داودییەکان، سحری هونەری کەرکوکیان لە خۆیاندا شاردۆتەوە

نورەدین داودە، برای هونەرمەندی میللی سەڵاح داودە. فۆتۆ: كەركوك ناو

رێباز حەسەن

"پشتاوپشت دەهۆڵ زوڕنامان بۆ هەموو پێکهاتەکانی کەرکوک ژەنیوە، لە هونەر و زەوقی هونەریدا جیاوازی نەتەوەیی نییە، هەمووان بە دەهۆڵ و زوڕناكەی ئێمە شاددەبن و پێدەكەن، هەر ئەوەشە وادەكات جیاوازییەكانیان بیربچێتەوە"، ئەمە بەلای نورەدین داودە، نهێنی مانەوەی دەنگ و ناوبانگی داودییەكانە لە كەركوك.

نورەدین داودە، برای هونەرمەندی میللی بەناوبانگی كورد سڵاح داودەیە، كە چەندین دەیە خزمەتی هونەری فۆلكلۆری كوردی كرد لە كەركوك و ئێستاش نەوەكانی لەسەر هەمان رێچكەی خۆی خزمەت دەكەن.

هەرکاتێک بە گەڕەکی شۆڕیجەی کەرکوکدا تێدەپەڕیت ئەستەمە کۆمەڵێک پیاوی رەشتاڵەی کەوا لەبەر نەبینیت، دەهۆڵیان بە شانیاندا هەڵواسیوە و زوڕناکانیان لەبەر پشتێنی کەوای جلە کوردییەکەیان داناوە. ئەوان بنەماڵەی هونەریین كە بە داودەكان ناسراون.

هۆزی داودە یەکێکە لە هۆزە کۆنەکانی كورد، رەگ و ریشەیەكی قوڵیان لە ناوچەی گەرمیاندا هەیە، بە تایبەت لە شاری کەرکوك.

Dawdiakan
لەسەر شەقامی سەرەكی گەڕەكی شۆریجە، داودییەكان دەهۆڵەكەیان داناوە و چاوەرێی ئاهەنگگێڕەكان دەكەن. فۆتۆ: كەركوك ناو

بەگوێرەی هەندێك سەرچاوەی مێژویی، هۆزی داودە، لە بیستەكانی سەدەی رابردوو نزیكەی چوار هەزار خێزان بون، بەسەر کەرکوک، داقوق، خانەقین وکفری و کەلار-دا دابەشبون. ئەم هۆزە وێرای دەستڕەنگینیان لە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، بەهەرمەندن-یشن لە بواری هونەریی و دەنگبێژی و مەقام، لەگەڵ ژەنینی ئامێرە هەواییەکانی میوزیکی تایبەت بە ناوچەکە.

ئامێرەكانی دەهۆڵ، زوڕنا، شمشاڵ، باڵەبان و دووزەلە، بەشێكن لە ژیانی ئەواندا و دەیان كەسایەتییان لەو بوارە پێگەیشتووە.

سەڵاح داودە، جگە لە تواناكەی لە بواری گۆرانی فۆلكلۆری، باڵەبان، زوڕنا و شمشاڵ ژەنێکی کارامە بوو، سەردەمانێک کاسێتەکانی بە تەواوی شارەکانی کوردستاندا بڵاو دەبونەوە.

گۆرانییەكانی ئامۆزا گیان، حەبێ خان و خانزادە خان-ی سڵاح داودە وێردی سەر زمانی هەموو کەسێک بوو.

Abas Dawda
عەباس سەڵاح داودە، كوڕی گەورەی سەڵاح داودە. فۆتۆ: كەركوك ناو

داودە لە ئایاری 2009 كۆچیی دواییكرد، دوای ئەو براو نەوەكانی لەسەر هەمان رێچكەی باوك و بنەماڵەكەیان بەردەوامن.

"من پەنجا ساڵ پێش ئیستا لە وەستای خۆم، هونەری دەهۆڵ و زوڕنا فێربوم، لەو کاتەوە بەردەوام لە بواری هونەری دەهۆڵ و زوڕنا-دا کار دەکەم، هەرچەندە ئێستا زەوقی هونەریم وەک جاران نەماوە، بەڵام بەردەوامم"، نورەدین داودە زیاتر وتی "ئێستا خەڵك بۆ ئاهەنگەكانیان ئامێری تەكنەلۆژی بەكاردەهێنن، وەك دی جەی، بەڵام هێشتا هەندێك هەن كە حەز بە ئامێرە هەواییەكان دەكەن و بە هونەرەكەی ئێمە دڵخۆش دەبن".

عەباس سەڵاح داودە، كوڕە گەورەی سەڵاح داودە، دەڵێت "وەك هۆزی داودە زۆربەمان هونەرمەندین لە بواری گۆرانی میللی-دا، بەڵام هونەری سەرەکی ئێمە دەهۆڵ و زوڕنایە".

عەباس و براكانی درێژە بە هونەرەكەی باوكیان دەدەن، "من و هەموو براکانم کاری هونەری دەکەین، زۆر دڵنیام لەوەی نەوەی دوای ئێمەش هەمان کار دەکات، چونکە هەموو کەس و هۆزێک شارەزاییەكی تایبەت بەخۆی هەیە، دەهۆڵ و زوڕناش هونەری ئێمەیە و درێژەی پێدەدەین".

klaw
کڵاوی شێوازی داودەیی، جۆرە کڵاوێکی تایبەتە لەگەڵ جلی کوردی لەسەر دەكرێت. فۆتۆ: كەركوك ناو

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی هۆزی داودە، شێوازی جلوبەرگەكەیانە، داودییەكان جلێكی فۆلكلۆری كوردی تایبەت بە داودییەكان دەپۆشن، كە لە كەوا، سەڵتە و كڵاوێك پێكدێت، ئەو جلوبەرگە جییان دەكاتەوە لە هۆز و عەشیرەتەكانی ناوچەكە.

سوبحی داودە، یەكێكی تر لە براكانی سەڵاح داودە، وتی "ئەو جلەی ئێمە لەبەری دەکەین پێی دەڵێن کەوا، تایبەتە بە ناوچەی داودە، جلەکانمان پێكدێت لە کەوا کە درێژایی باڵای مرۆڤ دادەپۆشێت، لەبن کەوا عادەتەن کراس و شەرواڵی سپی لەبەر دەکەین، هەروەها کڵاوێکی تایبەت بە خۆمان هەیە کە ئێستا بە تایبەت لە ناوچەی دوزخورماتوو  و کفری دروستدەکرێت و شێوازی چنینێکی تایبەتی داودەیە". 

"ئەو جلوبەرگە ناسنامەی هۆزەكەمانە و لەبەركردنی لەپاڵ پاراستنی هونەرەكەمان ئاسودەمان دەكات"، سوبحی وا یوت. 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT