ئەحمەد کەرکوکی، سەرۆکی لیژنەی خزمەتگوزارییەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، جەختدەكاتەوە لەوەی 10 پڕۆژەی ئێستای كەركوك كە لە جێبەجێكردندان، لەسەر بودجەی کەرکوک نییە، بەڵكو حكومەتی عیراق پارەكەی بۆ خەرجكردووە، وەكو دۆخێكی تایبەت (ئیستیسنا) ئەنجامدەدرێن، چونكە هێشتا بودجەی 2024ی پارێزگاكان بۆ خزمەتگوزاریی خەرجنەكراون.
هەر بەو هۆیەوە ئەحمەد كەركوكی لەم چاوپێكەوتنەی (كەركوك ناو)دا دەڵێت "بەشێک لە پڕۆژەکانی دیکەی ئیدارەی پارێزگای کەرکوک بە قەرز جێبەجێدەكرێن، ئەوەش لەڕێی پەیوەندییەکانی پارێزگار لەگەڵ بەڵێندەرەکان، بەڵێندەرەکان کارەکانیان بە قەرز دەکەن، کەی بوجە سەرفكرا پارەکەیان پێدەدرێتەوە".
لەبارەی پرۆسەی چاودێریكردنی كارەكانی حكومەت، وتی "ئەركی ئێمە چاودێریكردنە، بەڵام نایشارینەوە خۆشمان پاڵپشتی زۆری ئیدارەی پارێزگاکە دەکەین، لەبەرئەوەی حکومەت بڕیاریداوە خزمەتی خەڵک بکات".
كەركوك ناو: وەك دەبینین ئیدارەی نوێی كەركوك كۆمەڵێك پڕۆژەی دەستپێكردووە، دەکرێت رونیبكەیتەوە كە پڕۆژەكان چین؟ ئێوە چۆن چاودێریی جێبەجێكردنیان دەكەن؟
ئەحمەد کەرکوکی: کارکردن لە کەرکوک لە دوای ساڵانیکی زۆر کە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای تێدا نەکرابوو، بێگومان قورسە. تێپەڕاندنی کۆمەڵێک گرفتی سیاسی و جارێكی تر دروستکردنی متمانە لە نێوان لایەنە سیاسییەکان کارێکی ئاسان نەبوو، بەڵام هەر لەسەرەتاوە ئێمە بڕیارماندابوو، کە حکومەتی خۆجێی کەرکوک حکومەتێکی خزمەتگوزاریی بێت، وەک دەزانن کەرکوک پێشتر پشتگوێخرابوو، بۆیە دەستمانکرد بە گەیاندنی خزمەتگوزاری بەو گەڕەکانەی کە پێشتر لەسەر بنەمای دەمارگیریی نەتەوەیی پشتگوێخرابون، بەڵام ئێمە بڕیارماندا کاروانی خزمەتگوازیی بگەیەنین بەو گەڕەکانە، یەکێک لە کارە لە پێشنەییەکانی ئیدارەی كەركوك، ئەوەبوو کار بکەین لەبواری دروستكردنی رێگاوبان، كۆنكرێت و ئاو و ئاوەڕۆ لە گەڕەکەکان، لەو ماوەیەدا کە دەست بەكاركردن كراوە، تونراوە زیاتر لە 200 هەزار مەتر دوجا کۆنکرێت بکرێت و بەردەوامیشە. لایەنی ژینگە و سەوزکردنی شارەکە یەکێکە لە کارنامە سەرەکییەکانی حکومەتی خۆجێی.
كەركوك ناو: لە بواری ژینگە چیتانكردووە؟
ئەحمەد کەرکوکی: دەستكراوە بە نۆژەنکردنەوەی کۆمەڵیک پارک و باخچەی ناو شار، دروستکردنی چەند پارکێکی دیکە، هەروەها بڕیاردراوە کە شەش هەزاری داری گەورە بۆ زیادكردنی رێژەی سەوزایی بچێنرێت، بە تایبەتی لە دەروازەکانی شار، تا ئیستا سێ هەزار لە دارەکان چێنراون، لە ئێستاشدا کار دەکرێت بۆ چاندنی سێ هەزاری دیکە، جگەلەوەش کۆمەڵێک پڕۆژەی ستراتیژی بکرێت، ئەو پڕۆژانەش وەک دۆخێکی تایبەت (ئیستسنا) لە کەرکوک ئەنجامدەدرێت، چونکە وەکو دەزانرێت لە ساڵی 2024 بودجەی شارەکانی عیراق خەرجنەکراوە.
