بڕیاری گواستنەوەی فەرمانگەی كارتی نیشتیمانیی گرعوزێر بۆ بەعاج، كێشەی بۆ دەیان خێزانی ناوچەكە دروستكردووە كە زۆرینە لە پێكهاتەی ئایینی ئێزیدین.
فەرمانگەكە مانگێك لەمەوبەر و بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی عیراق بۆ قەزای بەعاج لە باشوری خۆرئاوای موسڵ گوازرایەوە، ئەوەش دوای دروستبونی كێشەیەك لە نێوان بەڕێوەبەری فەرمانگەكە و ژمارەیەك لە خەڵكی ناوچەكە و تۆمەتباركردنی یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) گوایە هەوڵی دەركردنی كارتی نیشتیمانیان بۆ ئەندامێكی پارتی كرێكارانی كوردستان داوە.
مونا بەدەل، خەڵکی ناحییەی گرعزێرە، ناڕازییە لەو بڕیارە، چونكە دەبێت هەر وەك هاوڵاتییانی تری ناوچەكە 30كم ببڕێت تا دەگاتە بەعاج بۆ دەركردنی كارتی نیشتیمانیی.
"پێشتر دەمانتوانی لەکاتی پێویستدا بچینە فەرمانگەکە و مامەڵەی خۆمان تەواو بكردایە، بەڵام ئێستا زۆر قورس بووە، دەبێت بەیانیان زوو بەڕێبكەوین بۆ بەعاج، شوێنەكەش زۆر گەرمە، ژن و منداڵمان لەبەر هەتاو چاوەڕوانی ئەوە دەكەن تا سەرەیان بێت، زۆرجار كارەكە بەیەك رۆژ و دوو رۆژ تەواونابێت، ئەوەش ماندومان دەكات".
كارتی نیشتیمانی عیراق، بەپێی یاسا بەركارەكان جێگرەوەی هەردوو رەگەزنامەی عیراقی و ناسنامەی باری شارستانییە و چیتر ئەو دوو بەڵگەنامەیە كاریان پێناكرێت. بۆیە هەموو هاوڵاتییەكی عیراقی دەبێت كارتی نیشتیمانی دەربكات.
قاسم رەشۆ، هاوڵاتییەکی خەڵکی ناحیەی گرعزێرە و هێشتا لە كەمپی ئاوارەییدا دەژیت لە نزیك زاخۆ (كەمپی باجد كەنداڵا)، دەڵێت "چەند جارێك داوامان کرد، تیمی گەڕۆک بۆ كەمپەكان پێکبهێنرێت بۆ ئەوەی لە ناو کەمپەکاندا كارتی نیشتیمانی بۆ هاوڵاتیان دەربكرێت، بەڵام ئەوە نەكرا، تەنانەت گواستنەوەی كارتی نیشتیمانیی بۆ بەعاج كارەكەی قورستر كردین".
"سێ كاتژمێر بەڕێوە بوم تا گەیشتمە گرعوزێر، لەوێشەوە نیو كاتژمێری ترم بڕی تا گەیشتمە بەعاج، هێشتا نەمتوانی مامەڵەكەم تەواو بكەم و دەبێت رۆژێكی تر بێمەوە"، قاسم وتی "زۆر قەرەباڵغ بوو، لەگەڵ پێنج منداڵەكەم گەڕامەوە بۆ گرعوزێر و دەبێت رۆژێكی تر بچمەوە بەعاج".
فەرمانبەرانی كارتی نیشتیمانیی گرعوزێر ئێستا لەناو بینای كارتی نیشتیمانی بەعاج دەوامدەكەن، بەهۆیەوە تەنیا هەفتەی سێ رۆژ دەوام دەكەن. لەگەڵئەوەشدا فەرمانبەریان كەمە.
لە ماوەی یەك ساڵی كردنەوەی فەرمانگەكە تەنیا 5000 هەزار كەس كارتی نیشتیمانیی بۆ دەركراوە، لەكۆی بە نزیکەی 130 هەزار کەس.
سەردانیكردنی فەرمانگەكە بۆتە نۆرە و لە ئێستادا 23 هەزار كەس خۆیان ناونوس كردووە نۆرەیان بێت.
مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عیراق و نوێنەری شنگال، بەدواداچونی بۆ ئەو پرسە كردووە و دەڵێت "هۆكاری گواستنەوەی فەرمانگەكە بەهۆی هەندێك سەرپێچییەوە بووە، كە هەندێک کەس و لایەن لە دەرەوەی یاسا دەیانویست سەرپێچی بكەن". بەبێ ئەوەی ناوی كەس بهێنێت.
وتیشی "لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و لەچەند رۆژی داهاتودا یەکتردەبینن و هەوڵی جددی دەدەن کە جارێکی تر فەرمانگەکە بگەڕێتەوە شوێنی خۆی".
گرعوزێر لەڕوی ئیدارییەوە سەر بە قەزای بەعاجە و ناوچەیەکی جێناکۆکە لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عیراق.