سەدا 23ـی دانیشتوانی شێخان لە نۆرەی بۆ كارتی نیشتیمانی_ـدان

نەینەوا/ 2024/ نۆرەی هاوڵاتیان بۆ راییكردنی مامەڵەی كارتی نیشتیمانی لە شێخان فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

عەمار عەزیز – نەینەوا

نۆرەی راییكردنی مامەڵەی كارتی نیشتیمانی لە شێخان، گەیشتۆتە نزیكەی 40 هەزار كەس، ئەوەش زیاتر لە سەدا 23ـی كۆی دانیشتوانی قەزاكە دەكات.

بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، هەر هاوڵاتییەك ئەگەر ئێستا سەردانی فەرمانگەی كارتی نیشتیمانی بكات لە شێخان، ئەوا نزیكەی 40 هەزار كەس لە پێشیەتی، لە كاتێكدا بەپێی خەمڵاندنەكانی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان، ژمارەی دانیشتوانی قەزاكە زیاتر لە 172 هەزار كەسە، بەوهۆیەوە هاوڵاتی هەیە ساڵێكە نۆرەی بۆ راییكردنی مامەڵەكانی نەهاتووە.

حسێن حاجی، لە ناحیەی باعەدرێی شێخان نیشتەجێیە، هێندە چاوەڕێی دەركردنی كارتی نیشتیمانی كردووە، هەرچی بەڵگەنامەی فەرمی هەیە بەسەرچوون، لە پاسپۆرت و رەگەزنامە و پێناسی باری شارستانی، لە هەموو فەرمانگەكانی دیكەش بووە بە مەرج و داوای كارتی نیشتیمانی لێدەكەن.

"ساڵێك لەمەوبەر هەموو بەڵگەنامەیەكم داوە بە فەرمانگەی كارتی نیشتیمانی شێخان، بەڵام نۆرەی من لە ریزبەندی نۆ هەزاردایە و لەو ژمارەیە تائێستا تەنیا چوار هەزار مامەڵەی راییكراوە، وابڕوات ساڵێكی دیكەش نۆرەی من نایەت" حاجی بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

وابڕوات ساڵێكی دیكەش نۆرەی من نایەت

فەرمانگەی كارتی نیشتیمانی شێخان لە ساڵی 2022ـەوە دەستبەكاربووە، بەپێی بڕیارەكانی وەزارەتی ناوخۆ، لە ئاداری ئەمساڵەوە مامەڵەكردن بە پێناسی باری شارستانی و رەگەزنامە كۆتایی هاتووە، تەنیا پشت بە كارتی نیشتیمانی دەبەسترێت، بۆیە زۆرترین هاوڵاتی هەوڵدەدەن لە زوترین كاتدا ئەو كارتە بەدەستبهێنن، كە جێگەی بەڵگەنامە كۆنەكان دەگرێتەوە.

"ئەگەر بە دادوەرانە مامەڵەكان بەرێبكرێن، ئەم قەرەباڵغییە دروستنابێ" حسێن حاجی پێشنیازی كرد لە بری چوار پەنجەرە بۆ راییكردنی مامەڵەی هاوڵاتیان، بكرێت بە 10 پەنجەرە و فەرمانبەر زیاد بكرێت، پێشیوایە ئەو قەرەباڵغییەی لە شێخان هەیە، لە ناوچەكانی دیكەی دهۆك نییە.

هەر مامەڵەیەكی كارتی نیشتیمانی بۆ یەك هاوڵاتییەك، زیاتر لە نیو كاتژمێری دەوێت ئەگەر قەرەباڵغی و پشێوی نەبێت، هێڵی ئینتەرنێت خاو نەبێت یاخود نەپچڕێت، بەوپێیەی زانیاری وردی كەسیی و پەنجەمۆر و سكانی چاو وەردەگرێت، راستەوخۆ زانیارییەكان بۆ ناوەندی سەرەكی لە بەغدا دەگوازێتەوە، دواتر و پرۆسەی چاپكردنی كارتە و گەڕانەوەی نزیكەی هەفتەیەك یان زیاتری پێدەچێت.

فەلاح حەسەن، موختاری دوو گەڕەكی ناوەندی شێخانە، خۆی كارتی نیشتیمانی هەیە و نۆرەی منداڵەكانی گەیشتۆتە چوار هەزار و 200 كەس، ئەو بە (كەركوك ناو)ـی وت "چەند مانگێكە خەڵك بە لێشاو سەردانی فەرمانگەكە دەكەن و قەرەباڵغیی زۆر دروستبووە، بەڵام خەریكە قەرەباڵغییەكە كەمدەبێتەوە بەهۆی دەستتێوەردانی لێپرسراوانەوە، بۆیە گەشبینم كێشەكە چارەسەر بكرێت".

KARTI NISHTMANI SHEXAN (4)
نەینەوا/ 2024/ قەرەباڵغی ناو فەرمانگەی كارتی نیشتیمانی لە قەزای شێخان فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

پەیامنێری (كەركوك ناو)، لەماوەی هەفتەیەكدا، زیاتر لە جارێك و لە كاتی جیاوازدا هەوڵیدا لێپرسراوای قایمقامیەتی شێخان وەربگرێت، بەڵام هەوڵەكان بێ ئاكام بوون. شێخان لە سنوری پارێزگای نەینەوادایە بەڵام لەڕوی كارگێڕییەوە بەشێكی سەر بە ئیدارەی پارێزگای دهۆكە.

لە تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، وەزارەتی ناوخۆی عیراق، ناوەندی تۆماركردنی ناوەندی كارتی نیشتیمانی لە نەینەوا كردەوە، ئەوەش یەكەم پارێزگایە لەسەر ئاستی وڵات ناوەندی راستەوخۆی تیادا بكرێتەوە دوای بەغدا، بەپێی وەزارەت، ئەو هەنگاوە لە پێناو كارئاسانی راییكردنی مامەڵەكانی دەركردنی كارتی نیشتیمانی بووە، بەوپێیەی نەینەوا بەهۆی شەڕ و ناسەقامگیرییەكانی ساڵانی رابردووەوە لە پرۆسەی دەرهێنانی كارتی نیشتیمانی دواكەوتووە.

شێروان دوبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە پشكی نەینەوا دەڵێت دوو هۆكار لە پشت قەرەباڵغی و فشاری زۆر سەر فەرمانگەی كارتی نیشتیمانی شێخانەوەیە، یەكەمیان ئەوەیە فەرمانگەكە درەنگ كراوەتەوە بەڕووی هاوڵاتیاندا بەراورد بە ناوچەكانی دیكە، دوەمیان فراوانی سنوری قەزاكەیە، لەگەڵ هەبونی ئاوارە لە ناوچەكەدا.

یەكەم كارتی نیشتیمانی لە عیراق، لە ساڵی 2015ـدا دەركرا و لەوكاتەوە بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی ناوخۆ، زیاتر لە 40 ملیۆن و 152 هەزار كارت دەركراوە، لە كاتێكدا بەپێی ئەنجامی بەرایی سەرژمێرییەكەی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ژمارەی هاوڵاتیانی عیراق بە بیانییەوە گەیشتۆتە زیاتر 45 ملیۆن كەس.

تائێستا 700 هەزار كەس لە نەینەوا كارتی نیشتیمانییان بۆ دەرنەكراوە

دوبەردانی كە سەردانی فەرمانگەكەی شێخان و بەری راستی موسڵیان كردووە بۆ بەدواداچونی كێشەكان، بۆ (كەركوك ناو) رونیكردەوە دڵنیاییان پێدراوە مانگانە كارتی نیشتیمانی بۆ 120 هەزار كەس دەردەهێنن و پەلە لە كارەكانیاندا دەكەن، "تائێستا 700 هەزار كەس لە نەینەوا كارتی نیشتیمانییان بۆ دەرنەكراوە"، ژمارەی دانیشتوانی ئەو پارێزگایە زیاتر لە چوار ملیۆن كەسە.

بەپێی ئامارێك كە دەست (كەركوك ناو) كەوتووە، سەدا 20ـی دانیشتوانی قەزای شێخان كارتی نیشتیمانییان بۆ دەركراوە.

رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بۆ كاروباری ئیداری بە (كەركوك ناو)ـی وت بەوپێیەی دۆسیەكە راستەوخۆ پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارتی نیشتیمانی و رەگەزنامەی عیراقەوە هەیە، هاوشێوەی فەرمانگە حكومییەكانی دیكەی پارێزگاكە نییە تا بتوانن راستەوخۆ دەستتێوەردان بكەن بۆ چارەسەری كێشەكان.

پێشتر وەزارەتی ناوخۆی عیراق، زیاتر لە جارێك بەڵێنیدا لەمساڵدا، تەواوی هاوڵاتیان ببنە خاوەنی كارتی نیشتیمانی.

پەرلەمانتارەكەی عیراق لە زاری بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی كارتی نیشتیمانی نەینەواوە وتی، لەماوەی حەوت مانگی داهاتوودا، تەواوی ئەو كەسانەی لە پارێزگاكە كارتی نیشتیمانییان نییە دەبنە خاوەنی كارتی نیشتیمانی، "ئێمەش بەردەوام بەدواداچوون بۆ كێشەكە دەكەین تا بەیەكجاری چارەسەر دەكرێت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT