خەتەنەكردنی مێینەیەك:
حوکمێکی گرنگ لە دژی كوردێكی نیشتەجێی نۆتینگهام

كەمپەینێكی بەرەنگاربونەوەی خەتەنەكردنی مێینە لە عیراق. فۆتۆ: رێكخراوی وادی

تۆماس ڤۆندێر ئۆستن

دادگای نۆتینگهام لە بەریتانیا کوردێكى عیراقى به‌ناوى عیماد كاكی به‌ چوار ساڵ زیندانى سزادا، دوای ئەوەی تاوانبار كرا بە پلاندانان بۆ خه‌ته‌نه‌كردنى كچه‌كه‌ى، ئەوەش لە 3ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ.

جیاوازى ئه‌م دۆسیه‌یه‌ له‌گه‌ڵ دۆسییه‌كانى تر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ رابردوودا دایك و باوكان تۆمه‌تبار ده‌كران به‌ خه‌ته‌نه‌كردنى كچه‌كانیان، به‌ڵام دۆسیه‌كه‌ى عیماد كاكی به‌شێوه‌یه‌كه‌ كه‌ هه‌ستاوه‌ به‌ دانانى پلان و ئاماده‌كارىی بۆ ئه‌نجامدانى ئەو كارە.

هه‌رچه‌نده‌ پلانه‌كه‌ سه‌رینه‌گرت و له‌ دادگا كۆتایی هات، به‌ڵام كاكی پلانى داناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى كچه‌كه‌ى بنێرێته‌وە بۆ عیراق بۆ ئه‌وه‌ى له‌وێ خه‌ته‌نه‌ بكرێت. داواكارى گشتى دۆسییه‌كه‌ى به‌ هه‌ندوه‌رگرت، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت بڕیارى له‌سه‌ر بدات، بۆ ئەوەش بۆچونى چه‌ندین كه‌سى شاره‌زا و سه‌رچاوه‌ى ناوخۆیی وه‌رگرت، بەر لە بڕیاردان.

كاكی و پارێزه‌ره‌كه‌ى له‌ دادگا جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ خه‌ته‌نەكردن كرده‌وه‌یه‌كه‌ كه‌ لە عیراق سزاى له‌سه‌ر نییه‌، ئه‌و ئاگادارى ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ له‌ ساڵى 2011ەوه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستانى عیراق به‌پێى یاسا خه‌ته‌نه‌كردنى كچان قه‌ده‌غه‌ كراوه‌.

دۆخێكى دژ به‌ یه‌ك

ده‌ركردنى یاساى خه‌ته‌نه‌كردنى كچان لە پەرلەمانی كوردستان- عیراق ده‌رئه‌نجامى كه‌مپە‌ینى چڕ و ماوه‌درێژى رێكخراوه‌كانى ژنان و مافى مرۆڤە كه‌ له‌ ساڵى 2005ەوە وه‌ك یه‌ك هێز كاریان كرد له‌ چوارچێوه‌ى كه‌مپه‌ینى (StopFGMKurdistan) له‌وكاته‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا گۆڕانكارى زۆر رویداوه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان.

له‌ سایه‌ى ئه‌و كه‌مپه‌ینه‌ جۆراوجۆر و فێركارییه‌ چڕه‌ى كه‌ له‌ باره‌ى مه‌ترسییه‌كانى خه‌ته‌نه‌ كراوه‌ له‌ ئێستادا له‌ چه‌ندین ناوچه‌ خه‌ته‌نه‌كردن نه‌ماوە و لە چه‌ند ناوچه‌یه‌كى تریش ژماره‌ى كه‌یسه‌كانى خه‌ته‌نه‌كردن به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو كه‌مبوونه‌ته‌وە.

لە ‌باره‌ى خه‌ته‌نه‌كردنه‌وه‌، عیراق له‌ دۆخێكى دژه‌ به‌یه‌كدایه‌، چونكه‌ له‌ به‌شێكیدا خه‌ته‌نه‌كردن قه‌ده‌غه‌یە و له‌ به‌شه‌كانى تریشیدا یاساییبونى ئه‌م بابه‌ته‌ رون نییە.

ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ریانه‌ى كه‌ كاریان كردووه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنى یاسایه‌كى هاوشێوه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق له‌ به‌غدا، تاوه‌كو ئێستا سه‌ركه‌وتوو نه‌بون. ئه‌مه‌ش زۆرجار ده‌بێته‌ پاساو بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ ده‌یانه‌وێت ئه‌م كاره‌ بكه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ دۆسییه‌كه‌ى عیماد كاكیدا رویدا و به‌ به‌كارهێنانى ئه‌و پاساوه‌ى كه‌، "له‌ عیراق یاساییه‌" توانى به‌رگریی له‌ خۆى بكات.

سەرەتا دادگاى نۆتینگهام پشتى بەو بۆچونەی سەرەوە بەست، بەڵام لە پاش وەرگرتنی رای ژمارەیەك لە پارێزه‌ران و كه‌سانى شاره‌زایی یاسایی، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى لەكاتى به‌ڕێوه‌چونى پرۆسه‌ى دادگاییه‌كه‌ى عیماد كاكیدا، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ ئه‌و له‌ بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵكى هه‌رێمێكه‌ له‌ باكورى عێراق كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت و له‌ژێر كۆنترۆڵى حكومه‌تى ناوه‌ندیى عیراقدایه‌، هەروەها پەرلەمانی تایبەت بەخۆیان هەیە و بە یاسا خەتەنەكردن قەدەغەكراوە.

wadi2
سلێمانی/ 15ی ئایاری 2023/ گفتوگۆی تیمی وادی ئەڵمانی بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆژەی گواستنەوەی رێگریكردن لە خەتەنەكردنی مێینە بۆ باشور و ناوەڕاستی عیراق. فۆتۆ: شاتوو كامەران

ئه‌و بڕیاره‌ى كه‌ له‌لایه‌ن دادگاى به‌ریتانیاوه‌ دراوه‌ ده‌كرێت زه‌مینه‌خۆشكه‌رێكى باش بێت، نه‌وه‌ك ته‌نیا بۆ قه‌ده‌غه‌كردنى پلاندانان بۆ خه‌ته‌نه‌كردن له‌ ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و وڵاته‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجار نییه‌ كه‌ روداوى له‌و شێوه‌یه‌ روده‌دات، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ لێره‌ به‌دواو لانیكه‌م ته‌نیا له‌ به‌ریتانیا و وه‌یڵزیش بێت چیتر كه‌سانى عیراقى نه‌توانن بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان خه‌ته‌نه‌كردن یاساییه‌.

جانین میككینیی، داواكارى گشتى، وتی "پێویستبوو كه‌ عیماد كاكی روبه‌ڕوى ده‌رئه‌نجامى كاره‌كانى بكرێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌وڵیداوه‌ خه‌ته‌نه‌ى كچێكى بێتاوانى منداڵ بكات و زۆرى لێبكات بۆ ئه‌نجامدانى هاوسه‌رگیرییه‌ك كه‌ به‌ خواستى خۆى نه‌بووه‌"، هەروەها وتی "ئه‌گه‌ر ئه‌و سه‌ركه‌وتووبوایه‌ له‌و شته‌ى كه‌ پلانى بۆ دانابوو، ئه‌و منداڵه‌ ئازارێكى گه‌وره‌ى ده‌رونى و سایكۆڵۆجى ده‌چه‌شت".

