ئەلینە رۆمەناوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق:
نیگەرانین لە جێبەجێنەكردنی رێككەوتننامەی شنگال

هەولێر/ 30ی تشرینی دووەمی 2024/ گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانی ئەلینە رۆمەناوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق، فۆتۆ: راگەیاندنی كونسوڵخانەی ئەمریكا

شۆڕش خالید

ئەلینە رۆمەناوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق، جەختدەكاتەوە لەوەی پرسی جێبەجێنەكردنی رێككەوتننامەی شنگال بۆتە جێی نیگەرانی ئەوان و وتیشی "هێشتا داعش هەڕەشەیە لەسەر عیراق".

ئەو وتەیەی باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق لە میانەی گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانیدا هات كە ئەمڕۆ شەممە 30ی تشرینی دووەم لە كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر بەڕێوەچوو.

ئەلینە رۆمەناوسکی وتی "لەپاڵ لایەنی ئەمنی و سەقامگیری لە تەواوی عیراق، بەلامانەوە گرنگە بەرەوپێشچون ببینین لە پرسەكانی پەیوەست بە مافەكانی مرۆڤ، ئازادی رادەربڕین، مافی ئاوارە و كەمینەكان، ئەمانە گرنگن و دەمانەوێت مافی پێكهاتەكان بە تەواوی عیراق پارێزراوبێت".

ئەو گفتوگۆ رۆژنامەوانییەی ئەلینە رۆمەناوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق، هاوكاتە لەگەڵ تەواوبونی ئەركەكەی وەكو باڵیۆز لە عیراق.

"داعش هێشتا مەترسییە بۆ سەر تەواوی عیراق"

لە بارەی پرسیارێكی شۆڕش خالید، سەرنوسەری (كەركوك ناو) لەسەر بۆچونی ئەوان لەسەر دۆخی ئێستای ناوچەكانی جێناكۆك، هەروەها پرسی گەڕانەوەی ئاوارەكان و مافی كەمینەكان، ئەلینە رۆمەناوسکی وتی "داعش تائێستاش هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی تەواوی عیراق و جیهانیش، بۆیە پێویستە پرسی سەقامگیریی ئەمن و ئاسایش و مەترسییەكانی داعش بەردەوام هەماهەنگی لەسەر بكرێت".

amrica1
هەولێر/ 30ی تشرینی دووەمی 2024/ ئەلینە رۆمەناوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق، فۆتۆ: راگەیاندنی كونسوڵخانەی ئەمریكا

"ئێمە لە 27ی مانگی ئەیلولی 2024 رامانگەیاندووە كە كۆتایی بە بونی سەربازی هێزی هاوپەیمانان دەهێنین لە دوو ساڵی داهاتودا، ئەوەش مانای ئەوەیە كە دەبێت هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان هەماهەنگی بەردەوام بكەن لەو پرسەدا، هەروەها هانی یەكگرتویی هێزی پیشمەرگە دەدەین بۆ ئەوەی بتوانن روبەڕوی مەترسییەكان ببنەوە".

"لەبارەی شنگالەوە نیگەرانین"

باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق، قسەی لەسەر پرسی رێككەوتننامەی شنگال كرد و پێیوایە جێبەجێكردنی زامنی ئەمن و ئاسایش و گەڕانەوەی تەواوی ئاوارەكان دەكات و وتی "حكومەتی ئەمریكا قسەی لەگەڵ هەردوو حكومەتی ناوەند و هەرێم كردووە، سەبارەت بە جێبەجێكردنی رێككەوتنامەكە، ئەو رێككەوتننامەیە یەكێكە لەو پرسانەی بۆتە جی نیگەرانی ئێمە و هێشتا جێبەجێنەكراوە، ئێمە بەردەوام جەخت لە جێبیەجێكردنی دەكەینەوە".

هەروەها وتی "ئێمە دەزانین كە جێبەجێكردنی رێككەوتنامەكە قورسە، ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە رۆڵمان بینیوە لە كۆكردنەوەی ئەو پارتانەی كە دەكرێت بەشداربن لە جێبەجێكردنی، چەندین راو بۆچونی جیاواز هەیە لەسەر ئەو رێككەوتننامەیە، هەندێك دەڵێن دەبێت گۆڕانكاریی تیابكرێت و چاوی پێدابخشێنرێتەوە، ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە ئەوەیە دڵنیابینەوە لەوەی لایەنی ئەمنی شنگال كەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی و پۆلیسی ناوخۆیی دۆسیەی ئەمنی بگرێتە ئەستۆ، لەگەڵ دەستبەكاربونی قایمقام كە سەرەڕای دیاریكردنی هێشتا دەستبەكارنەبووە".

