"قۆرغكاری پۆستەكان هەیە"

سەلوا مەفرەجی: ئێمە ئۆپۆزسیۆنین و چاودێری كاری ئەنجومەن دەكەین

سەلوا ئەحمەد مەفرەجی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە هاوپەیمانی عەرەبی فۆتۆ: پەیجی ناوبراو لە فەیسبوك

مەنار عزەدین – كەركوك

سەلوا ئەحمەد مەفرەجی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە هاوپەیمانی عەرەبی ئاشكرایكرد ئێستا وەكو ئۆپۆزسیۆن كاردەكەن بۆ چاودێریكردنی كاری ئەنجومەن دوای بایكۆتی دانیشتنەكان، بەهۆی بانگهێشتنەكردنی بۆ كۆبونەوەی هەڵبژاردنی پارێزگار، كە بەبڕوای ئەو، پێشێلكردنی مافەكانی پێكهاتەكەیان بوو.

مەفرەجی لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ (كەركوك ناو) ئاماژەی بەوەدا، چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەكەن كە دەربارەی شەرعیەتی دانیشتنەكەی ئەنجومەنی پارێزگا لە بەغدا، بڕیارەكەی یەكلاییكەرەوە دەبێت.

هەروەها جەختیكردەوە ئەگەر ئەنجامی بڕیاری دادگا لە قازانجی دانیشتنەكە و بە شەرعی ناساندنی بوو، ئەوكات دەگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ كوتلەكانی دیكەدا، تا بەشداری لە دانیشتنەكانی ئەنجومەندا بكەن، بەوپێیەی وەكو ئەندامی هەڵبژێردراو پابەندن بە بەشداریكردن چونكە لایەنگرانیان داوای خزمەتگوزاری دەكەن.

لەكاتی بەشداریكردن لە دانیشتنەكانیشدا، "دەنگ بە هەر بڕیارێك دەدەین لە بەرژەوەندی پێكهاتەی عەرەب و كەركوكدا بێت".

سەلوا مەفرەجی رونیكردەوە كە بایكۆتی دانیشتنەكانی ئەنجومەن، نەریتێكی دەستورییە نەك یاسایی، بەشداریكردنیش لە دانیشتنی ئەنجومەن ئەمری واقیعە، پاڵپشت بە پەیڕەوی ناوخۆ، ژمارەی ئەو دانیشتنانە دیاریدەكرێت كە پێویستە ئەندامی ئەنجومەن ئامادەی بێت، بە ئامانجی رونكردنەوەی شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەندامان، یان لەڕێی تاوتوێكردنی بابەتەكە لەگەڵ كوتلەكەیدا یاخود پێدانی ئاگاداركردنەوەی راستەوخۆ، بەڵام تائێستا وەكو ئەندامی ئەنجومەن هیچ زانیاریی و بیرۆكەیەكیان لە بارەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنەوە نییە.

ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگا لە هاوپەیمانی عەرەبی دەڵێت، زیاتر لە سێ هەفتەیە لەنێو نوسینگەی خۆی لە ئەنجومەن دەوام دەكات و ئەركەكانی رادەپەڕێنێت، بەڵام گلەیی ئەوەی هەیە "لە هاتنی وەزیر و لێپرسراوانی باڵا بۆ پارێزگاكە ئاگادارناكرێینەوە، ئەوەش هێندەی دیكە بۆشایی و درزی نێوان ئێمە و ئەندامانی دیكەی ئەنجومەن قوڵتر دەكاتەوە"، پێشیوایە سەرباری بایكۆت لەڕوی سیاسییەوە بەڵام لەڕوی ئیدارییەوە پابەندن پێكەوە كاربكەن، "هەموو ئەندامان برا و خوشكی یەكترین...، ئەو جیاكارییەی لەناو ئەنجومەن و دیوانی پارێزگا هەیە بۆشایی نێوانمان زیاتر دەكات".

نمونەی سەردانیكردنی ئیڤان جابرۆ، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراق بۆ كەركوك دەهێنێتەوە، "مافی دیداری وەزیرمان هەبوو، من لە ئەنجومەن بوم و ئاگادارنەكرامەوە"، جەختیكردەوە هەرچەندە هەڵوێستی سیاسییان جیاوازە، بەڵام لەڕوی ئیدارییەوە "ئێمە لایەنگر و دەنگدەرانمان داوای خزمەتگوزاریمان لێدەكەن و پێویستە حكومەت لەو ڕووەوە بابەتییانە مامەڵە بكات".

salwa
كەركوك/ ئەیلولی 2024/ سەلوا مەفرەجی لە ئەنجومەنی پارێزگا سەرقاڵی كاروبارەكانیەتی فۆتۆ: كەركوك ناو

سەلوا مەفرەجی، سەبارەت بە پێكهێنانی لیژنە هەمیشەییەكانی ئەنجومەن وتی "پێویستە پەیڕەوی ناوخۆمان هەبێت تا بزانن چەند لیژنەمان هەیە و دواتر تاوتوێی ئەو بابەتە بكەین، ئایا دەكرێت پێش دانانی پەیڕەوی ناوخۆ لیژنەكان دابەشبكەین؟!، دەبێت ژماری پێویست لیژنەمان هەبێت و هەموو ئەندامێكیش مافی ئەوەی هەیە سەرۆكایەتی لیژنە بكات و ئەندام لە لیژنەی دیكەدا".

