هەریەكە لە رێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك و محەمەد ئیبراهیم حافز سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا تاوتوێی رەشنوسی ستراتیژی پەرەپێدانی شاری كەركوك و نوێکردنەوەی دیزاینی بنەڕەتیی شارەكەیان كرد تا ساڵی 2037.
ئەوە لە كۆبونەوەیەكی هاوبەشدا هات كە ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەن، پسپۆڕان، یاریدەدەرانی پارێزگار، ئەندازیاران و بەڕێوەبەرە گشتییەكان تیایدا بەشداربون و شەممە 19ی تشرینی یەكەم بەڕێوەچوو.
بەپێی راگەیەنراوێكی ئەنجومەنی پارێزگا، هەمووان پێكەوە بەشدارییان كردووە لە تاوتوێكردنی رەشنوسی ستراتیژی پەرەپێدانی شاری كەركوك، ئەوەش بە ئامانجی دەوڵەمەندكردنی، لەگەڵ نوێكردنەوەی دیزانی شار تا ساڵی 2037.
هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە "باس لە قۆناغەکانی دیزاین و گرنگییەکەی لە هێنانەدی گەشەپێدان و فراوانکردنی شارەکە و دڵنیابوون لە دامەزراندنی و پەرەپێدانی پڕۆژەکان لە ماوەی ساڵانی داهاتوودا كرا، بە شێوەیەک بەشداربێت لە دابینکردنی پێداویستی هاوڵاتیان و دروستکردنی شارێکی شارستانی، ئابوری و دابینکردنی خزمەتگوزاری".
ئەو هەنگاوە وەك لە راگەیەنراوەكەدا جەختیلێكراوەتەوە بە هاوکاری ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و دەزگا حکومییە پسپۆڕەکان دەبێت.
چاوەڕواندەكرێت گفتوگۆ لەسەر رەشنوسی ستراتیژی پەرەپێدانی شاری كەركوك و دیزاینەكە بەردەوامبێت، تا پەسەندكردنی یەكجاریی.
ئەو هەوڵە بەشێكە لە كارە لە پێشینەكانی ئیدارە و ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە هەنگاوی بۆ دەنێت.
حكومەتی خۆجێی كەركوك لە ئابی ئەمساڵ پێكهێنرا، ئەوەش دوای مشتومڕی هەشت مانگی نێوان فراكسیۆنە جیاوازەكاین ئەنجومەنی پارێزگا.