رێككه‌وتنی هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، له‌ سه‌ره‌تای تشرینی یەكەمی 2020 لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان واژۆكراوه، ئەوەش‌ بۆ پێكهێنانی ئیداره‌یه‌كی نوێ و رێكخستنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌منی قه‌زای شنگال.

ئەلینە رۆمەناوسکی، وتی "لە ئایاری 2024دا یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سەردانی عیراقی كرد كە بەرپرسە لە بەدواداچون بۆ ئەو بابەتانەی پەیوەستە بە كەمینە ئایینی و نەتەوەییەكان، ئەویش لەگەڵ حكومەتی عیراق و هەرێم گفتوگۆی لەسەر گرنگی رێككەوتننامەی شنگال كرد و هانی حكومەتی عیراقیدا كاربكات بۆ وەبەرهێنان و ئاوەدانكردنەوە لە ناوچە كەمینە نشینەكان، بۆ ئەوەی ئاوارەكان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، ئەوەش بە بەرقەراركردنی لایەنی ئەمن و ئاسایش".

"پارێزگاریكردن لە كەمینە ئایینی و نەتەوەییەكان لە پێشینەی كارەكانمانە"

باڵیۆزی ئەمریكا جەختیكردەوە لەوەی پارێزگاریكردن و هاوكاریكردنی ئەو نەتەوانەی كە لە عیراق پێویستیان بە یارمەتی هەبووە لە پێشینەی كارەكانی ئەمریكایە و وتی "لە ساڵی 2018ەوە ئەمریكا بە بڕی 500 ملیۆن دۆلار هاوكاری بۆ ئەو كۆمەڵگەیانە دابینكردووە كە قوربانی شەڕی داعش بون، بە تایبەت ئەوانەی روبەڕوی كۆمەڵكوژی بونەتەوە".

amrica3
هەولێر/ 30ی تشرینی دووەمی 2024/ گفتوگۆیەكی رۆژنامەوانی ئەلینە رۆمەناوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق و ژمارەیەك دامەزراوەی میدیایی. فۆتۆ: راگەیاندنی كونسوڵخانەی ئەمریكا

"هەڵبژرادن دوربوو لە ساختەكاریی"

باڵیۆزی ئەمریكا جەختیكردەوە لەوەی پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستاندا هەیە و وتی "ئەمن و ئاساشیی هەرێمی كوردستان گرنگە بۆ سەرتاسەری عیراق... دوای ئەوەی هەڵبژاردن كراوە، ئێستا كاتی ئەوەیە بە یەكگرتویی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكبێت بۆ ئەوەی لەگەڵ حكومەتی عیراق كێشەكانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بكەن".

لەبارەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی هەرێمی كوردستانەوە، وتی "هەڵبژرادنەكە بە هەموو مانایەك دوربوو لە ساختەكاریی و هەڵبژاردنێكی تاڕادەیەكی زۆرباش و بێگەرد بوو"، زیاتر وتی " بابەتێك كە ئێمە دەتوانین بڵێین بەشێوەیەك لە شێوەكان دەستتێوەردانمان تێدا كرد، ئەویش پرسی دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردن بوو".

"ئازادی رادەربڕین پاشەكشێی كردووە"

لەسەر پرسی ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەوانی، وتی "میدیای ئازاد لە هەرێمی كوردستان پێشتر بەوە بەناوبانگ بوو كە زۆر پتەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانین بڵێین سومعەیەكی باشی هەبوو، بەڵام بەداخەوە دەبینین لە ناوچەكەدا پاشەكشێی لە پرسی میدیادا رویدا، ئەم پاشەكشێیە لە ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەوانی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانیشەوە رویداوە".

"ئێمەوە وەكو ئەمریكا بەردەوام پشتیگیری لە بابەتی ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەوانیی دەكەین، بەردەوام لەگەڵ حكومەتی هەرێم و میدیا جیاوازەكاندا بۆ ئەو پرسە لە گفتوگۆداین... ئێمە دژی ئەوەین رۆژنامەوانان بەبێ ئاگادركردنەوەی رەسمی كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكانیان بپشكنرێت، یان دەستی بەسەردا بگیرێت.. حكومەتی هەرێم بەردەوام بەرپرسیارە لەوەی زانیاریی تەواو  بە رۆژنامەنوسان بدات بەتایبەت لەسەر پرسی شەفافەیت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT