یەكینەكانی بەرخودانی شنگال ناسراو بە (یەبەشە) و هێزەكانی حەشدی شەعبی-ش خراوەنەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و لە دەوروبەری شنگال بڵاوەیانپێكراوە، وەك ئامادەكارییەك بۆ هەر روداوێكی نەخوازراو لەسەر سنوری عیراق – سوریا.
ئەو ئامادەباشییەی ئەو دوو هێزە و جوڵەكردنیان لە ناوچەكە كە لە قەزای شنگال تاڕادەیەك باڵادەستن، هاوكاتە لەگەڵ ئامادەباشی تەواوی هێزە عیراقییەكانی تر لەوانەش پاسەوانی سنور، سوپا و هەواڵگری و ئاسایشی نیشتیمانی.
نایف شەمۆ، لێپرسرازی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی لە شنگال بە (کەرکوک ناو)ی وت "دوای تێکچونی دۆخی سوریا و رودانی شەڕ لە چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتە، هێزەکانی یەبەشە و حەشدی شەعبی جوڵەیان پێكراوە و بە ئاراستەی سنور و خۆرئاوای شنگال، هەروەها لە سەنتەری شنگال و ناحییەكانی دەوروبەری جێگیربون".
"ئەو خۆئامادەکردنە بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو یاخود هەر جوڵەیەكە بە ئاراستەی سنوری شنگال"، بەڵام لەگەڵئەوەشدا دڵنیایدایە هاوڵاتی ناوچەكە "ئارامبن" و وتی "بەخوێن بەرگری لە خاکی شنگال و خەڵکەکەی دەکەین... ناهێڵێن هیچ کەس و لایەنێک دۆخی ناوچەکە تێکبدات و شەو رۆژ چاودێری دۆخی ئەمنی قەزاکە دەکەین".
ئەنجومەنی خۆبەرێوەبەری شنگال، لەلایەن پێكهاتەكانی قەزای شنگالەوە پێكهێنراوە بۆ ئیدارەدانی تەواوی قەزاكە و بە نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ناودەبرێن.
ئەو خۆئامادەکردنە بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو یاخود هەر جوڵەیەكە بە ئاراستەی سنوری شنگال
لە 27ى تشرینى دووەمى 2024ـ، دەستەی تەحریری شام و ژمارەیەك گروپی چەکداری تر كە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆنی بەشار ئەسەد سەرۆك كۆماری سوریا ناساندووە، هێرش و پەلامارەكانیان بۆ چەند ناوچەیەكی سوریا لەوانەش خۆرئاوای حەلەب دەستپێكرد و كۆنترۆڵیان كرد، هاوكات لەچەند ناوچەیەكی تر شەڕ و ئاڵۆزی هەیە.
یەكشەممە یەكی كانونی یەكەم، لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عیراق وتی كە تەواوی هێزە چەکدارەکانى عیراق لەسەر سنوری عیراق – سوریا لە حاڵەتی ئامادەباشیدان و جەختیكردەوە "سوپا و پاسەوانی سنور و هێزەكانی تر بەرپەرچی هەر هێرشێك دەدەنەوە كە نزیك بێتەوە لە سنوری عیراق".
هاوكات دڵنیاییدا لەوەی سنور لەژێر كۆنترۆڵدایە.
قەزای شنگال لە پارێزگای نەینەوا تاڕادەیەك هاوسنورە لەگەڵ سوریا، لە ساڵی 2014دا روبەڕوی هێرشی دڕندانەی چەكدارانی داعش بۆوە كاتێك لە سنوری سوریاوە هاتنە ناو خاكی عیراق.
محەمەد كاكەیی، سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەردەوام لە سەردان و گفتوگۆداین لەگەڵ سەركردە سەربازییەكانی پاسەوانی سنور، سوپای عیراق و هێزەكانی حەشدی شەعبی و پۆلیس بۆ ئەوەی چاودێری دۆخی ئەمنی بكەین، ئەمن و ئاسایشی ناوچەكە لەژێر كۆنترۆڵدایە و هیچ مەترسییەك لەسەر سنور نییە".
وتیشی "ناوچەكە هەموی لەژێر چاودێری كامێرادایە و بەردەوام هێزەكانی پاسەوانی سنور چاودێری دۆخەكە دەكەن، هیچ شتێك نییە جێی دڵەڕاوكێ بێت و هەموو ئامادەكارییەك گیراوەتەبەر".
بەگشتی سنورى نێوان عیراق و سوریا زیاتر لە 600 کیلۆمەترە، بەپێی وتەی لێپرسراوانی ئەمنی و سەربازی ناوچەكە لەگەڵئەوەی لەژێر چاودێری كامێرادایە، بەربەستی كۆنكرێتیش بۆ رێگریی لەهاتنە ناوەوەی هەر ئاڵۆزییەك دانراوە.
نایف شەمۆ لەبارەی شنگالەوە وتی "سیناریۆی 2014ی شنگال دوبارەنابێتەوە، بڕواناکەم شەڕێکی راستەوخۆ لە ناوچەکانماندا روبدات، بەڵام ئامادەکاریی پێش رودانی هەر حاڵەتێک شتێکی گرنگە و دەبێت هەموو لایەک لەئامادەباشیدا بین".
سەرچاوەیەک لە هێزەکانی پۆلیسی شنگال تایبەت بە (کەرکوک ناو )ی وت "هەفتەیەكە ژمارەیەکی زۆر لە هێزی چەکدار بەچەکی قوڕسەوە رەوانەی سەر سنوری عیراق و سوریا کراون، لە ناوەندی شنگال و ناحیەی سنونێ هێزەكان لە ئەركی خۆیان بەردەوامن و دۆخەكە لەژێر چاودێریدایە".
*ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پڕۆژەی "بودجە مافتە" بەرهەمهێنراوە كە لە لایەن پەیمانگەی دیموكراسی نیشتیمانی (NDI) كۆمەكی دارایی دەكرێت.