ئەو ناوەڕۆكی كۆنوسی دانیشتنەكانی دوەم و سێیەمی ئەنجومەنی نەبینیووە، نازانێت بڕیار و راسپاردەكان چین، لە كاتێكدا "پێویستە هەموو ئەندامێك كۆنوسی دانیشتنەكانی پێبدرێت تا بزانێت چی رویداوە و خۆی بۆ دانیشتنی دواتر ئامادەبكات، ئەوەی نەكراوە ئەوە هەڵە و كێشەیەكی ئیدارییە".

مەفرەجی دەربارەی دواكەوتنی پێكهێنانی لیژنەكانی ئەنجومەن و پرۆژەی بودجە، وتی "گوناهی من نییە، لە ئەنجومەن زۆرینە هەیە، با ئەوان لیژنەكان پێكبهێنن و كارەكان دەستپێبكەن"، جەختیشیكردەوە "ئێمە ئێستا وەكو ئۆپۆزسیۆن بۆ چاودێری كاری ئەنجومەن كاردەكەین".

پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەن هێشتا بەركارە، تیایدا ئاماژە بەوەكراوە پێویستە هەموو سێشەممەیەك ئەنجومەن كۆببێتەوە، سەلوا دەڵێت ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە هەندێك دانیشتن كە كراوە لە رۆژ و كاتی پشوودا بووە، بۆ نمونە لە رۆژی شەممە كاتژمێر چواری دوانیوەڕۆ، سەرباری ئەوەش بە رەسمی داوای كۆنوسی دانیشتنەكەی كردووە، بەڵام دوای سێ هەفتە وەڵامی وەرنەگرتووە.

هەروەها رەتیكردەوە هیچ نوسراوێكی رەسمی ئەنجومەنی بۆ نێردرابێت دەربارەی دانیشتنی ئەنجومەن، وەكو بڵاوكراوەتەوە، "وەكو ئەندامانی ئەنجومەن هیچ كێشەیەك لە نێوانماندا نییە، كێشەكە لە هەوڵدان بۆ قۆرغكاری سەرهەڵدەدات، بەوپێیەی هەموان دەیانەوێت پۆستێكی دیاریكراو بەدەستبهێنن و لە بیری دەكەن پێكەوە هاوكار و هاوپیشەین و لە بڕیارە گرنگەكانی داهاتوو پێویستیمان بە یەكتری هەیە".

لە كاتێكدا ئاماژە بەوەدەكرێت پۆستەكانی كوتلەی توركمانی دانراوە و پڕنەكراوەتەوە، مەفرەجی دەپرسێت "ئەی چی دەبارەی هاوپەیمانی عەرەبی كە نوێنەرایەتی گەورەترین كوتلەی ئەنجومەن دەكەن؟ گوێم لە كەس نەبوو باسی گرەنتی پشكی ئێمە بكات"، جارێكیتر بێ هیوایی خۆی نیشاندا لەوەی بانگهێشتی كۆبوونەوەكان ناكرێن، وەكو دوایین دانیشتن دەربارەی دامەزراندن، كە ئەوەش بۆشایی ناو ئەنجومەن زیاتر دەكات و دەبێتە رێگر لە بەردەم خزمەتكردنی هاوڵاتیاندا.

ئەندامەكەی ئەنجومەنی لە كوتلەی هاوپەیمانی عەرەبی دەڵێت هەرچەندە بایكۆتی دانیشتنەكانی كردووە، بەڵام لەڕوی ئیدارییەوە بایكۆتی نەكردووە، وەكو ئەندام ماف و ئەركی هەیە، بۆیە داوای بڕیاری رون و ئاشكرای پێشوەختە سەبارەت بە دانیشتنەكان دەكات تا بەشێوەیەكی شەفاف بتوانێت گفتوگۆی لەسەر بكات، "پەیوەندی نێوان ئەندامان باشە بەڵام كێشەكە لە خراپی ئیدارەداندایە".

سەلوا مەفرەجی وتی "من پابەندم بە ئەركەكانم، چاودێری كاری ئەنجومەن دەكەم و لە ماوەی ئایندەدا زنجیرەیەك لێپرسینەوە و بەدواداچون لەگەڵ بەڕێوبەرە گشتییەكانی پارێزگاكەدا دەستپێدەكەم".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT