چوار هەزار ماسی لە كێڵگەیەكی بەخێوكردنی ماسی لە خانەقین، مرداربونەوە، كە بەهاكەی 30 ملیۆن دینار دەكات.
هەزال زەیدان، خاوەن کێڵگەكە لە گوندی تویتک لە خانەقین، بە (كەركوك ناو)ی وت "حەوزەكەم نزیكەی چوار هەزار ماسی تیابوو، هەموی مرداربونەوە، بەگشتی بەهاكەی 30 ملیۆن دینار بوو". جەختیشیكردەوە لەوەی ماسییەكانی هێشتا ئامادەنەبون بۆ فرۆشتن، بەڵام كێشی بەشێكیان تا نزیكەی دوو كیلۆ دەبێت.
ئەوەش دوای ئەوە هات كە دوێنێ یەكشەممە 3ی تشرینی یەكەم كارەبای حەوزەكە بڕاوە و بەهۆیەوە ماسییەكان مرداربونەتەوە.
بەگشتی حەوزی ماسی دەبێت كارەبای بەردەوامی هەبێت، بۆ ئەوەی ماسییەكان گەشە بكەن و نەمرن، بۆ ئەو ماسییانەی گەورەن هاوشێوەی ماسییەكانی هەزال، نابێت لە 10 بۆ 15 خولەك بێ كارەبابن.
هەزال فەرمانگەی كارەبای خانەقینی تۆمەتباركرد بەوەی "بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە محاویلەی كارەبای كێڵگەكەیان كوژاندۆتەوە". بۆیە داوای رونكردنەوە لە فەرمانگەی كارەبا كرد و وتی "هیچ سەرپێچییەكم نەكردووە، بەپێی یاسا مامەڵە دەكەم و باج-یش دەدەم، نازانم بۆچی محاویەلەكەیان كوژاندۆتەوە".
ئەوەش لەكاتێكدایە لێپرسراوێك لە فەرمانگەی كارەبای خانەقین بە (كەركوك ناو)ی وت "لەم دوو رۆژە هیچ مەفرەزەیەکی کارەبای خانەقین نەچوون بۆ بڕینی كارەبای هیچ شوێنێك لە گوندی تویتك، بەڵام پێدەچێت بەهۆی کەشوهەوا و بارانبارینەوە گرفتێك لە محاویلەی ئەو کێڵگەیە رویدابێت".
لەگەڵئەوەشدا رونیكردەوە دروستكردنی حەوزی ماسی بەپێی نوسراوی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكان لە خانەقین رێپێدراو نییە و نایاساییە.