محەمەد عەبدوڵا جبوری، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، رەخنە لە هەندێك كوتلەی ناو ئەنجومەنی پارێزگا دەگرێت و تۆمەتباریان دەكات بە هەوڵدان بۆ پەكخستنی كارەكانی ئەنجومەن و بەربەست دروستكردن بۆ كارەكانی پارێزگار، لەكاتێكدا "هەندێك پڕۆژەی گرنگی بۆ پارێزگاكە هێناوە".
ئەو وتانەی جبوری لە چاوپێكەوتنێكیدا تایبەتدا دێت لەگەڵ (كەركوك ناو)، دوابەدوای شكستهێنانی ئەنجومەن لە ئەنجامدانی كۆبونەوەی ئاسایی خۆی و بۆ دوەمجار لەسەر یەك نەیتوانی نیسابیی یاسایی بۆ كۆبونەوە تەواوبكات، لە كۆی 29 ئەندام تەنیا 14 ئەندام ئامادەبون.
لە دوای شكستهێنانی ئەو دانیشتە لە 26ی ئاب، جبوری لە نوسینگەكەی خۆی قسەی بۆ (كەركوك ناو) كرد و وتی "هەر ئەندامێك چوار دانیشتنی لەسەریەك ئامادەنەبێت فەسڵدەكرێت"، هەروەها چەند بەربەستێكی تری باسكرد لەبەردەم كاری ئەنجومەن، لەوانە دواكەوتنی پڕۆژەی بودجەی 2024و تەواونەبونی كاری پێنج لیژنەی ئەنجومەن و ناچالاكی هەندێك لە سەرۆك و ئەندامانی لیژنەكان، بەو هۆیەوە وتی "بۆ ئەوەی خەڵك بزانێت كی كاریكردووە و كێ كاری نەكردووە بەمزووانە هەڵسەنگاندێك لە راگەیاندنەكان بڵاودەكەینەوە".
كەركوك ناو: دوو مانگ لەمەوبەر ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا دەنگیدا لەسەر پڕكردنەوەی 20 پۆستی سەرۆكی یەك ئیدارییەكان، ئەو پرسە كێشەی دروستكردووە و دەمانەوێت بزانین بەكوێ گەیشتووە؟ چونكە بەهۆی ناكۆكییەوە لەوكاتەوە نەتانتوانیوە نیسابی یاسایی بۆ كۆبونەوەكان بەدەستبهێنن.
محەمەد عەبدوڵا جبوری: بەپێی یاسای پارێزگاکان ژمارە 21ی ساڵی 2008 و بەپێی دواین بڕیار و رێكارەكان، دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی قەزا و ناحییەكان گواستراوەتەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان، لەو چوارچێوەیەدا و پاڵپشت بە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەن و یاسا، پۆستی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان، ئەوانەی بەتاڵن و ئەوانەشی لەكاردان، ماوەی یاسایی مانەوەیان لە پۆستەكاندا تێپەڕبووە و كۆتایی هاتووە، بۆیە كاری ئەنجومەنی پارێزگایە بیانگۆڕێت و كەسانی نوێ هەڵبژێڕێت. لەو چوارچێوەیەشدا هەڵبژاردن بۆ 20 پۆستی سەرۆكی یەكەی ئیداریی لە نەینەوا ئەنجامدرا، بەداخەوە تائێستا فەرمانی دەستبەكاربونیان بۆ دەرنەكراوە. لەكاتێكدا هەر بەپێی یاساكە پارێزگار بۆی هەیە تانە لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی پارێزگا بدات، ئەگەر پێچەوانەی دەستور و یاسا بەركارەكان بوو، یان لە تایبەتمەندی و پسپۆڕی ئەنجومەندا نەبوو، یاخود پێچەوانەی پلانی گشتی حكومەتی فیدراڵی یان بودجە بێت. ئەوا پارێزگار لە ماوەی 15 رۆژدا بڕیارەكە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگا.
بەڵام ئەگەر ئەنجومەن سوربوو لەسەر بڕیارەكەی ئەوا پارێزگار دەتوانێت روبكاتە دادگای فیدراڵی و سكاڵا تۆماربكات.
بەدڵنیاییەوە ئەنجومەن تائێستا سورە لەسەر بڕیارەكەی، بۆیە تۆپەكە ئێستا لە گۆڕەپانی دادگای فیدراڵییە و ئێمەش رێز لە هەموو بڕیارەكانی دادگا دەگرین و دەبێت پێوەی پابەندبین و مەرجە جێبەجێی بكەین. ئێستا چاوەڕێی ئەوەین.
كەركوك ناو: هەر بەهۆی ئەو كێشەیەوە، زیاتر لە سێیەكی ئەندامانی ئەنجومەن بایكۆتی دانیشتنەكانیان كردووە، ئەوە چ كاریگەرییەكی دەبێت لەسەر كاری ئەنجومەن؟ لێكەوتەكانی چی دەبن؟
محەمەد عەبدوڵا جبوری: لە پەیڕەوی ناوخۆ شتێک نییە بەناوی بایکۆتی ئەنجومەن یاخود بایکۆتی سیاسی، بەڵکو ئێستا ئەنجومەنی پارێزگا پێویستە بە دوو یاسای سەرەکی پابەند بێت، یاسای ژمارە 21 و یاسای سزاکان، هەروەها پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەن.
بایکۆتی سیاسی نییە بۆ ئەنجومەن، هەر کەسێک لە دانیشتنی ئەنجومەن دوای تەواوبونی نیساب ئامادەنەبێت بە ئامادەنەبوو هەژمار دەکرێت، بۆ ئەوەی رای گشتی بزانێت کێ نەهاتووە بۆ دانیشتنەکان. هەر ئەندامێکی ئەنجومەن چوار دانیشتنی لەسەر یەک ئامادە نەبێت فەسڵدەکرێت.
كەركوك ناو: لە ئێستادا ئەولەویەتەكانی كارەكانتان لە ئەنجومەن چییە؟
محەمەد عەبدوڵا جبوری: ئەنجومەن چەندین ئەرکی دیاریکراوی هەیە، بەڵام کرۆکی کاری ئەنجومەن چاودێریکردن و دەرکردنی بڕیار و داڕشتنی سیاسەتە گشتییەکانی ئەنجومەنی پارێزگایە. بەدڵنیاییەوە پرسی ئاسایش و سەقامگیری لە ئەولەویاتی کاری ئەنجومەنە، جگەلەوەش پرسی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاوڵاتیانمان. ئێستا چەندنی پڕۆژەی گەورە هەیە و عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا، هەموو هەوڵێکی خستوەتەگەڕ پەیوەندی باشی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و پارێزگا نزیکەکانی نەینەوا-دا هەیە، توانیویەتی پڕۆژەی گەورە بهێنێتە پارێزگا، بەڵام هەندێك کوتلەی ناو ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا هەوڵی پەکخستنیان دەدەن، ئەم کوتلانە بەرژەوەندی نەینەوایان ناوێت، ئەگەر بەرژەوەندییان بویستایە ئامادەی کۆبونەوەی لیژنەکان و گفتوگۆکان دەبون.
بەشێك لە سەرۆک یاخود ئەندام لیژنەکان تا ئێستا یەک راپۆرتیان پێشکەش نەکردووە، لەگەڵئەوەشدا هەندێك لیژنە کاردەکات، هەڵسەنگاندێکمان کردووە و بەمزووانە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا بۆ خەڵکی ئاشکرا دەکەین.
كەركوك ناو: هەڵسەنگاندنەكە چییە و بۆچییە؟
محەمەد عەبدوڵا جبوری: هەڵسەنگاندنەكە بۆ ئەوەیە خەڵك بزانێت کێ کاردەکات و چی دەكات و کێ کار ناکات.
كەركوك ناو: بەپێی یاسا گفتوگۆ و پەسەندكردنی بودجەی پارێزگاكان یەكێكە لە ئەركە سەرەكییەكانی ئەنجومەن، ئێوە لە نەینەوا هیچ هەنگاوێكتان بۆ ناوە؟
محەمەد عەبدوڵا جبوری: ئەنجومەن 17 ئەرکی سەرەکی هەیە یەکێکیان پەسەندکردنی بودجەی پارێزگایە کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بەپێی رێژەی دانیشتووان دەنێردرێت.
ئێمە چاوەڕێی ناردنی بودجەی 2024ین لەلایەن ئیدارەی پارێزگاوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگا، چونکە زۆر دواکەوتووە، دوای گەیشتنی پلانی بودجە دەخرێتەڕوو بۆ رای گشتی لە پارێزگای نەینەوا و بەشداری بە رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و هاوڵاتیان دەکرێت لە دیراسەکردنی پلانەکە.
بەهۆی نەبونی ئەنجومەنی قەزا و ناحییەکان، ئەمڕۆ هاوڵاتیان، ریکخراوەکان و میدیا بەشدار دەبن لەگەڵماندا، بەتایبەت لە پرۆسەی بودجە.
قۆناغی دواتر ئەوەیە خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ پڕۆژەی بودجە بكرێت و دواتر دەنگی زۆرینە بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی دەستبکرێت بەخستنەڕوی پڕۆژەکان.
كەركوك ناو: لەگەڵ حكومەتی خۆجێی قسەتان كردووە بۆ ئەوەی پەلەبكات لە ناردنی پڕۆژەی بودجە بۆ ئەنجومەن، چونكە بودجە بنەمای دەستپێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانە؟
محەمەد عەبدوڵا جبوری: بەدڵنیاییەوە ئەرکی لایەنی جێبەجێکاری پارێزگاکەیە داوا لە وەزارەتی پلاندانان بکات پەلە لە ناردنی بودجە بکات، ئێمەش چاوەڕێی پارێزگارین پلانەکەمان بۆ بنێرێت، بێگومان نوێنەرایەتی پارێزگای نەینەوا لە پەرلەمانی عیراقیش بە دواداچون بۆ ئەو بابەتە دەکەن و لەکاتی پەسەندکردنی بودجەكەدا لە ئەنجومەنی نوێنەران، خشتەکان دەنێردرێن بۆ پارێزگای نەینەوا و پاشان ئەنجومەنی پارێزگا بۆ پەسەندکردن.
كەركوك ناو: ئەنجومەن كاری چاودێریكردنی كاروبارەكانی حكومەتە، چەند ئەندامێكی ئەنجومەن دەڵێن "كاری پڕۆژەكان بە سیستی بەڕێوەدەچن"، چی دەكەن بۆ باشتركردنی كاری چاودێری؟
محەمەد عەبدوڵا جبوری: چالاكبونی رۆڵی چاودێری ئەنجومەن پەیوەستە بە رێكخراوەیی دانیشتنەكانی ئەنجومەنەوە، بەو پێیەی ئەنجومەنی پارێزگا چاودێرە بەسەر دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە پارێزگارەوە تاوەكو بچوكترین فەرمانبەری پارێزگاكە، ئەویش لەڕێی لیژنە تایبەتمەند و هەمیشەییەكانییەوە كە 20 لیژنەن و دەتوانن چاودێری هەموو چالاكییەك و دامەزراوە و كۆمپانیایەكی پارێزگاكە بكەن، ئەوەش ئەركێكی گەورەیە لەسەر شانیان، دەبێت میوانداریی بەڕێوەبەری فەرمانگەكان بكەن، راپۆرت بۆ ئەنجومەنی پارێزگا بەرزبكەنەوە تاوەكو گفتوگۆی لەسەر بكرێت، بەڵام بەداخەوە ئێستا بەر لە هەرشتێك پێویستمان بە پڕكردنەوەی ئەندامانی لیژنەكان هەیە، چونكە پێنج لیژنەی گرنگ هێشتا تەواونەكراون و دانیشتنەكانی ئەنجومەن رێكخراو نین، لەكاتێكدا ئەگەر دانیشتنەكانی ئەنجومەن بە رێكخراوەیی بەڕێوەبچێت، ئەوكات دەتوانین ئەوە بەدەستبهێنین كە كارەكەمان ببێتە چاودێرییەكی پیشەییانەی تەواو.
كەركوك ناو: ئەگەر ئەم قەیرانەی ناو ئەنجومەن هەر بەردەوامبێت، چارەسەر چییە؟
محەمەد عەبدوڵا جبوری: ئەم پرسە ناكرێت هەروا بەردەوامبێت، لەبەرئەوەی ئەنجومەنی پارێزگا لەژێر چاودێری چەندین لایەندایە وەكو نەزاهە، چاودێری دارایی و دەسەڵاتی دادوەریی، هەروەها پەرلەمان و پارێزگار و لە هەموو ئەوانەش گرنگتر چاودێری خەڵك، پێویستە لە شەقامەوە چاودێری بەسەر ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاوە هەبێت تاوەكو دانیشتنەكانی ئەنجومەن رێكدەخرێتەوە، ئەگەر ئەنجومەن دانیشتنی نەبێت و بڕیارنەدان و یاسا بۆ ناوخۆ دەرنەكات، كەواتە ئەنجومەن رۆڵ و كاری چاودێریی نابێت.