رێکخراوی ھاریکاری یاسایی ژنان كۆمەڵێك راسپاردەی لەبارەی دۆخی ژنان لە عیراق و هەرێمی كوردستان ئاراستەی كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات لە ژنێف، ئەوەش بەر لە بەڕێوەچونی كۆبونەوەی كۆمسیۆنەكە لەگەڵ وڵاتان لەوانەش عیراق.
شۆخان ئەحمەد، بەڕێوەبەری رێکخراوی ھاریکاری یاسایی ژنان كە 21ی تشرینی دووەم بۆ كۆبونەوەیەك لە ژنێف بوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "هەموو ئەو وڵاتانەی ئەندامن لە نەتەوە یەكگرتووەكان، لەوانەش عیراق، چوار ساڵ جارێك دەبێت راپۆرتی خۆیان لەسەر دۆخی مافەكانی مرۆڤ لە وڵاتەكانیان پێشكەش بە نەتەوەیەكگرتووەكان بكەن، حكومەتی عیراق لە ساڵی 2019دا راپۆرتی خۆی پێشكەش كردووە".
لە ئەنجامی راپۆرتی ساڵی 2019ی عیراقدا، كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ زیاتر لە 290 راسپاردەی پێشكەشی حكومەتی عیراق كردووە بۆ ئەوەی لە پرسی مافەكانی مرۆڤ لەوانەش ژنان پێوەی پابەندبێت.
بڕیارە لە مانگی یەكی ساڵی داهاتوو پێداچونەوەی خولی گشتگیر بكرێت بۆ ئەوەی بزانن ئایا ئەو راسپاردانەی جێبەجێ كردووە، یاخود نا.
شۆخان وتی "بەر لەوەی ئەو پێداچونەوەیە لەگەڵ عیراق بكەن و بەرلەوەی حكومەتی عیراق لە سەرەتای ساڵی داهاتوو راپۆرتی نوێی خۆی پێشكەش بكات، كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ دەیەوێت گوێ لە رێكخراوەكانی ژنان و چالاكوانانی ژنان بگرێت بۆ ئەوەی بەرچاوڕونیان هەبێت و بزانن بارودۆخەكە چۆن دەگوزەرێت".
زیاتر وتی "ئێمە وەكو رێكخراوەكان بۆمان هەیە راپۆرتی سێبەر بدەین و رونیبكەینەوە كە ئایا حكومەتی عیراق راسپاردەكانی پێشوی جێبەجێكردووە یاخود نا".
وەكو رێكخراوەكان بۆمان هەیە راپۆرتی سێبەر بدەین و رونیبكەینەوە كە ئایا حكومەتی عیراق راسپاردەكانی پێشوی جێبەجێكردووە یاخود نا
كۆبونەوەكە لەگەڵ ئەندامانی نەتەوە یەكگرتووەكان بوو، هەر ئەوانیش دواتر لەسەر بنەمای چاودێری خۆیان و راسپاردەی رێكخراوەكانی تایبەت بە پرسەكان ژنان و مافی مرۆڤ دەتوانن پرسیار ئاراستەی نوێنەرانی عیراق بكەن لە كۆبونەوەی سەرەتای ساڵی داهاتوو.
رێکخراوی ھاریکاری یاسایی ژنان لە چوارچێوەی راپۆرتێكی سێبەردا كۆمەڵێك راسپاردەی پێشكەشی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ كرد.
لە راسپاردەكانی رێكخراوەكەدا داوای دروستكردنی دادگایەكی تایبەتمەند دەكرێت بۆ یەكلاییكردنەوەی كەیسەكانی پەیوەست بە كوشتنی ژنان بەتایبەت لەسەر شەرەف.
شۆخان وتی "ئامانجمان ئەوەیە ئەو كەیسانە لە دادگاكاندا زوو یەكلاییبكرێنەوە و بكەران سزای خۆیان وەربگرن، چونكە لە ئێستادا كەیس هەیە سێ ساڵی پێچووە".
هەروەها داوای دروستكردنی دادگای خێزانی كراوە كە تایبەتمەند بێت بە چارەسەركردنی كێشە خێزانییەكان و دڵنیایی بدات ئەو كەیسانەی كە ژن و منداڵی تێدایە بەشێوەیەكی كاریگەر و هەستیارانە چارەسەر بكرێن.
لەگەڵ داواكردن بۆ راگرتنی باڵانسی جێندەری لە نێو دامەزراوە یاساییەكاندا، كە دڵنیایی بدات لەوەی دادوەرەكان و كارمەندە یاساییەكان و لێكۆڵەرەكان بەشێوەیەكی یەكسان لەلایەن ژنان و پیاوانەوە نوێنەرایەتی دەكرێن، ئەوەش بە ئامانجی ئەوەی "ئەو بەڵگانەی كە كۆكراونەتەوە، بەشێوەیەكی دروست لەنێو كەیسەكاندا مامەڵەیان پێوەبكرێت و بەكاربهێنرێن".
شۆخان وتیشی "لە كۆبونەوەكاندا باسی پرسی هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسێتی و كاریگەرییە خراپەكانی و یاسای توندوتیژی خێزانی كردووە".
لەكۆتاییدا وتی "بەڵێ ئەم دانیشتنەكە گرنگە، لەبەرئەوەی كاتێك حكومەت عیراق مانگی داهاتوو دەچێتە ژنێڤ و راپۆرتی خۆی پێشكەش دەكات لەسەر پرسی مافەكانی مرۆڤ، ئەوكات نەتەوە یەكگرتووەكانیش لەڕێی راپۆرت و بۆچونەكانی ئێمەوە خۆیان ئامادە كردووە تا بزانن چۆن لەگەڵ ئەو راپۆرتەی عیراق مامەڵە بكەن و بەرچاویان رونبێت".