عومەر كروی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە دورخستنەوەی لەو پۆستە بە "نایاسایی و نارەسمی" ناودەبات، لەبەرانبەر تۆمەتباركردنی بە "تاكڕەو و كەمتەرخەم" لە راپەڕاندنی ئەركەكانیدا.
ئەنجومەنی پارێزگاكە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 29ـی تشرینی یەكەمی 2024، كاتژمێر 2:10 خولەك لە پەیجی رەسمی لە فەیسبوك بڵاویكردەوە لە دانیشتنێكدا دەنگیانداوە بە لابردنی عومەر كروی، لە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستەكە. بەبێ خستنەڕوی هیچ رونكردنەوە و وردەكارییەكی زیاتر.
كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی 9 ئەندام بوو، لە كۆی 15 ئەندامی ئەنجومەن بە سەرۆكایەتی سالم تەمیمی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا.
سالم تەمیمی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا دوای بڕیاری دورخستنی سەرۆكی ئەنجومەن، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، عومەر كروی تۆمەتباركرد بە "كەمتەرخەمی و تاكڕەوی لە بڕیاردان و پابەندنەبونی بە دەرەنجامی دانیشتنەكان و پشگوێخستنی زۆرێك لەو دۆسیەیانەی خزمەت بە هاوڵاتیان دەكەن، بەدەم ناڕەزایی و خۆپیشاندانی هاوڵاتیانەوە نەڕۆیشت".
ئەو خۆپیشاندانەی تەمیمی باسیكرد، لە 24ـی تشرینی یەكەمەوە دەستیپێكرد و چەندین ناوچەی دیالەی گرتەوە، دژی بڕیارەكانی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ دابەشكردنی پۆستی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییەكان لەسەر بنەمای "حزبایەتی و خزمایەتی". دوای ئەوەی لە درەنگانێكی شەوی 23ی تشرینی یەكەم، ئەنجومەن لە كۆبونەوەیەكدا دور لە چاوی كامێراكان و چاودێرانی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، پۆستی زیاتر لە 10 قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەی یەكلاییكردەوە.
عومەر كروی، سەرۆكی دورخراوەی ئەنجومەن، دوای دوو كاتژمێر لە بڕیارەكەی ئەنجومەن كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رێكخست كە پەیامنێری (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، جەختیكردەوە كە دانیشتنەكە "نایاسایی و رەسمی نەبووە"، بەوپێیەی لە چەند كاتژمێرێكی دیاریكراودا رێكخراوە بە ئامادەبونی 9 ئەندام و بابەتی لێپرسینەوە و دورخستنەوە لە یەككاتدا خراوەتەڕوو.
بەپێی ياساى پارێزگا رێكنەخراوەكان لە هەرێمێكدا ژمارە 21 بۆ ساڵی 2008 – هەمواركراو ئەنجومەن دەسەڵاتی لابردنی سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكەی هەیە بە زۆرینەی دەنگی رەها لەسەر داوای سێیەكی ئەندامان ئەگەر دەستپاك نەبوو، یان هۆكاربوو بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتی، یان یەكێك لە مەرجەكانی ئەندامێتی ئەنجومەنی لە دەستدا یاخود كەمتەرخەم بوو لە راپەڕاندنی ئەرك و بەرپرسیارێتییەكانیدا.
بەڵام كروی ئاماژەی بەوەدا ئەوەی رویداوە؛ "بەئامانجگرتنی شایستەكانی پێكهاتەیەك بووە" و دۆسیەكەی بەستەوە بە بابەتی دەستلەكاركێشانەوەی خەمیس خەنجەر، سەرۆكی حزبی سیادە لە رۆژی پێشتردا، دوای ئەوەی رێكارەكانی لێپرسینەوە و دادپەروەری گرتیەوە.
هەروەها لە نوسینێكیشدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبوك، كروی بڵاویكردۆتەوە كە باجی وتنی "نەخێر" دەدەن بەرانبەر تێپەڕاندنی هەندێك ناو بۆ پۆستی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان بەبێ رێكاری وردبینی، بۆیە رێگای یاسایی بۆ بەرگری لە مافەكانیان دەگرنەبەر.
دانیشتنەكەی سەندنەوەی متمانە لە سەرۆكی ئەنجومەن لەكاتێكدابوو، كاتژمێر 11:30 خولەكی پێشنیوەڕۆ لە هەمان پەیجی رەسمی ئەنجومەن لە فەیسبوك بە ناونیشانێكی كورت نوسرابوو، دانیشتنی ژمارە 14ـی ئەنجومەن بەهۆی تەواونەبونی نیسابەوە دواخراوە، ئەو دانیشتنەكە كارنامەكەی بە واژۆی عومر كروی-ـیە و تەنیا بۆ تاوتوێی دوو دۆسیەی دیكەیە نەك لێپرسینەوە یاخود باسكردنی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەن.
یەكەم دانیشتنی ئەنجومەن دوای هەڵبژاردن لە 5ـی شوبات بەڕێوەچوو، بەهۆی ناكۆكی و ململانێی نێوان كوتلە جیاوازەكانەوە، بەكراوەیی مایەوە تا 1ـی ئاب، لە هۆتێل رەشید-ـی بەغدای پایتەخت، پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ پۆستەكانی سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكەی، پارێزگار و دوو جێگرەكەی بەڕێوەچوو، ئەوەش قۆناغێكی دیكە لە بایكۆتی بەدوای خۆیدا هێنا و لە مانگی ئەیلول، ناڕازییەكانیش بۆ ئەنجومەن گەڕانەوە، بەڵام دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان و دوایینیشیان بۆ لابردنی سەرۆكی ئەنجومەن، ناكۆكییەكانی ئەو دامەزراوەیەی زیندوكردەوە.