ئەنجومەنی پارێزگای دیالە جەختدەكاتەوە لە دەنگدانی ئەنجومەن بۆ بەقەزابونی هەرسێ ناحیەی جەلەولا، قەرەتەپە و بەنی سەعد لە پارێزگاكەدا، بەڵام ئەندامێكی ئەنجومەن دەڵێت "تەنیا بەنی سەعد دەنگی لەسەر دراوە".
ئەنجومەنی پارێزگا ئەمڕۆ سێشەممە 31ی كانونی یەكەم لە دانیشتنێكدا كە 13 ئەندام ئامادەی بون لە كۆی 15 ئەندام، بەشێكی تایبەت بوو بە دەنگدان لەسەر بەقەزابونی سێ ناحییە، لەوانە جەلەولا، قەرەتەپە و بەنی سەعد.
بەپێی راگەیەنراوێكی ئەنجومەن كە لە پەیجی تایبەت لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوكراوەتەوە، تیایدا هاتووە "ئەنجومەن دەنگیدا بۆ بەقەزابونی ناحییەكانی جەلەولا، بەنی سەعد و قەرەتەپە، ئەوەش بەهۆی زیادبونی ژمارەی دانیشتووانیان و فراوانبونی روبەری شارەكان".
بەڵام ئەوس ئیبراهیم، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەمڕۆ تەنیا دەنگرا لەسەر بەقەزابونی ناحیەی بەنی سەعد و ناحیەبونی ناوچەی حەمرین".
رونیشیكردەوە "لەکاتی دەنگدان بۆ بە قەزابونی جەلەولا و قەرەتەپە، بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا دانیشتنەكەیان بەجێهێشت و نیسابی كۆبونەوەكە تێكچوو، تەنیا پێنج ئەندامی ئەنجومەن لە هۆڵی كۆبونەوەكە مانەوە".
لەبارەی ئەو نوسراوانەی بڵاوكراونەتەوە گوایا هەموو ئەندامان لە كۆبونەوەكەدا بون و دەنگیانداوە، وتی "نوسراوی بەقەزابونی بەنی سەعد كە هەمووان واژۆیان كردووە، دەستكاریی كراوە و ناوی قەرەتەپە و جەلەولاش زیادكراوە، بۆیە لەگەڵ بەشی یاسایی قسەمانکردووە و رێکاری یاسایی دەگرینەبەر دژ بەو کارە".
مزهەر کروی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر پشکی سیادە کە هاوکات دانیشتوی جەلەولایە و برای عومەر کروی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، لە پۆستێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك دەنوسێت "چوار ساڵ لەمەوبەر هەنگاوی یەکەمی گۆڕینی جەلەولامان بۆ قەزادا کە هاوکات بوو لە گەڵ فراوانبونی شارەکە و زیادبونی چڕی دانیشتووان... ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بڕیاری گۆڕینی جەلەولایدا بۆ قەزا، بەمەش ئەو ئامانجەمان بەدەستهێنا کە ئاواتەخوازی بوین".