كەركوك ناو: ئەو پڕۆژانە ستراتیژییانە چین کە لە دۆخێکی تایبەتدا بۆ کەرکوک دەکرێت؟
ئەحمەد کەرکوکی: ئەو پڕۆژانە بریتین لە دروستکردنی دوو پارکی گەورە لە کەرکوک کە هەریەکەیان نابێت کەمتر بێت لە 100 دۆنم لە باکور و باشوری شارەکە، ئەمەش وادەکات ژینگە پاکتر بێت و رێژەی سەوزایی زۆرتر بێت، هەروەها دروستکردنی ئەندەر پاس (نەفەق). چەند پڕۆژەیەکی دیکەش بۆ پاکكردنەوەی شارەکە و ریساکیڵینی خۆڵ و خاشاک.
پیشتر رۆژانە نزیکەی 300 تۆن خۆڵ و خاشاک لە کەرکوک کۆدەکرایەوە، بەڵام ئیستا رۆژانە 1300 تۆن خۆڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە. بەڵام ئێمە دەمانەوێت سود لەو خۆڵ و خاشاکە وەربگرین، ئیستا ئیدارەی پارێزگای کەرکوک کار لەسەر ئەوە دەکات، کە چەند کۆمپانیایەک لە دەرەوە بهێنێت بۆ ئەوەی خۆڵ و خاشاکی شار جاریکی دیکە لە بواری ووزە و بوارەكانی تر بەکاربهێنرێتەوە.
كەركوك ناو: پرۆسەی چاودێریكردن لە چ ئاستێكدایە؟ چونكە هەندێك پڕۆژە هەیە ماوەیەكی زۆرە كاركردن تیایدا راوەستاوە بەبێ ئەوەی تەواوبكرێت، بۆ نمونە گۆڕەپانی گەڕەكی سەرچنار، هەروەها گۆڕەپانی ئەحمەدی خانی (فلكەی ئیخوان)؟
ئەحمەد کەرکوکی: ئەركی ئێمە چاودێریكردنی کارەکانی حکومەتە، بەڵام نایشارینەوە خۆشمان پاڵپشتی زۆری ئیدارەی پارێزگاکە دەکەین، لەبەرئەوەی حکومەت بڕیاریداوە خزمەتی خەڵک بکات، ئێمەش لەگەڵیداین. بەڵی رۆژانە چاودێری پڕۆژەکانمان کردووە، هەر کەم و کوڕییەك هەبوبێت، بە بەردەوامی لایەنی پەیوندیدارمان لێ ئاگادارکردۆتەوە، بۆ نمونە گۆرەپانی ئەحمەدی خانی (فلکەی ئیخوان) سەرەتا روخێندرا، هەوڵێک هەبوو بۆ ئەوەی بچوکی بکەنەوە، بەڵام ئێمە دەستتێوەردانمان کردووە پڕۆژەکەمان راگرت، جەنابی پارێزگار بڕیاریداوە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی گەورەی تێدا ئەنجامبدات و بیکاتە ئەندەر پاس (نەفەق).
كەركوك ناو: پارەی ئەو پڕۆژانەی كە باستكرد لەكوێوە دێن؟ چونكە هێشتا ئەنجومەنی پارێزگا بودجەی ساڵی 2024ی پەسەند نەكردووە، هەروەها دەمانەوێت بزانین پارەی ئەو پڕۆژانە چۆن خەرجدەکرێن؟
ئەحمەد كەركوكی: بودجەی ئەو پڕۆژانەی ئێستا لە كەركوك جێبەجێدەكرێن، لەسەر بودجەی کەرکوک نییە، بەڵکو وەک دۆخێكی تایبەت (ئیستسنا) بەڕێز پارێزگار لە بەغداوە هێناویەتی.
كەركوك ناو: بڕی ئەو پارەیە چەندە کە وەک رەوشی تایبەت بۆ کەرکوک سەرفکراوە؟
ئەحمەد کەرکوکی: بڕەكە بۆ جێبەجێكردنی 10 پڕۆژەیە، بەڵام وەک بڕ و ژمارە بەڕاستی من بڕەکەی نازانم کە چەندێک پارەیە بە تەواوەتی.
كەركوك ناو: جیاواز لەو پڕۆژانەی کە باستکرد گوایا وەک رەوشی تایبەت پارەی بۆ خەرجکراوە، کۆمەڵێک پڕۆژەی تر هەن، ئەی ئەوانە کێ پارەی بۆ خەرجدەكات؟
ئەحمەد كەركوكی: بودجەی پترۆدۆلارمان هەیە، بڕیاردراوە ئەو پارەیە خەرجبکرێت بۆ خزمەتگوزاری، بۆیە بەشێک لە پڕۆژەکان پارەکەیان لە پترۆدۆلار دەدرێت، هەروەها بەشێک لە پڕۆژەکانی دیکەش ئیدارەی پارێزگای کەرکوک لەڕێگەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەڵێندەرەکان ئەنجامیداوە، واتە بەڵێندەرەکان کارەکانیان دەکەن بە قەرز، کەی بوجە سەرفكرا پارەکەیان پێدەدرێتەوە.