یەكێتی داوای راگرتنی سەرژمێریی سەرتاسەریی دەكات

عیراق/ ئایاری 2024/ بەڕێوەچونی پرۆسەی سەرژمێریی ئەزمونی لە پارێزگا جیاوازەكان. فۆتۆ: راگەیاندنی وەزارەتی پلاندانان

كەركوك ناو

لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، داوای راگرتنی سەرژمێریی سەرتاسەریی دەكات و راگرتنەكەی بە "ئەرکێکی ئێجگار گرنگ و چارەنوسساز" ناو دەبات، چونكە پێیوایە بۆ ماددەی 140 دەبێتە بەڵا.

عیماد ئەحمەد، كە هاوكات ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتییە، لە وتارێكیدا كە لە پێگەی فەرمی حزبەكەی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ی كانونی یەكەم بڵاویكردۆتەوە، دەنوسێت "کابینەی محەمەد شیاع سودانی بۆ مەرامی شاراوەی سەرۆک وەزیران دەیەوێت سەرژمێریی سەرتاسەریی لە عیراقی فیدراڵدا ئەنجامبدات"، زیاتر دەڵێت "سەرژمێرییەکە دەبێتە تاپۆی رەشی عوسمانی لە دەستی نەیارەکانی کورد و بۆ ماددەی (140)ـی دەستور و بۆ هەرێمی کوردستانیش دەبێتە بەڵایەک بۆ رێژەی کورد لەسەر ئاستی عیراق".

كابینەی محەمەد شیاع سودانی بۆ مەرامی شاراوەی سەرۆک وەزیران دەیەوێت سەرژمێریی سەرتاسەریی لە عیراقی فیدراڵدا ئەنجامبدات

ئەوەش لەكاتێكدایە حسێن حەمید، سەرپەرشتیاریی ناوەندی تایبەت بە کەرکوک لە دەستەی ئامار مانگی رابردوو لە چاوپێكەوتنێكی (كەركوك ناو)دا وتی "ئەم سەرژمێرییە هیچ پەیوەندییەکی بە ماددەی 140ی دەستوری عیراقەوە نییە، مەگەر تەنیا لە دۆخێکی تایبەتدا ئەنجومەنی وەزیران و دادگای فیدراڵی ئاگاداربکرێنەوە، کە ئەم سەرژمێرییە هاوشێوەی هەمان سەرژمێری دەبێت کە لە ماددەی 140ی دەستوری عیراق ئاماژەی بۆ كراوە و هەژماربكرێت"، زیاتر وتی "بەڵام ئێمە جارێكی تر جەختدەكەینەوە لەوەی ئەم سەرژمێرییە هیچ پەیوەندییەكی بەو سەرژمێرییەوە نییە كە لە ماددەی 140دا ئاماژەی پێكراوە، چونكە خانەی نەتەوەشی تیانییە".

لە ماددەی 140ی دەستوری عیراق كە تایبەتە بەكلاییكردنەوەی خاوەندارێتی ناوچەكانی جێناكۆك و لە قۆناغی دووەمیدا هاتووە كە سەرژمێری گشتی لە عیراق ئەنجامبدرێت، ئەوەش بەرلەوەی لە قۆناغی سێیەم و كۆتاییدا راپرسی بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەو پرسە بەرێوەبچیت.

بەڵام هێشتا قۆناغی یەكەمی ماددەكە كە قەرەبوكردنەوە و ئاساییكردنەوە تەواونەبووە، هەرچەندە دەبوو هەرسێ قۆناغەكە تا كۆتایی ساڵی 2007 كۆتایی بهاتایە.

سەرژمێریی گشتی بڕیارە لە 20ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە سەرتاسەری عیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە ئەنجامبدرێت، ئەوەش یەكەم سەرژمێرییە لە عیراق و لە دوای ساڵی 1997ەوە ئەنجامبدرێت.

عیماد ئەحمەد دەنوسێت "سەرژمێریی سەرتاسەریی بەھیچ شێوەیەک لەبەرژەوەندیی گەلی کوردستاندا نییە، بەتایبەتی لە دۆخی نالەباری ناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکان، بۆیە پێویستە سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان لە ئاستی لێپرسراوێتیی مێژوویی خۆیدا بێت و بەدەستە جەمعی دور لە ململانێی سیاسی و بەرژەوەندیی تایبەت و حزبیی، هەوڵی چارەسەرکردنی ئاشتیانەی بدات و کورد لە گۆڵمەزێکی تر رزگار بکات".

پێویستە سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان کورد لە گۆڵمەزێکی تر رزگار بکات

پێشتریش چەند جارێك فەهمی بورهان، سەرۆكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامدانی سەرژمێری لە ناوچە جێناكۆكەكان بە مەترسی زانیوە، بەڵام لەگەڵئەوەشدا لابردنی بڕگەی نەتەوەی بە خاڵێكی گرنگ داناوە بۆ ئەوەی نەتوانرێت سەرژمێرییەكە بە ئاقارێكی تردا ببرێت.

بەڵام حسێن حەمید دەڵێت "ئامانج لەم سەرژمێرییە بۆ ئەوەیە تاوەکو بزانرێت دابەشبوونی ژمارەی دانیشتووان چۆنە... لە ڕێگەی سەرژمێرییەوە باشتر بۆمان روندەبێتەوە چ ناوچەیەك چەندی ئاو، کارەبا، خوێندنگە و خزمەتگوزارییەکانی دیکەی پێویستە".

عیماد ئەحمەد لە بەشێكی تری وتارەكەیدا پێیوایە راگرتنی ئەو سەرژمێرییە "ئەرکێکی ئێجگار گرنگ و چارەنوسسازە"، زیاتر دەڵێت "پێویستە بە پەلە و بێ دواکەوتن، هەموو لایەنە سیاسەکانی کورد بەبێ جیاوازیی، سەرژمێرییەكە رابگرن و دوایبخەن بۆ كاتێكی تر".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT