لە داقوق تەنیا یەك باخچەی منداڵانی خوێندنی كوردی هەیە، ئەویش بەشێكی زۆری سوتاوە و لەمساڵدا نەیتوانی نیوەی منداڵان وەربگرێت.
هاوینی ئەمساڵ ئاگر لە باخچەی منداڵانی دێ كۆك لە ناوەندی قەزای داقوق كەوتەوە، زیانی زۆری بەركەوتووە، هەندێك لە ژورەكانیان بە كەڵكی ئەوە نەماوە منداڵی تێدا بمێنێتەوە و لە هۆڵ و راڕەوەكانیشدا، سەقف و دیواری سوتاو و رەش هەڵگەڕاو، دیمەنی كارەساتێك نیشاندەدەن.
"بەشێكی زۆری باخچەكە سوتا، تەنیا دوو پۆلمان بەدەستەوە ماوە، بۆیە ناتوانین وەكو ساڵانی پێشوو منداڵ وەربگرین" گوڵشان محەمەد، بەڕێوەبەری باخچەكە بۆ (كەركوك ناو)، وای وت، سەرباری تێپەڕبونی چەند مانگێك، دەستی ئاوەدانی نەگەیشتووە بە باخچەكە و كەس بەدەم نۆژەنكردنەوەی نییە.
باخچەی دێ كۆك، تەنیا باخچەی حكومەتی سەر بە خوێندنی كوردییە لە داقوق، پێشتر نزیكەی 200 منداڵی وەردەگرت و ئەمساڵ كەمتر لە 100 منداڵ جێگەیان بۆتەوە، خوێندنی كوردی جگە لەو باخچەیە 54 قوتابخانەی لە قەزاكە هەیە.
ئاری حسێن، لە داقوق نیشتەجێیە و ئەمساڵ نەیتوانی منداڵەكەی بباتە باخچەی خوێندنی كوردی، بە ناچاری رودەكاتە باخچەكانی خوێندنی عەرەبی یان توركمانی، ئەو بە (كەركوك ناو)ـی وت "باخچەكە سوتاوە و پۆلی نەماوە تا منداڵ وەربگرێت، داواكارین حكومەت شوێنی تر بۆ باخچەكە دابینبكات".
باخچەكە جمەی دێت لە منداڵ، بە ئاستەمیش شوێنی منداڵێكی دیكەی تیادا نابێتەوە، ئەو دوو پۆلەی رەشی ئاگری پێنەگەیشتووە و سەقفەكەی بەرنەبۆتەوە، هەموو منداڵەكانی تێدا كۆكراوەتەوە، ژور و بەشەكانی تری باڵەخانەكە مەترسیدارە تەنانەت بۆ چەند خولەكێكیش تیایدا بمێنیتەوە چونكە ترسی داكەوتنی بەشەكانی سەقفەكەی هەیە.
"ئەمساڵ كەمتر لە 100 منداڵمان وەرگرت، ناوی منداڵانی دیكەمان بە یەدەگ نوسی، تەنیا دوو ژورمان ماوە یەكی 50 منداڵی تێدایە" بەڕێوەبەری باخچەكە بە ئومێدی ئەوەوەیی فریایان بكەون، بە نۆژەنكردنەوە یان دابینكردنی باڵەخانەی نوێ، لەو نەهامەتییەكە رزگار بكرێن.
باخچەی منداڵانی دێ كۆك، كە تەمەنی چوار و پێنج ساڵ وەردەگرێت، لە ساڵی خوێندنی 2004-2005ـەوە دروستكراوە بۆ هەموو قەزای داقوق (نزیكەی 16 گەڕەك لە ناوەندی شارەكەدا هەیە)، ئەو قەزایە بە دوری 44 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشوری كەركوك و ژمارەی دانیشتوانی بە زیاتر لە 97 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت لە كورد، توركمان و عەرەب.