سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵمەتێكی فراوانی دار چاندنی لە شاری موسڵ راگەیاند، كە ئامانجیان ئەوەیە دوو ملیۆن درەخت لەو شارە بڕوێنن و بەرەو چوار ملیۆن هەنگاو بنێن.
هەڵمەتەكە پێنجشەممە 24ی تشرینی یەكەم دەستیپێكرد، ئەوەش بە بەشداریی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، نوێنەرانی پارێزگاكە لە پەرلەمانی عیراق و نوێنەرانی فەرمانگە حكومییەكان و رێكخراوە لۆكاڵییەكان.
ئەحمەد حاسود، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، رایگەیاند كە ئامانج لەو هەڵمەتە زیادكردنی رێژەی سەوزاییە لە شاری موسڵ، جەختیكردەوە "هەڵمەتەكە بەردەوام دەبێت تا دوو ملیۆن درەخت دەڕوێنین، بەڵام ئاواتمان ئەوەیە بگەینە چوار ملیۆن درەخت".
دەستپێشخەرییەكە بەناونیشانی "درەختێك بۆ هەر هاوڵاتییەك" دەستیپێكرد، ئەوەش بە بەشداریی دەیان تیمی خۆبەخش و پاڵپشتی هێزە ئەمنییەكان.
سینان سوبحی، بەرێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی موسڵ بە(كەركوك ناو)ی وت "هەڵمەتەكە گرنگە بۆ پاككردنەوەی ژینگە و بەرزكردنەوەی ئاستی ئۆكسجین، جگە لەوەی جوانی بەشارەكە دەبەخشێت".
زیاتر وتی "ئەو جۆرە هەڵمەتانە رۆڵی دەبێت لە زیادكردنی روبەری سەوزایی و كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی خۆڵبارین".
چەند پارێزگایەكی عیراق لە چەند ساڵی رابردودا دەیانناڵاند بەدەست بەردەوامی خۆڵبارین بەتایبەت لە وەرزی هاویندا، لەوانەش پارێزگای موسڵ كە لێكەوتەی خراپی هەبوو لەسەر تەندروستی دانیشتووانەكەی.
عەلا حەیدەر، لێپرسراوی راگەیاندنی شارەوانی موسڵ بە (كەركوك ناو)ی وت "شارەوانی 24 هەزار درەختی ئامادەكردووە بۆ چاندن كە 10 هەزاریان لە باكوری شارەكە دەڕوێنرێن، 14 هەزار دەرەختەكەی تریش لەهەردوو بەری شارەكە"، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدا.
وتیشی "ئامانج لەم هەڵمەتە پتەوكردنی گیانی هاریكارییە لە نێوان هاوڵاتیان و دامەزراوە حكومییەكان بۆ سەوزكردنی شارەكە و پاراستنی ژینگەكەی لەپیسبوون".