ئەو تەنە نامۆیەی كە ئەمڕۆ لە كەركوك بەگڕگرتویی كەوتەخوارەوە، فڕۆكەی بێفڕۆكەوان (درۆن) بووە و بە توركی و ئینگلیزی لەسەری نوسراوە "مەوادی تیشكدەرەوەی هەڵگرتووە".
كاتژمێر 11ی پیشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی ئاب، ئەو تەنە نامۆیە لە ئاسمانی كەركوكدا دەركەوت و لە كۆڵانێكی لە گەڕەكی تسعین (پشت بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی كەركوك) كەوتە خوارەوە.
پەیامنێری (كەركوك ناو)، چووە شوێنی كەوتنە خوارەوەی درۆنەكە لەو گەڕەكە و وتی "كرێكارێك كە لە خانوی تەنیشتی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكە كاری دەكرد، برینداربوو و بەرەو نەخۆشخانە گوازرایەوە".
پلەدارێكی سوپای عیراق، لە شوێنی روداوەكە وتی "درۆنێكی توركییە، ئاسمانی عیراقی بەزاندووە، هەر بۆیە فەرمان بە هێزەكانی ئاسمانی عیراق كراوە بیكەنە خوارەوە".
پارچەكانی فڕۆكەكە بە توركی و ئینگلیزی لەسەر نوسراوە "پێویستە شەش مەتر لە دەوروبەری دوربیت، چونكە مەوادی تیشكدەرەوەی هەڵگرتووە و مەترسیدارە".
بەڵام سەرچاوەیەكی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك، جەختیكردەوە "درۆنێكی نەناسراو لەلایەن عیراقەوە خراوەتەوە خوارەوە"، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەكی تر ئاشكرابكات.