"پێویستبوو كه‌ عیماد كاكی روبه‌ڕوى ده‌رئه‌نجامى كاره‌كانى بكرێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌وڵیداوه‌ خه‌ته‌نه‌ى كچێكى بێتاوانى منداڵ بكات و زۆرى لێبكات بۆ ئه‌نجامدانى هاوسه‌رگیرییه‌ك كه‌ به‌ خواستى خۆى نه‌بووه‌

جانین جەختیكردەوە "ئه‌مە دۆسییەیەكی گرنگ بوو له‌ جێبه‌جێكردنى یاسادا، نه‌وه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ى كه‌ یه‌كه‌مجاره‌ دۆسییه‌ى لەم شێوه‌یه‌ روبدات، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ى كه‌ دۆسییه‌كه‌ په‌یامێكى گرنگى گه‌یاند، به‌و كه‌سانه‌ى كه‌ ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ رۆژێك له‌ رۆژان ئه‌م بیركردنه‌وه‌ تۆقێنه‌ره‌یان هه‌بێت".

هەروەها وتی كە پەیامێكی تری ئەم كەیسە ئەوەیە "ئه‌گه‌ر هه‌ر به‌ڵگه‌یه‌ك هه‌بێت كه‌ كه‌سانێك پلان بۆ بابه‌تێكى له‌مشێوه‌یه‌ داده‌نێن، ده‌برێنه‌ به‌رده‌م دادگا و سزا ده‌ده‌رێن جا سه‌ركه‌وتوبن له‌ جێبه‌جێكردنى پلانه‌كه‌یاندا یان نا".

لە كۆتاییدا وتی "ته‌نیا له‌بەرئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌م تاوانه‌ له‌ به‌شێكى ترى ئه‌م جیهانه‌ روده‌دات، واتاى ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئێمه‌ سزاى بۆ دانه‌نێین. ئێمه‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ى دادپه‌روه‌رى بچه‌سپێنین بۆ قوربانییه‌كان جا له‌ هه‌رشوێنێك بن، ئه‌گه‌ر هێزى یاسایی ئێمه‌ پێیانبگات".

كاریگه‌رییه‌كى به‌رچاو

بڕیاره‌كه‌ى دادگاى به‌ریتانیا له‌لایه‌ن چالاكوانانى عیراقه‌وه‌ پێشوازى لێكرا. باخان جه‌مال له‌ رێكخراوى ئه‌دوى كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ له‌ دژى خه‌ته‌نه‌كردنى كچان كارده‌كه‌ن، هیواخوازه‌ كه‌ ئه‌وە‌ هه‌نگاوێكى سه‌ره‌تایی بێت بۆ به‌ سزاگه‌یاندنى ئه‌و دایك و باوكانه‌ى كه‌ ئه‌و كاره‌ له‌ دژى منداڵه‌كانیان ده‌كه‌ن، نه‌وه‌ك ته‌نیا له‌ ئه‌وروپا، به‌ڵكو له‌ عیراقیش. "ئه‌مه‌ به‌ زانینى ئه‌وه‌ى له‌ كۆتاییدا، خه‌ته‌نه‌كردنى كچان له‌ سه‌رتاسه‌رى وڵاته‌كه‌دا ئێستا به‌ تاوان هه‌ژمار ده‌كرێت"، باخان وایوت.

جەختیشیكردەوە "به‌هارى ساڵى 2024، كۆنفرانسێكمان رێكخست له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كانى ناوه‌ڕاست و باشورى عیراق، بە ‌مه‌به‌ستى گفتوگۆ و هه‌ڵوه‌سته‌كردن له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌. به‌هیواین ئه‌مجاره‌ بتوانین فشارى ته‌واوه‌تى بخه‌ینه‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عیراق بۆ ئه‌وه‌ى به‌ گرنگییه‌وه‌ سه‌یرى ئه‌م بابه‌ته‌ بكه‌ن".

باخان وتی "بڕیاره‌كه‌ى دادگاى نۆتینگهام پێویسته‌ ته‌نیا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر به‌ریتانیا و وڵاتانى ئه‌وروپا نه‌بێت، به‌ڵكو كاریگه‌ریی له‌سه‌ر عیراق-یش هه‌بێت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT