شایەن عەلی؛ دادگای كەركوك سزایدا و لە زیندانێكی بەغدا گیانیلەدەستدا

شایەن عەلی

كەركوك ناو

شایەن عەلی، كچە چالاكوانی نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەنێو زیندانێكی بەغدا گیانیلەدەستدا، ئەوەش دوای ئەوەی لە دادگای كەركوك سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.

شایەن (35ساڵ) كە خەڵكی كەركوكە و مافی پەنابەرێتی لە ئەمریكا هەبووە، ئێوارەی چوارشەممە 30ی تشرینی یەكەم كەسوكاری لە كەركوك ئاگاداركرانەوە لە گیانلەدەستدانی كچەكەیان لەنێو زیندان.

سەرچاوەیەكی نزیك لە بنەماڵەكەی بە (كەركوك ناو)ی وت "بەڵێ بە كەسوكاریان وتووە شایەن گیانیلەدەستداوە، بەڵام هێشتا هۆكارەكەی نازانرێت، تەرمەكەی بۆ توێكاریی بردراوەتە پزیشكی دادی بەغدا"،

جەختیشیكردەوە كە بڕیارە "تەرمەكەی وەربگرنەوە و بیگەڕێننەوە بۆ كەكوك و بەخاكی بسپێرن"، بەبێ دیاریكردنی كاتەكەی.

زیندانیكردنی شایەن عەلی دوای ئەوە هات كە دادگای كەركوك لە 17ـی تەموزی 2023 بڕیاریدا بە سزادانی بۆ ماوەی دوو ساڵ، بە تۆمەتی "سوكایەتی و قسەی نەشیاو" بە دادوەر و دادگاكانی عیراق.

شایەن 22ی حوزەیرانی هەمان ساڵ بە بڕیاری دادوەر دەستبەسەركرا، دوای ئەوەی دوو رۆژ پێشترو لە 20ی حوزەیران لە چەند ڤیدیۆیەكدا لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك "سوكایەتی و قسەی نەشیاو"ـی بە دادوەر و دادگا كرد، بەبێ ناوهێنانی هیچ دادوەر و دادگایەك.

سەرچاوەیەك لە دادگای كەركوك پێشتر بۆ (كەركوك ناو) جەختیكردەوە "شایەن كەیسی جیابونەوە لە هاوسەرەكەیی و وەرگرتنەوەی منداڵەكەی لە دادگایە و هێشتا یەكلایینەبۆتەوە، لەو سەروبەندەدا لە چەند گرتەیەكی ڤیدیۆییدا سوكایەتی بە دادوەرەكان كردووە، كاتێك چووە بەدوای كەیسەكەیدا لە دادگای كەركوك، بە بڕیاری دادوەر دەستبەسەركراوە".

شایەن عەلی، بەرلەوەی لەلایەن دادگای كەركوكەوە سزابدرێت، لە بنكەی پۆلیسی رەحیماوا دەستبەسەركرا و هەرئەوكات بۆ گرتوخانەی گرتن و گواستنەوەی كەركوك گوازرایەوە.

ناوبراو بەپێی یاسای سزادانی عیراقی و لەسەر سكاڵای دوو دادوەری دادگای كەركوك سزادرا، بەهۆی هێرشكردنی بە ئەنقەست بۆ سەر كەسێكی تر "لەڕێی كردەوەیەكی پێچەوانەی یاسا".

تائێستا حكومەتی عیراق لەسەر ئاستی هیچ وەزارەتێك رونكردنەوەی لەسەر ئەو كەیسە نەداوە.

ژینۆ خەلیل، چالاكوانێكی بەرگریكردن لە مافەكانی ژنان، لە نوسێنێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك و لەژێر ناوی "لەسەر وەسیەتی خۆی چیرۆكەكەی بڵاودەكەمەوەـ، لە بەشێكیدا دەڵێت كە شایەن لە ئەمریكا پەیوەندی لەگەڵ پیاوێكی مەغریبیدا هەبووە و دواتر گەڕاونەتەوە بۆ كوردستان و هاوسەرگیرییان كردووە، بەڵام ناوبەناو كێشەیان بۆ دروستبووە.

دوای لەدایكبونی یەكەم منداڵیان وەك ژینۆ دەنوسێت، بەردەوام شایەن كێشەی هەبووە لەگەڵ هاوژینەكەیدا و "توندوتیژ بووە لەگەڵیدا"، بەو هۆیەوە لەگەڵ كوڕەكەیدا گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان و لە سلێمانی ژیاوە. بەڵام شایەن "نەهێشتووە كارێكی وابكات كە شادی كوڕی لە باوكی داببڕێت و نەیناسێتەوە، بۆیە داوای لە هاوژینەكەی كردووە سەردانی كوردستان بكات و بۆ بینینی كوڕەكەی".

"كە هاوژینەكەی هاتۆتە كوردستان، داوایکردووە بە شێوەیەکی کاتی شاد ببات بۆ مەغریب، چونکە ئەویش دوای جیابونەوەی لە شایەن لە مەغریب ژیاوە"، ئیتر بەپێێ وتەی ژینۆ خەلیل، ئەوە دواین بینینی شایەن و كوڕەكەی بووە و جەختیكردەوە "لە ماوەی پێنج ساڵدا بەردەوام شایەن لە نێوان ئەمریكا، عیراق و مەغریبدا هاتوچۆی كردووە بۆ بەدەستهێنانەوەی كوڕەكەی، بەڵام هیچ یاسایەك نەیتوانیوە كوڕەكەی بۆ بەدەستبهێنێتەوە، بۆیە دەستیكرد بە رەخنەگرتن لە لەدەسەڵات و یاسای عیراق"، تاوەكو 30ی تشرینی یەكەم كەسوكاریان ئاگاداركردەوە كە لەزیندانێكی بەغدا گیانیلەدەستداوە.

شایەن لە چەندین گرتەی ڤیدیۆییدا كە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویدەكردەوە، دژایەتی خۆی بۆ جیاكاریی رەگەزی و نەتەوەیی نیشاندەدا، چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی لە بازگەكاندا كاردانەوەی زۆری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی بەدواداهات، كاتێك كارمەندانی بازگەكە داوای ناسنامەیان لێدەكرد و ئەویش گفتوگۆی خۆی و كارمەندەكانی بڵاودەكردەوە و مشتومڕەكانی تۆماردەكرد.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT