ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، بەڵێنی پاراستنی ماف و شایستەی هاوڵاتیاندا دەدات لە چوارچێوەی گفتوگۆ و بەدواداچونەكانیدا دەربارەی بڕگەكانی بودجە و چۆنیەتی خەرجكردنی بۆ پرۆژەكان، وەك ئاماژەیەك بۆ گرنگیپێدان بە بە پرۆژەی "بودجە مافتە".
لە دانیشتنی ژمارە 26ـی ئەنجومەنی پارێزگاكەدا، كە هەفتەی رابردوو بە سەرۆكایەتی عادل سومەیدەعی بەڕێوەچوو، گرنگیی بە دروشمی "بودجە مافتە" دراوە لە كاتی گفتوگۆكاندا، بەپێی پەیامنێری (كەركوك ناو) كە ئامادەی دانیشتنەكە بوو.
سومەیدەعی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا وتی "ئەنجومەن بە پەرۆشە بۆ جێبەجێكردنی مەبدەئی هاوبەشیپێكردنی خەڵك لە بڕیاردان و هەڵبژاردنی ئەو پرۆژە راستەقینانەی بەرژەوەندی و سودی گشتی تێدایە، لەگەڵ رۆڵی چاودێری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی".
باسكردنی دروشمی "بودجە مافتە"، وەكو ئاماژەیەك بووە بۆ چالاككردنی رۆڵی چاودێری ئەنجومەنی پارێزگا و هۆشیاركردنەوەی هاوڵاتیان لە مافە دەستوریی و یاساییەكانیان، بە تایبەت لە پرسی بودجەدا و پرۆژەكانی دیكەی پارێزگاكەدا.
"بودجە مافتە"؛ پڕۆژەیەكی گرنگ و وابەستەیە بە ژیانی هاوڵاتیانەوە و دەزگای میدیایی (كەركوك ناو) و رێكخراوی (وادی ئەڵمانی)، بە پاڵپشتی و کۆمەکی پەیمانگای دیموکراسی نیشتمانی - NDI - عيراق، تایبەت بە چاودێریكردنی رۆڵی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە پرۆسەی دانانی بودجەی حكومەتە خۆجییەكان لە هەر چوار پارێزگای كەركوك، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین جێبەجێیدەكەن.
ئامانجی پڕۆژەكە بەگشتی بۆ زیاتر هاندانی شەفافیەتە لە پرسی بودجە، لەگەڵ خوڵقاندنی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنە لە نێوان هاوڵاتیان، لێپرسراوان، کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا.
ئەشواق سالم، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بە (كەركوك ناو)ـی وت "هەوڵی جێبەجێكردنی دروشمی (بودجە مافتە) دەدەین، بەوەش هەوڵەكانمان تەرخاندەكەین بۆ پارێزگاری لە سامانی گشتی و هەڵبژاردنی پرۆژەی واقیعییانە كە بە ئەرێنی بۆ ژیانی خەڵك دەشكێتەوە".
بەپێی ياساى پارێزگا رێكنەخراوەكان لە هەرێمێكدا ژمارە 21 بۆ ساڵی 2008 – هەمواركراو، هاوڵاتیان مافی بەشداری و بیروبۆچونیان لە گفتوگۆكانی بودجەی پارێزگاكەیاندا هەیە، وەكو لە ماددەی 7ـی یاساكەدا هاتووە؛ پرۆژەی بودجەی گشتی پارێزگاكە لە دەزگاكانی راگەیاندنی خوێنراو، بینراو و بیستراو بڵاودەكرێنەوە بۆ ئەنجامدانی سیمینار و كۆنفرانس بۆ بەشداریپێكردنی هاوڵاتیانی پارێزگاكە و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و وەرگرتنی را و بۆچونیان.
ئەنجومەنی سەڵاحەدین ئامادەكاری دەكات بۆ گفتوگۆ و بەدواداچونی بڕگەكانی بودجە و چۆنیەتی خەرجكردنی بۆ پرۆژە بەردەوامەكان و پرۆژە راگیراوەكان، جگە لە خستنەڕوی پرۆژەی نوێی حزمەتگوزاری لە ناوەندی قەزا و ناحیەكاندا، بە تایبەت لە بوارەكانی تەندروستی، گواستنەوە و گەیاندنی ئاوی خواردنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 29ـی تشرینی یەكەم، ئەنجومەنی پارێزگا لە دانیشتنێكدا دوای هەڵبژاردنی چەند پۆستێك، تاوتوێی رۆڵی چاودێری ئەنجومەنی كرد و دواتر بە میوانداری پارێزگار، تاوتوێی پرۆژەكانی سندوقی ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتووەكان كرا، لەگەڵ گەشەپێدانی ژێرخان. بەپێی راگەیەندراوێكی ئەنجومەن.
لەو دانیشتنەدا بەدر فەحل، پارێزگاری سەڵاحەدین ئاماژەی بە گرنگی پرۆژە پێشكەشكراوەكانی حكومەت كردووە كە ئاڕاستەی ئەنجومەن كراوە، تا دەنگی لەسەر بدات و پێش بڕیاردانیش بە باشی دیراسەی لایەنی هونەری پرۆژەكان بكەن. هەروەها ئەندامانی ئەنجومەن، تاوتوێی چەندین دۆسیەیەكی خزمەتگوزارییان كردووە، لە نێویاندا نۆژەنكردنەوەی رێگا سەرەكییەكانی نێوان پارێزگاكان و باڵەخانە زیانلێكەوتووەكان و بنیاتنانی قوتابخانەی نوێ.
پێشتر ئەنجومەن لە دانیشتنی رابردودا، گفتوگۆی كەرتی كشتوكاڵ كرا و تیایدا لیژنەی كشتوكاڵی ئەنجومەن، راپۆرتێكی بەدواداچونەكانی دەربارەی وەرزی دانەوێڵەی ئەمساڵ خوێندنەوە، لیژنەی گەشەپێدان و پلاندانان و وەبەرهێنانیش، دەرەنجامی بەدواداچونەكانیان بۆ پلانی وەبەرهێنانی شاری تكریت خوێندنەوە، كە تیایدا هەڵسەنگاندن بۆ پرۆژەكان كراوە و دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی پارێزگا بە كۆی دەنگ پلانی پرۆژەكانی بە لەبەرچاوگرتنی راسپاردەكانی لیژنەكە، پەسەند كرد.