ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، لێپرسینەوە لە بەڕێوەبەری پەروەردە و یاریدەدەرەكەی دەكات بەهۆی ژمارەیەك پێشێلكاری و كەمتەرخەمیی لە ئەركەكانیاندا، كە بە "شكستهێنانی گەورە" ناوی دەهێنن.
دانیشتنی ئاسایی ئەنجومەن، كە سێشەممە 8ـی تشرینی یەكەم بە ئامادەبوونی 11 ئەندام لە كۆی 15 ئەندام بەڕێوەچوو، تیایدا ژمارەیەك دۆسیە و پرسیار لە چوارچێوەی لێپرسینەوەكەدا روبەڕوی علی جومعە، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی دیالە كرایەوە.
دەریا خەیروڵا، سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندن لە ئەنجومەن، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دوای دانیشتنی لێپرسینەوە، هێرشیكردە سەر بەڕێوەبەری پەروەردە و بە كۆمەڵێك پێشێلكاری تۆمەتباری كرد، لە نێویاندا دورخستنەوەی ژمارەیەك بەڕێوەبەری قوتابخانە بەبێ پێكهێنانی لیژنە، پێدانی نوسراوی سوپاس و پێزانین بە كادیران لە دەرەوەی رێكارەكان و ونبونی 14 نوسراوی رەسمی.
"زۆرێك لە پێشێلكاریمان تۆماركردووە، كە پێچەوانەی فەرمانەكانی وەزارەتی پەروەردەن لەوانە گواستنەوەی میلاكاتی پەروەردە، پێدانی زۆر نوسراوی سوپاس و پێزانین بەبێ ئەوەی كەسەكە مافی ئەوەی هەبێت و تەنانەت لە پشووی هاویندا پێیدراوە، لە كاتێكدا نوسراوی سوپاس و پێزانین دەبێتە هۆی سڕینەوەی سزای سەر ئەو كەسانەی بەهۆی خراپی سوكایەتی و ناپرۆفیشناڵییەوە وەریانگرتووە" دەریا لە كۆنگرەكەدا كە (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، وای وت.
دەریا خەیروڵا دەڵێت "14 نوسراوی رەسمی لە تۆماری رۆیشتوو و هاتوو دیارنەماوە، ژمارە و بەرواری هەموو نوسراوەكانمان لایە، هەروەها ژمارەیەك بەڕێوەبەری قوتابخانە لابراون بەبێ لیژنەی لێكۆڵینەوە"، پێشیوایە بەڕێوەبەری پەروەردە "لاوازە لەڕوی ئیدارییەوە و توانای روبەڕوبونەوەی فشارەكانی نییە و لێپرسراوێتی یاسایی لەوبارەیەوە دەكەوێتە ئەستۆی".
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) بۆ راگەیاندنی ئەنجومەن لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك،لێپرسینەوە لە پەروەردەوە یەكەم هەنگاوی هاوشێوە بووە لە دەستبەكاربونی ئەنجومەنەوە. لێپرسینەوە لە دەسەڵاتی ئەنجومەندایە بەپێی یاسا.
عومەر كروی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وتی "ئەنجومەن لێپرسینەوەی لە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە و یاریدەدەرەكەی كرد بەهۆی شكستی گەورە لە كاری بەڕێوەبەرایەتییەكەدا"، ئاماژەی بەوەشدا كە رێكارەكانی ئەنجومەن سەرەتا بە میوانداری دەستپێدەكات، دواتر دەبێتە لێپرسینەوە و پاشان بڕیاری كۆتایی بە مانەوە یان دورخستنەوەی ئەو كەسە دەبێت، كە روبەڕوی لێپرسینەوە كراوەتەوە.
مانگی رابردوش لیژنەی پەروەردە میوانداری بەڕێوەبەری پەروەردەی كردووە سەبارەت بە چەندین دۆسیەی پەروەردەیی.
عەلی جومعە، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی دیالە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، وتی "ئەنجومەن ئەم پرۆسەیە وەكو لێپرسینەوە ناودەبات بەڵام من وەكو میوانداری تەماشای دەكەم"، بەڵێنیشدا هەموو كێشە و گرفتەكانی پەروەردە چارەسەر بكات، بە تایبەت ئەو دۆسیەیانەی لە ئەنجومەن باسكراوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی ئەنجومەنی پارێزگا، بڕیارە لە دانیشتنی داهاتوودا كە وادەكەی دیارینەكراوە، بەڕێوەبەری پەروەردە وەڵامی ئەو پرسیار و دۆسیەیانە بداتەوە كە روبەڕوی كراوەتەوە.