دادگای باڵای فیدراڵی عیراق بریاریدا بە رەتكردنەوەی دۆسییەی گواستنەوەی راژەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی كوردی لە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ سەر وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی فیدراڵ.
ئەوە لە كۆبونەوەیەكی دادگاكەدا هات كە ئەمڕۆ سێشەممە 15ی تشرینی یەكەم لە بەغدا بەڕێوەچوو، بە ئامادەبونی سكاڵاكاران كە داواكەیان لە دژی هەردوو سەرۆك وەزیرانی عیراق و هەرێمی كورستان و سەرۆكی پەرلەمانی عیراق تۆمار كردبوو.
لە بڕیارێكی دادگاكەدا هاتووە "ئەوە لە تایبەتمەندی و پسپۆڕی ئێمەدا نییە".
سكاڵاكەرەكان كە نۆ كەس بون لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی كوردی، لە 2ی ئەیلویلی ئەمساڵ داوایان كرد راژەكانیان بگوازرێتەوە بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی خوێندنی كوردی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی عیراق.
محەمەد جەلیل، یەكێك لە سكاڵاكارەكان، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو سێ سەرۆكایەتییە بە هۆكاری دواكەوتنی موچە و رێگریی لە گواستنەوەی راژەكانمان بۆ سەر حكومەتی عیراق دادەنێین، بۆیە سكاڵاكانمان دژ بە ئەوان بوو".
ئەو سێ سەرۆكایەتییە بە هۆكاری دواكەوتنی موچە و رێگریی لە گواستنەوەی راژەكانمان بۆ سەر حكومەتی عیراق دادەنێین
وتیشی "ئێمە بەڵگەی یاسایی زۆرمان لەبەردەستدابوو بۆ ئەوەی راژەكانمان بگوازرێتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ داواكەمان رەتكرایەوە".
6500 مامۆستای خوێندنی كوردی لە كەركوك و نزیكەی 1500 فەرمانبەری پەروەردە راژەكانیان لەسەر وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بەڵام لە كەركوك وانە دەڵێنەوە. گرفتی گەورەیان ئەوەیە لەكاتی خۆیدا موچەكانیان پێنادرێت.
حكومەتی هەرێم نەیتوانی لەكاتی خۆیدا موچەیان پێبدات و لانیكەم نزیكەی 14 موچەیان لە 10 ساڵی رابردودا پێنەدراوە، ئەوەش وەك محەمەد جەلیل وتی هۆكاری تۆماركردنی سكاڵاكەیان بوو لە دادگای فیدراڵی.