پەروین فاتیح، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، جەختدەكاتەوە لەوەی رۆژانە چەندین سكاڵای مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردەی كەركوك دەگاتە ئەنجومەن، بەشێوەیەك لە دەستبەكاربونی ئەنجومەنەوە گەیشتۆتە 150 سكاڵا.
ئەو سكاڵایانە وایكرد، لە 6ی تشرینی یەكەم "كۆبونەوەیەكی بە پەلە" لە بینای ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەڕێوەبچێت، بە ئامادەبوونی سەرۆك و ژمارەیەك ئەندامانی ئەنجومەن و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی كەركوك.
پەروین فاتیح، كە یەكێك بوو لە بەشداربووانی كۆبونەوەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "كۆبونەوەكە تایبەت بوو بە چارسەركردنی كێشە و گرفتەكانی مامۆستایان، بۆ رێكخستنی مامۆستایانی میلاك لەسەر ئاستی خوێندنگەكان و پەروەردەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی كەركوك، چونكە رۆژانە چەندین سكاڵامان بۆ دێت، دەمەوێت بڵێم لە دەستبەكاربونی ئەنجومەنەوە 150 سكاڵامان بۆ هاتووە، فەرمانبەران و مامۆستایان ناڕازین و دەنگیان لێ بەرزبۆتەوە، هەر بۆیە ناچاربوین ئەم كۆبونەوە بە پەلەیە رێكبخەین".
لەبارەی شێوازی سكاڵاكان، پەروین وتی "مامۆستا هەیە گوازراوەتەوە بۆ شوێنێكی دورتر لە ماڵی خۆیان لەكاتێكدا نەخۆشی شێرپەنجەی هەیە، مامۆستای تر هەیە 17 ساڵە لە خوێندنگەیەكی نزیك ماڵی خۆیانە و رێوشوێنەكانی وانەوتنەوەی لە گوندەكان تەواوكردووە، كەچی ئێستا جارێكی تر گوازراوەتەوە، لە بەرامبەردا مامۆستا هەبووە رێشوێنەكانی وانەوتنەوەی لە گوند تەواونەكردووە گوازراوەتەوە بۆ ناو شار".
مامۆستا هەیە گوازراوەتەوە بۆ شوێنێكی دورتر لە ماڵی خۆیان لەكاتێكدا نەخۆشی شێرپەنجەی هەیە
لە كۆبونەوەكەدا، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی كەركوك ئامادەبوو، پەروین وتی "بۆ ئەوەی بەرچاومان رونبێت ئایا یاسا و رێوشوێنەكان تاچەند جێبەجێدەكرێن".
محەمەد ئیبراهیم حافز، سەرۆكی ئەنجومەن لە كۆبونەوەكەدا بڕیاریدا بە پێكهێنانی لیژنەیەك كە ئامانج لێی رێكخستنەوەی مامۆستایانە لە خوێندنگەكانی كەركوك بەپێی پێویستی و ژمارەی خوێندكاران، هەروەها راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان پێكهاتەكاندا.
ئەو وتی "فەرمانبەران و مامۆستایان لە ناوچەكاندا بە جۆرێك دابەشبكرێنەوە كە گرەنتی سەقامگیری پرۆسەی پەروەردە بكات"، بەپێی وتەی پەیامنێری (كەركوك ناو) كە ئامادەی كۆبونەوەكە بوو.
لیژنەكە لە ئەنجیل زیا، بڕیاردەری ئەنجومەن و هەردوو ئەندامی ئەنجومەن رەعد ساڵح و پەروین فاتیح پێكهاتووە.
پەروین فاتیح وتی "لیژنەكە بۆ ئەوەشە هەر مامۆستایەك كێشەی بۆ دروستبوو و مافی پێشێلكرا، بەپێی رێنماییەكان و یاسا مافی بۆ بگەڕێنرێتەوە، چیتر لەناو پەروەردەدا رچاوی حزبایەتی و خزمایەتی نەكرێت".
وتیشی "ناكرێت خوێندنگەیەك 30 مامۆستای هەبێت و دانەیەكی تر 10 مامۆستا، دەمانەوێت جیاوازییەكان نەهێڵن، رێوشوێنەكان و یاسا جێبەجێبكرێت، میلاكاتی مامۆستا بەپێی پێویستی قوتابخانەكان دابەشبكرێنەوە".