ئەنجومەنی پارێزگای دیالە لە كۆبونەوەیەكدا دور لە چاوی كامێراكان و درەنگانێكی شەوی رابردوو زۆرینەی هەرە زۆری پۆستی یەكە ئیدارییەكانی پارێزگاكەی یەكلاییكردەوە، كورد دوو پۆستی قایمقامی خانەقین و بەڕێوەبەری ناحیەی سەعدییەی بەركەوت.
ئەو پۆستانەی یەكلاییكرانەوە بریتی بون لە زیاتر لە 10 بەڕێوەبەری ناحیە و ژمارەیەك قایمقام، ئەوەش بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردنی حزب و هاوپەیمانێتییە براوەكانی ئەنجومەن.
لەو دانیشتنەدا قایمقامی بەعقوبە، خانەقین، خالس، مەندەلی، عوزێم و بەلەدروز هەڵبژێردران، بەڵام شارەبان وەك تاكە قەزا بەهۆی ناكۆكی نێوان كوتلە جیاوازەكان یەكلاییكردنەوەی دواخرا.
هەر لەو كۆبونەوەیەدا لانیكەم بەڕێوەبەری 10 ناحیە دیاریكران، جگە لە ناحیەی ئەبو سەدا نەبێت، كە ئەویش بە هەمان شێوە ناكۆكی لەسەر بوو.
بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو) كە لە سەرچاوەیەكی نزیك لە كۆبونەوەكان وەریگرتووە، هۆكاری ئەنجامدانی دانیشتنەكان لەشەودا و دور لە چاوی كامێراكان، بۆ ئەوە بووە میدیاكان كاریگەرییان نەبێت لەسەر رێڕەوی رێككەوتنی لایەنەكان.
ئەو ترسە بەتایبەت دوای ئەوە هات كە خودی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی دیالە دوای هەشت مانگ و لە 4ی ئابی ئەمساڵ پێكهات، ئەوەش دوای مشتومڕ و ناكۆكییەكی زۆری پێكهاتەكان لەسەر پۆستی پارێزگار.
لە دانیشتنەكەی شەوی رابردوو، كورد پۆستی قایمقامی خانەقینی بەدەستهێنا، تیایدا سۆران باجەڵان لە پشكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردرا. هەروەها محەمەد شەكرەچی لە نەتەوەی كورد و لەسەر پشكی بەدر بووە بەڕێوەبەری ناحیەی سەعدییە.
عەلی مەجید وەكو قایمقامی مەندەلی هەڵبژێردرا لەسەر پشکی چوارچێوەی هەماهەنگی. سائیب حەربی لەسەر حزبی تەقەدوم بووە بەڕێوەبەری ناحیەی جەلەولا، هەمان حزب پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەتەپەی وەرگرت و تەها ئیبراهیم جبوری هەڵبژێردرا. هاوکات عەبدولکەریم جبوری بووە بەرێوەبەری ناحیەی جەبارە.
دانیشتنەكەی شەوی رابردوو بە بێ گرفت تێنەپەڕی، بەهۆی ناكۆكی لەسەر دیاریكردنی پۆستەكان، لەوانە دەریا خەیروڵا، ئەندامی كوردی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە لەسەر پشکی هاوپەیمانی ئەساس، جیابونەوەی خۆی لە هاوپەیمانی ئاسایش و سەقامگیری دیالە راگەیاند کە بە گەورەترین هاوپەیمانی دادەنرێت لەنێو ئەنجومەنی پارێزگای دیالە.
شەوی رابردوو هیچ ئەندامێكی ئەجومەنی پارێزگای دیالە بەردەست نەبوت، دوای چەندین پەیوەندی تەلەفونی بۆ قسەكردن لەسەر دانیشتنەكە.