نادیە موراد، لەنێو لیستی كاریگەر و ئیلهامبەخشەكەی بی بی سی-دایە

نادیە موراد، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی. وێنەكە لە بی بی سی-ەوە وەرگیراوە

كەركوك ناو

نادیە موراد، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ناوی لە نێو لیستی 100 ژنی ئیلهامبەخش و کاریگەری جیهاندایە بۆ ساڵی 2024.

ساڵانە دامەزراوەی پەخشی بەریتانی (بی بی سی) لیستی 100 ژنی ئیلهامبەخش و کاریگەر لە سەرانسەری جیهاندا ئاشكرادەكات، بەپێی دامەزراوەكە چاودێری خۆڕاگریی ئەو كەسایەتییانەیان كردووە لە هاندانیان بۆ گۆڕانكاریی.

نادیە موراد، داکۆکیکارێکی پێشەنگی ڕرگاربوانی توندوتیژیی سێکسییە، هەروەها چالاکوانی مافەكانی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە، بەپێی بی بی سی "نادیە رزگاربوی جینۆسایدی ئێزیدییەکانە لە عیراق، ئەو تاوانە لە ساڵی 2014 لەلایەن ئەو گروپەوە كرا كە خۆیان ناودەبەن بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ... نادیە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە دەستگیركراوە و بە زۆرەملێ كراوە بە کۆیلە و روبەڕوی دەستدرێژیی سێكسی، ئازار و ئەشكەنجە بۆتەوە".

نادیە دوای سێ مانگ لە دەستی داعش رزگاری بوو، تا ئێستاش چیرۆكی خۆڕاگری خۆی و دڵڕەقی كردەوەكانی ئەو گروپە بۆ جیهان دەگێڕێتەوە، ئەوەش لەپێناو هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە توندوتیژی سێکسی پەیوەست بە ململانێ.

ئەو كاریگەریی هەبوو بۆ لێپرسینەوە لە داعش، دواتر دەستپێشخەری نادیەی دەستپێکرد بۆ یارمەتیدانی بنیاتنانەوەی کۆمەڵگاکان و داکۆکیکردن لە قەرەبوکردنەوەی رزگاربووان.

دوای 10 ساڵ لە کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان، موراد بەردەوامە لە بوون بە هێمایەکی جیهانی بۆ خۆڕاگری.

بی بی سی وتەیەكی كاریگەریی نادیە مورادی لەگەڵ وێنە و باكگراوندی ناوبراودا داناوە كە دەڵێت "پێویستە لەسەرمان ئەوە بەكاربهێنین كە من پێی دەڵێم "چەكەكانی رۆح" بۆ جەنگان لەپێناو یەكسانیی و دادپەوەری: راستی، هیوا و میهرەبانی".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT