هەڵمەتەكەی شارەوانی كەركوك بۆ پاككردنەوەی شار، هێندەی لە شەقامە سەرەكییەكان و شوێنە بەرچاوەكاندا دەبینرێت، كەمتر لە كۆڵان و گەڕەكە میللییەكاندایە، وەك هاوڵاتیان باسی دەكەن.
سامان نوری، یەكێكە لەو هاوڵاتییانەی شاری كەركوك و لە گەڕەكی پەنجاعەلی نیشتەجێییە، دەڵێت "هەڵمەتەكە کاریگەری هەبوو لەسەر گەڕەکەكەمان، بەڵام بەو شێوەیە نەبوو کە ئێمە چاوەڕێمان دەکرد"، پەنجاعەلی یەكێكە لە گەڕەكە گەورەكانی خۆرهەڵاتی شار.
هەڵمەتەكە بە بڕیاری رێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك لە ناوەڕاستی ئابەوە دەستپێكردووە و مۆڵەتی تەنیا دوو هەفتەیان هەبوو بۆ پاككردنەوەی تەواوەتی شار، كە تا ئەمڕۆ 30ـی ئاب ئەو مۆڵەتە كۆتاییهاتووە.
"شارەوانی زیاتر گرنگی بە شوێنە گشتییەكان دەدات، بەڵام بەشێك لە كۆڵانەكان شارەوانی پێیناگات" سامان وای وت، بەپێی بەدواداچونی مەیدانی پەیامنێری (كەركوك ناو)، لە كۆڵان و هەندێك شەقامی گەڕەكی پەنجاعەلی، هێشتا خۆڵ و خاشاكی بە هەڕەمەكی فڕێدراو دەبینرێت، سەرباری ئەوەی لە چەندین شوێن حاویە دانراوە.
بەپێی راگەیاندنی ئیدارەی كەركوك و شارەوانی، كە بە وێنە و ڤیدیۆ رۆژانە لە سۆشیال میدیا بڵاوی دەكەنەوە، بە رۆژ و شەو تیمەكانیان سەرقاڵی پاككردنەوەی شار و هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاكی كەڵەكەبوون.
رێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك شەوی 27ـی ئاب لەگەڵ بەڕێوەبەری شارەوانی سەردانی دەوروبەری گەراجی سلێمانی كردووە و لە لێدوانێكی ڤیدیۆییدا باس لەوەدەكات، دوو هەفتەیە سەرقاڵی پاككردنەوەن بەڵام خەڵك دوبارە شەقامەكەی كردۆتەوە بە زبڵخانە، روی دەمی دەكاتە دوكاندارانی ئەو ناوچەیە كە زۆرینە فیتەرن و تكا دەكات، لەمەودوا خۆڵ و خاشاك لە یەك شوێندا بخەنە كیسەوە نەك بە هەڕەمەكی فڕێی بدەن.
كامێرای (كەركوك ناو) چۆتە گەڕەكەكانی پەنجاعەلی، رزگاری (حوریە)، شۆرجە، ئەڵماس، فەیلەق و رەحیماوە، لە هەندێك شوێن بەرونی دیارە پاككراوەتەوە و جارێكیتر خۆڵ و خاشاكی تێدا كۆبۆتەوە، هەندێك شوێنیش پاكنەكراوەتەوە.
مستەفا عەبدولقادر، دوکاندارە لە بازاڕی گەرەکی ڕزگاری، دەڵێت لە هەڵمەتەكەوە رۆژانە سێجار ئۆتۆمبێلی شارەوانی دەچێتە بازاڕەكە لەكاتێكدا پێشتر بە دوو هەفتەجارێك دەیانبینی، "ناو بازاڕەكە خاوێن دەكەنەوە، بەڵام ئۆتۆمبێلی شارەوانی ناچێتە ناو كۆڵانەكان بۆیە خەڵكیش زبڵەكانیان دەبەن لەناو بازاڕەكە فڕێی دەدەن".
بەپێی یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە ژمارە 27ـی ساڵی 2009ـی عیراق، پیسكردنی ژینگە بە هۆكاری جیاواز لەنێویاندا فڕێدانی هەڕەمەكی خۆڵ و خاشاك، سزاكەی غەرامەی دارایی تا زیندانی دەڕوات.
تەنیا رۆژێك دوای دەستبەكاربوونی بە پارێزگار، رێبوار تەها 15ـی ئاب لەكۆبونەوەیەكدا لەگەڵ شارەوانی و كۆمپانیاكانی ژینگەپارێز، مۆڵەتی تەنیا دوو هەفتەی پێدان و دەستی بۆ كاشییە سپییە بریقەدارەكەی بەردەمی درێژ كرد و وتی وەك "ئەم كاشییە" كەركوك پاكبكەنەوە، بەپێچەوانەوە هەڕەشەی سزادان و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی كۆمپانیاكانی كرد، ئەوەش بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە راگەیاندنی نوسینگەكەی بڵاویكردەوە.
بەشێك لە هاوڵاتیان مانگانە پێنج هەزار دینار دەدەن بە كۆمپانیایەك بۆ فڕێدانی خۆڵ و خاشاك
عەدنان شكور، وتەبێژی شارەوانی كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "کۆمپانیاکانی پاكکردنەوە لە ژێر چاودێری هەڵسەنگاندنی شارەوانی و پارێزگاردان، ئەو مۆڵەتەی پێیاندرابوو هێشتا تەواو نەبووە، بۆیە تائێستا هیچ کۆمپانیایەک مۆڵەتی کارکردنی لێنەسێندراوەتەوە و سزانەدراوە".
كێشەی كەڵەكەبوونی خۆڵ و خاشاك لە كەركوك نوێ نییە، لە ساڵی 2017ـەوە بۆتە چەند هێندە و چارەسەری كۆتایی نەكراوە، دوای دروستبونی گرفت لە گرێبەستی كۆمپانیاكانی پاككەرەوە و كەمبونەوەی بودجەی پاككردنەوە، كە بەوتەی شارەوانی وایكردووە لە كۆی هەزار و 200 تۆن زبڵی رۆژانە، تەنیا توانای كۆكردنەوەی كەمتر لە 400 تۆنیان هەبێت.
پەری محەمەد، دانیشتوی گەڕەكی فەیلەق-ـە، هیچ دەربارەی هەڵمەتەكەی شارەوانی بۆ پاككردنەوەی شار نازانێت، چونكە نەگەیشتووە بە گەڕەكەكەی ئەوان، "لە ئۆكتۆبەری 2017ـەوە چاومان بە ئۆتۆمبێلی شارەوانی نەکەوتووە و زبڵەکانمان بە پارە فڕێدەدەین".
هاوڵاتییەكەی گەڕەكی پەنجاعەلی-ـیش، سامان نوری جەختیكردەوە بەشێك لە هاوڵاتیان مانگانە پێنج هەزار دینار دەدەن بە كۆمپانیایەك بۆ فڕێدانی خۆڵ و خاشاك.
پێشتر و لە سەروبەندی كەڵەكەبونی زیاتری خۆڵ و خاشاك لە كەركوك، هەندێك كەس بە ماتۆڕسكیلی سێ تایە و بە پارە زبڵی هاوڵاتیانیان فڕێدەدا، دواتر گۆڕا بۆ هەندێك كۆمپانیای بچوك، كە بەبێ گرێبەستی رەسمی لەگەڵ شارەوانی كۆڵانەكان دەگەڕێن بۆ كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاكی ماڵان و فڕێدانی بە پارە.
وتەبێژی شارەوانی وتی "ئەو کۆمپانیانەی پارە لە هاوڵاتیان وەردەگرن نایاسایین و بە هیچ شێوازێک مۆڵەتیان لەگەڵ ئێمە نییە، ئەو هەلەیان قۆستۆتەوە کە بودجەی شارەوانی کەمە و ناتوانێت بگات بە هەموو شوێنێكی شار بە تایبەتی گەڕەکە تازەکان".
عەنان شكور رونیكردەوە هەندێك گەڕەكی وەکو فەیلەق، شۆراو، پەنجاعەلی، گورگە چاڵ و سێكانیان دەکەونە دەرەوەی دیزانینی سەرەکی پلانی شارەوانی، بۆیە بودجە بۆ پاككردنەوەیان خەرجنەكراوە و هەوڵ هەیە بخرێنە چوارچێوەی پلان و دیزاینی شارەوانییەوە.
ساڵانی رابردوو، بۆ ماوەیەكی دیاریكراو ئیدارەی پارێزگا لەگەڵ كرێی مۆلیدەی ئەهلی هەر خێزانێك بڕی سێ هەزار دیناری لێوەردەگرت بۆ پاككردنەوەی شار بەهۆی كەمبونەوەی بودجەی شارەوانی، بەڵام ناڕەزایی هاوڵاتیان بڕیارەكەی هەڵوەشاندەوە.
"سیمای شار زۆر گۆڕاوە و هەڵمەتی پاككردنەوە كاریگەری باشی هەبووە، بەڵام هەر گەڕەكێك پێویستی بە دانانی حاویەی زیاتر هەیە تا هاوڵاتیان بە هەڕەمەكی لە شەقامەكاندا زبڵ فڕێ نەدەن" محەمەد عەبدولحەكیم، دانیشتوی گەڕەكی شۆرجە وای وت.
بەپێی ئامارێكی شارەوانی بۆ (كەركوك ناو)، لە دوو هەفتەی رابردودا زیاتر لە 705 حاویەی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك لە ناوچە جیاوازەكاندا دانراون و لە پلانیاندایە هەزار و 500 حاویەی دیكە دابنێن، دواتر خاشاكی ماڵان رەوانەی دوو وێستگە دەكرێن، دوای جیاكردنەوەی پێكهاتەكانی رەوانەی وێستگەی سەرەكی لە ناحیەی لەیلان دەكرێن و لەوێ بەشێكیان دەخرێنە ژێر زەوییەوە.
پاككردنەوەی شاری كەركوك كراوە بە شەش كەرت؛ سێ كەرت سەر بە شارەوانییە و سێ كەرتی دیكە لە چوارچێوەی گرێبەستدا رادەستی دوو كۆمپانیای ژینگەپارێز كراون.