ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ محەمەد شیاع سودانی دوپاتكردەوە بەتایبەت لە پرسی پابەندبون بە کارکردن لەگەڵ عیراق لەسەر بابەتی ئەمنی و جەختیكردەوە "داعشمان خستوەتەوە ناو سندوقەکەی خۆی و نایەڵین جارێکی تر سەر دەربکاتەوە".
ئەو وتانەی ئەنتۆنی بلینکن لە راگەیەنراوێكی رۆژنامەوانیدا هاتووە كە كۆپییەكی بۆ (كەركوك ناو) نێردراوە، ئەوەش دوابەدوای سەردانیكردنی بەغدا و كۆبونەوەی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لە 13ی كانونی یەكەم.
لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە "زیاتر لە 20 ساڵە سەردانی عیراق دەکەم و یەکێک لەو شتانەی کە بە سەرۆک وەزیرانم وت ئەوەیە کە چەند سەرنجڕاکێشە کە لە فڕۆکەخانەوە دەفڕیت و ئاوەدانکردنەوە و زیندوویی شار و جوڵەی ئۆتۆمبێل دەبینیت... ئەوەش دەزانم بەڕاستی کاری گرنگ ئەنجام دراون بۆ دڵنیاییدان لەوەی هاوڵاتیانی عیراق ئەو خزمەتگوزارییانەیان پێدەگات کە پێویستییانە و هەروەها بۆ زیادکردنی ئەو دەرفەتانەی بۆ بنیاتنانی ژیانێکی باشتر دەیانەوێت".
لەبارەی كۆبونەوەكە هاتووە "گفتوگۆمان کرد دەربارەی دۆخی سوریا و قەناعەتی زۆر لە وڵاتان لە ناوچەکە و جیهان لەکاتێکدا بەو هیوایەی کە سوریا راگوزەربکات لە دیکتاتۆریەتی ئەسەدەوە بۆ دیموکراسی، ئەم ڕاگوزەرییە بە جۆرێک بێت کە هەموو کەمینەکان لە سوریا پارێزراوبن و حکومەتێکی گشتگیری نا مەزهەبی بەرهەم بێت کە بەهیچ جۆرێک نابێتە پێگەیەک بۆ تیرۆر".
لەبارەی عیراقەوە وتی "سورین لەسەر دڵنیاییدان لەوەی کە داعش سەرهەڵناداتەوە... ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و عیراق بەیەکەوە سەرکەوتنی گەورەیان تۆمارکرد لە کۆتاییهێنان بەو خەلافەتەی کە داعش پێش چەند ساڵێک دروستیكردبوو، ئێستاش کە داعشمان خستوەتەوە ناو سندوقەکەی خۆی نایەڵین جارێکی تر سەر دەربکاتەوە و سورین لەسەر دڵنیاییدان لەوەی کە ئەوشتە روونادات".
هەر لە كۆبونەوەكەدا بە سەرۆك وەزیرانی عیراقی وتووە "پابەندین بە کارکردن لە گەڵ عیراق لەسەر بابەتی ئەمنی و هەروەها بە بەردەوامی کارکردن بۆ سەروەری عیراق تا دڵنیابین کە تۆکمە و پارێزراوە"، هەر بەپێێ راگەیەنراوەكە كە تیادا جەختكراوەتەوە لەوەی "پێموایە ئێستا ئەو ساتەیە بۆ عیراقیش تا سەروەری و سەقامگیری و ئاسایشی خۆی بەهێزبکات و سەرکەوتوبێت لە هەنگاونان بۆ پێشەوە. ئەوەی کە لە سوریا رودەدات کاریگەری گەورەی هەیە و زۆر گرنگە کە عیراق شان بەشانی وڵاتانی تری هەرێمی و جیهان باشترین تەقەلای خۆیان بکەن بۆ پشتیوانیکردنی خەڵکی سوریا کە لە ژێردەستەیی ئەسەد دێنە دەرەوە".