جوتیارانی نەینەوا لە ئێستاوە غەمی ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان هەیە، چونكە زۆرێك لە زەوییەكانیان نەخراوەتە ناو پلانی كشتوكاڵییەوە، بەوهۆیەوە لە نرخی باش و هاوكاری حكومی بێبەشدەبن.
لە پلانی نوێی كشتوكاڵی عیراق، دوو ملیۆن و 141 هەزار دۆنم زەوی پارێزگای نەینەوا هەژمارنەكراوە، بە پاساوی نوێنەكردنەوەی گرێبەستی جوتیاران و هەندێك گرفتی دیكەی پەیوەست بە خاوەندارێتی زەوییەكانەوە.
عەبدولواحد سلێمان، یەكێكە لەو جوتیارانەی نیوەی زەوییەكەی نەخراوەتە ناو پلانی كشتوكاڵییەوە، لەكاتێكدا ساڵانە لەسەر روبەری دوو هەزار دۆنم تەنیا گەنم بەرهەمدەهێنێت، "هەزار دۆنم بەناوی خۆمەوەیە و هەزار دۆنمەكەی تر وەكالەتە، گرێبەستەكەم نەمتوانی تازەی بكەمەوە و كاتی زۆر دەویست، بەوهۆیەوە زەوییەكە لە پلاندا نییە" ئەو زەوییەكەی لە لە گوندی عمێریە لە ناحیەی ئەلقوش.
هەر زەوییەك لە پلانی كشتوكاڵی حكومەتی فیدراڵی عیراقدا نەبێت، بێبەشدەكرێت لە هاوكاری وەكو پێدانی بنەتۆو، پەیین، دەرمانی قڕكەر و كەرەستە و پێداویستییەكانی تر بە نرخی پاڵپشتیكراو.
سلێمان بۆ (كەركوك ناو) دەڵێت حكومەت داوادەكات هەموو ساڵێك گرێبەست نوێ بكەنەوە، لەكاتێكدا راییكردنی مامەڵەكە رۆتیناتی زۆر و پارەی دەوێت.
لە ئەلقوش ساڵانە 100 هەزار دۆنم دەكرا بە كشتوكاڵ و ئەمساڵ تەنیا 25 هەزار دۆنم لە پلاندایە
ئەو زەوییانەی نەخراونەتە ناو پلانی كشتوكاڵییەوە دەكەونە ناوچەكانی شێخان، تلكێف، حەمدانییە، شنگال، حەزەر، بەعاج، مەخمور، ئەلقوش، فایدە، وانە، رەبیعە، زومار و هەندێك ناوچەی تر.
سریان سەفەر، بەرێوەبەری هۆبەی چاندن لە ئەلقوش بە (كەركوك ناو)ـی وت "تەنیا لە ئەلقوش ساڵانە 100 هەزار دۆنم دەكرا بە دانەوێڵە بەڵام ئەمساڵ تەنیا 25 هەزار دۆنم لە پلانی وەزارەت دانراوە"، ئەوەشی رونكردەوە لە هەموو ناوچەكانی دیكەی نەینەوا هەمان كێشە هەیە، ئەگەر پێشتر نزیكەی پێنج ملیۆن دۆنم لە چوارچێوەی پلانیدا بووبێت، ئەمساڵ كەمبۆتەوە بۆ كەمتر لە دوو ملیۆن.
پاساوی حكومەتی عیراق، بەوتەی سەفەر دوو خاڵە، یەكەمیان ئەوەیە ساڵانە وەكالەت یان گرێبەستی كشتوكاڵی نوێ بكرێتەوە، دووەمیان ئەوەیە هەر كەسێك زەویی بە ناوی خۆیەوەیە خۆی مامەڵەی تۆماركردنەكە بكات، لە كاتێكدا خاوەنی زۆرێك لە زەوییەكان لە دەرەوەی وڵاتن و ساڵانە زەوییەكانیان بە كرێ دەدەن.
"كێشەیەكی تر ئەوەیە لە كاتی شەڕی داعش بەشێكی زۆری نوسراو و سەنەدەكانی ئەسڵی زەوییەكان ون بوون یان دیارنەماون و دزراون، یاخود دەستكاریكراون، بۆیە حكومەت بەوهۆیەوە گواستنەوەی موڵكایەتیشی راگرتووە"، سریان سەفەر وای وت.
ساڵی 2024 لە پارێزگای نەینەوا، سەروو چوار ملیۆن دۆنم كراوە بە گەنم و جۆ؛ لە كۆی زیاتر لە 9 ملیۆن دۆنم بەپێی چلانی كشتوكاڵی.
تەنیا بەرهەمهێنانی گەنم لە نەینەوا زیاتر لە ملیۆن و 393 هەزار تۆن بووە، لەسەر روبەروی زیاتر لە سێ ملیۆن و 532 هەزار دۆنم، بەپێی ئامارەكانی دەستەی ناوەندی ئامار، لە ساڵی 2023ـدا روبەری چێنراو بە گەنم و جۆ زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆنم بووە.
كاڤین شێخ سەعید، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە پشكی نەینەوا بە (كەركوك ناو)ـی وت "حكومەتی عیراق دوو ملیۆن و 141 هەزار دۆنمی نەینەوای نەكردۆتە ناو پلانەوە، بە پاساوی ئەوەی دەبێت خاوەنی زەوییەكان سەنەدی ئەسڵی بهێنن، سەنەدی ئەسڵی نییە، هەموویان زەوییان لە باپیرانی چوارەم وپێنجەمیانەوە بۆ بەجێماوە".
ئەو هۆشداری دا ئەگەر بەدوای خاوەندارێتی زەوی كشتوكاڵیدا بچن، ئەوا "كێشەی گەورە" لە نێوان پێكهاتەكانی نەینەوا دروستدەبێت.
بەشێكی پارێزگای نەینەوا، ناوچەی جێناكۆكن بەپێی رێكارەكانی ماددەی 140ـی دەستوری عیراق و وەك زۆر ناوچەی دیكە كێشە لەسەر خاوەندارێتی روبەرێكی فراوان لە زەوییە كشتوكاڵییەكانی هەیە
پاساوی حكومەت ئەوەیە دەبێت خاوەنی زەوییەكان سەنەدی ئەسڵی بهێنن
پەرلەمانتارەكەی عیراق دەڵێت "هەموو ساڵێك حكومەتی عیراق مەرجی سەنەد لە ناوچەكانی ماددەی 140 و نەینەوا جێبەجێناكات، بەڵام ئێستا داوای دەكات"، كاڤین شێه سەعید باسی لەوەكرد داوایانكردووە هاوشێوەی ساڵانی رابوردوو مەرجی سەنەد لەناوچەكانی دەشتی نەینەوا جێبەجێنەكرێت، بۆیە لیژنەیەك پێكهێنراوە تا چارەسەری بكات.
لیژنەیەك لە وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ بەدواداچونی كێشەی جوتیاران و زەوییە كشتوكاڵییەكانی نەینەوا لە ئەیلولی 2024ـەوە پێكهێنراوە بەڵام ئەنجامی نەبووە.
جوتیارەكەی ئەلقوش سەرباری ئەوەی زەوییەكەی لە پلانی كشتوكاڵیدا نییە، بەڵام واز لە چاندن ناهێنێت، دەیەوێت گەنم بەرهەمبهێنێت، ئەوە تاكە پیشە و سەرچاوەی بژێوییەتی، "ئەگەر حكومەت بەرهەمەكانمان لێوەرنەگرێت بەناچارییەوە لە بازاڕ دەیفرۆشین بە نرخێكی هەرزان"، ئەو بە هیوایە چارەسەری كێشەكەیان بكرێت و زیانیان بەرنەكەوێت.
ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، لە ناوەڕاستی تشرینی یەكەمی 2024ـدا بڕیاریدا، هەر تۆنێك گەنم بە نرخی 800 تا 850 هەزار دینار لە جوتیاران وەربگرێـت، بەڵام ئەو زەوییانەی لە دەرەوەی پلانی كشتوكاڵیدایە بەرهەمەكانیان وەكو نرخی بازاڕ وەردەگرن، نرخی بازاڕ لە نێوان 450 تا 650 هەزار دیناردایە بۆ تۆنێك گەنم.
"پارساڵ 60 بۆ 70 تۆن گەنمم بۆ هەر تۆنێك بە 850 هەزار دینار رادەستی سایلۆی فایدە كرد.. بەپێی پلانی نوێی كشتوكاڵی، ئەمساڵ یەك تۆنم لێوەرناگرن، ئەمەش ستەمێكی گەورەیە" عەبدولواحد سلێمان، وای وت.