عادل سومەیدەعی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین جەختیكردەوە لە پێشەنگی كارەكانیاندا دابەشكردنی بودجەیە بەسەر قەزا و ناحیەكاندا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ناوچانەی وێرانبوون، لەگەڵ ئەوانەی دانیشتوانیان نەگەڕاونەوە، وەكو عۆجە و شارەكانی تر.
لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ (كەركوك ناو)، سومەیدەعی دەڵێت پێویستە پرۆژەی ئاوەڕۆ بۆ زەلوعییە جێبەجێبكرێت، جگە لە نۆژەنكردنەوەی شەقامی نێودەوڵەتی نێوان نەینەوا (ئەو رێگایە بە سەڵاحەدیندا تێدەپەڕێت) لەگەڵ بەغدا، تا لانیكەم لە روداوەكانی ئەو رێگایە كەمبكرێتەوە. سەرۆكی ئەنجومەن لەبارەی پرۆژەی بودجەی پارێزگاكەوە رونكردنەوەی زیاتر دەدات.
كەركوك ناو: ئەنجومەنی پارێزگا چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی بودجە و دابەشكردنی بەسەر شارەكانی پارێزگاكەدا دەكات؟
عادل سومەیدەعی: رێكارێكی تایبەت بۆ دابەشكردنی بودجە بەسەر قەزا و ناحیەكاندا هەیە بەپێی ژمارەی دانیشتوان، پێمانوایە ئەو دابەشكارییە پێویستە ئەو قەزا و ناوچانە لەبەرچاوبگرێت كە پەرلەمانی عیراق وەكو ناوچەی وێرانە هەژماری كردون، بۆ نمونە بێجی و قەزاكانی تر كە بە وێرانە رانەگەیەندراو لەوانە سلێمان بەگ، هەرچەندە قەزاكە لەكاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان و كردە تیرۆریستییەكاندا بە تەواوی وێران بووە.
ئێمە لەگەڵ ئەوەداین كە پشكی زیاتر بەو ناوچانە بدرێت، سەرباری ئەوەش هێشتا بودجە لەبەغداوە نەنێردراوە و ئەوەی هەیە، تەنیا بودجەی پاڵپشتی سەقامگیرییە كە بڕەكەی زۆر كەمە.
ڤیدیۆ: چاوپێكەوتنی عادل سومەیدەعی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین لەگەڵ (كەركوك ناو)
كەركوك ناو: چ دۆسیە و كارێك لە پێشەنگی كارەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكەتاندا هەیە بۆ قۆناغی داهاتوو، كە رەنگە دۆسیەیەكی قورس و تەحەدییەك بێت بۆ ئەنجومەنێك تازە دەستبەكاربووە؟
عادل سومەیدەعی: لە دیارترین ئەو دۆسیەیانەی لە پێشەنگی كارەكانماندایە، دۆسیەی بودجەیە، چونكە رۆڵی هەیە لە سەقامگیری پارێزگاكەدا، وەك هەموان دەزانن ئێمە كۆمەڵێك ناوچەمان هەیە كە ئێستا دانیشتوانەكەی لە ئاوارەییدا دەژین و نەگەڕاونەتەوە، لەوانە بەشێك لە یەسرب، عۆجە و زۆر ناوچەی تر كە دانیشتوانەكانیان لەبەر نەبونی خزمەتگوزاری و وێرانكاری و روخانی خانوەكانیان نەگەڕاونەتەوە، ئەوەش پێویستی بە دوبارە بنیاتنانەوە و نۆژەنكردنەوە و دابینكردنی هەموو پێداویستییەكانی ژیانێكی شایستە و رێزدارانە هەیە، بۆیە پێویستە لەپێشینەی كارەكانمان بۆ ناوچە وێران بووەكان بێت.
كەركوك ناو: هیچ تێبینی و سەرنجێكی دیاریكراو دەربارەی بوجە یان دابەشكردنی بەسەر قەزا و ناحیەكاندا هەیە؟
عادل سومەیدەعی: هەندێك پرۆژەمان هەیە بە سستی جێبەجێدەكرێن، پرۆژەمان هەیە لە ساڵی 2011ـەوە تەواو نەكراوە، رەنگە ئەو بودجەیەی پارێزگاكە هەیەتی بەشی ئەو پرۆژانە نەكات.
كەركوك ناو: پلانی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین دەربارەی بودجەی ساڵانی دواتری پارێزگاكە چییە؟
عادل سومەیدەعی: پلانی زۆرمان هەیە بۆ ئەوكاتەی بودجە بۆ ساڵانی داهاتوو بەردەست دەبێت، سەرەتا چاومان لەسەر پرۆژە ستراتیژییەكانە و من لەگەڵ وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن گفتوگۆم كردووە دەربارەی جێبەجێكردنی پرۆژەی دوسایدی رێگای نێوان بەغداد – موسڵ (كە بە سەڵاحەدیندا تێدەپەڕێت)، ئەو شەقامە سەرەكییە كۆن بووە و پێویستی بە نۆژەنكردنەوە هەیە، بەدوای دوای زیادبونی جوڵەی هاتوچۆ لەو رێگایەوە، لە كاتێكیشدایە روداوی زۆری هاتوچۆ لەو رێگایە تۆماردەكرێت و قوربانییەكان خەڵكی سەڵاحەدین یان ناوچەكانی دیكەن.
هەروەها لە پلانماندا هەیە گرنكی بە پرۆژەی ئاوەڕۆی زەلوعییە بدەین، ئەم شارە پرۆژەی تێدا نییە، بۆیە ئومێد بە سەرۆك وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان هەیە بودجەی پێویست بۆ جێبەجێكردنی ئەو پرۆژە گرنگانە تەرخانبكەن، كە دەبێتە باشكردنی روی پارێزگاكە و رەنگدانەوەیەكی ئەرێنییە بۆ حكومەتی فیدراڵی.