە؛ "مەبەست لە تاوانی ئەندامێتی لە رێكخستنە تیرۆریستییەكان هەر كەسێكە كە كار لە رێكخستنە تیرۆریستییەكاندا دەكات یان خەڵكی بۆ چەكدار كردوون یاخود كردەوەی تاوانكاری ئەنجامداوە یان بە شێوەیەك لە شێوەكان هاوكار بووە بۆ جێبەجێكردنی كردەوەی تیرۆریستی یان ناوی لە تۆماری رێكخستنە تیرۆریستییەكاندا هەیە".

ماددەی چواری یاسای لێبوردن، تایبەتە بەوانەی بەر لێبوردن ناكەون و لە بڕگەی دووەمی كە هەوڵدەدرێت هەمواربكرێتەوە، باس لەوەدەكات "تاوانی تیرۆریستی كە كوشتن و یان كەمئەندامی هەمیشەیی لێبكەوێتەوە، تاوانی تێكدانی دامودەزگاكانی دەوڵەت و شەڕكردن دژی هێزە چەكدارەكانی عیراق و هەر تاوانێكی تیرۆریستی رۆڵی لە ئەنجامدانیدا هەبوبێت بە هاوكاری یان هاندان یاخود رێككەوتن" ئەوا لێبوردن نایگرێتەوە.

parlaman
بەغدا/ 4ـی ئابی 2024/ دانیشتنی پەرلەمانی عیراق كە تیایدا خوێندنەوەی یەكەم بۆ هەمواری یاسای لێبوردن كرا فۆتۆ: راگەیاندنی سەرۆكایەتی پەرلەمان

دارا سێكانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عیراق بە (كەركوك ناو)ـی وت "پرۆژەیاسای هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی لە حكومەتەوە هاتۆتە پەرلەمان، پێشتر لە كارنامەی سەرۆك وەزیرانی عیراقدا هەبووە، ئەمە هەمواری دووەمە بۆ یاسای لێبوردن و جۆرێك لە داواكاری سونەكانە بۆ هەمواركردنەوەی یاسایەكە".

ئەنجومەنی وەزیران لە تەموزی 2023ـدا بڕیاریداوە بە ئامادەكردن و ناردنی پرۆژەی هەموارەكە بۆ پەرلەمان.

سەركردە سیاسییەكانی سونە وەك (كەركوك ناو) بەدواداچونی بۆ كردووە، لە نێویاندا محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پێشوی پەرلەمان و سەرۆكی هاوپەیمانی تەقەدوم لەگەڵ خەمیس خەنجەر، سەرۆكی حزبی سیادە زیاتر لە جارێك جەختیانكردۆتەوە لە دەستكاریكردنی یاسای لێبوردن وەك پێشتر لە چوارچێوەی پێكهێنانی حكومەت و كارنامەكەیدا لەسەری رێككەوتوون، بە ئامانجی "ئازاكردنی ئەوانەی بێتاوان و بەهۆی هەواڵپێدەری نهێنی دەستگیركراون و لەژێر ئەشكەنجەدا دانپێدانانی بە زۆریان لێوەرگیراوە".

بەپێی كارنامەی حكومەتی عیراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، كە بە هاوپەیمانی لایەنەكانی عەرەبی شیعە و سونە و كورد پێكهاتووە، لە خاڵێكیدا جەختكراوە لە پێداچونەوە بە یاسای لێبوردنی گشتی بۆ پێناسە و رونكردنەوەی "ئەندامێتی لە رێكخستنە تیرۆریستییەكاندا"، دەقی ئەو پێشنیازەشی تێدایە تێدایە كە ئێستا وەكو پرۆژەی هەمواری رەوانەی پەرلەمان كراوە.

ناكرێت سەدان كەس كە تاوانبارن بەهۆی هەمواری یاساكەوە ئازاد بكرێن

شەریف سلێمان، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە پێكهاتەی ئێزیدی بە (كەركوك ناو)ـی وت "بەهیچ شێوەیەك رازی نابین یاسای لێبورینی گشتی هەمواربكرێتەوە، لە ناوخۆ و دەرەوەی عیراق هەوڵی فشار دەدەین، ئێمەش لەگەڵ ئەوەداین ئەوانەی بێتاوانن ئازاد بكرێن، بەڵام ناكرێت سەدان كەسی تریش كە تاوانبارن بەوهۆیەوە ئازاد بكرێن".

پرۆژەی هەمواری یاسای لێبوردن پێویستی بە خوێندنەوەی دوەم و دواتر پرۆسەی دەنگدانی پەرلەمانتاران هەیە تا بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئەندامەكەی لیژنەی یاسایی رونیكردەوە كە یاسای لێبوردن بۆ كەسانێكە لە ماددەی هۆشبەر و كوشتنی بە كۆمەڵ و كاری تیرۆر تێوەنەگلاون یان بەشدار و هاوكار نەبوون، "كەسانێك هەن و ژمارەیان زۆرە كە بە گومان (الاشتباه) دەستگیركراون"، سێكانیانی دەڵێت هێشتا ناتوانن دیاریبكەن ئەو دەستكارییەی یاساكە كێ دەگرێتەوە و بەر لێبوردن دەكەوێت، "ئەوە دەكەوێتە سەر خوێندنەوەی كۆتایی و پەسەندكردنی هەموارەكە".

عیراق لە دوای 2003ـەوە سێ یاسای لێبوردنی گشتی دەركردووە، یەكێكیان لە 2002، ئەویتر لە 2008 و كۆتاجار لە 2016ـدا بووە، كە یەكجار هەمواركراوەتەوە و ئێستا هەمواری دووەمی لە پەرلەمانی عیراقە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT