پڕۆگرامی "فراوانكردنى رۆڵى رۆژنامهنوسانى ژن له روماڵكردنی ژینگهییدا" كۆتاییهات، كە لە ماوەی شەش مانگی رابردودا، لەلایەن دامەزراوەی (كەركوك ناو) جێبەجێكرا و لە ئاهەنگی دەرچوندا تۆڕی رۆژنامەوانیی ژینگەیی ژنان راگەیەنرا، ئەوەش بە ئامادەبونی بەشداربووانی پڕۆگرامەكە و كونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر.
پڕۆگرامەكە كە بە کۆمەکی دارایی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ جێبەجێكرا، ئەمڕۆ دووشەممە 13ی كانونی دووەم لە هۆتێل رامادا لە سلێمانی ئاهەنگی كۆتایی بەڕێوەچوو، پڕۆگرامەكە لە شەش مانگی رابردودا لەسەر سێکوچکەی رۆژنامەوانیی بونیادنەر، روماڵی ژینگەیی و فراوانکردنی رۆڵی رۆژنامەنوسانی ژن جێبەجێكرا، بە بەشداریی 18 رۆژنامەنوسی ژن.
شۆڕش خالید، سەرنوسەری (كەركوك ناو)، لە وتاری دامەزراوەی (كەركوك ناو)دا، وتی "خۆشحاڵین ئەمڕۆ لێرەین، لەكۆتا رۆژی كۆتاییهێنان بە پڕۆگرامی فراوانكردنى رۆڵى رۆژنامهنوسانى ژن له روماڵكردنی ژینگهییدا، ئەم پڕۆگرامە پڕ لە چالاكی، راهێنان و خەرمانێك لە بەرهەمی رۆژنامەوانی ژینگەیی بوو... هەموو ئەمانە هەوێنێك بون كە لێرە كۆیكردینەوە بۆ راگەیاندنی یەكەم تۆڕی رۆژنامەوانی ژینگەیی ژنان لە باكوری عیراق".
هەروەها جەختیكردەوە "كاتێك پڕۆگرامەكەمان لە حوزەیرانی 2024دا دەستپێكرد، ئامانجەكەمان رون بوو، پلانی وردمان بۆ دانا، بەڵام پابەندبونی بەشداربووانی پڕۆگرامەكە و پشتگیریی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و كونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر، كارەكەی بۆ ئاسان كردین، بۆ ئەوە سوپاسیان دەكەین".
ئەو 18 رۆژنامەنوسە ژنەی بەشداربوون لە پڕۆگرامەكە، نوێنەرایەتی هەشت پارێزگایان دەكرد لە تەواوی عیراق، (چوار پارێزگای هەرێمی كوردستان، لەگەڵ پارێزگاكانی كەركوك، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین).
ئەوان لە مانگی تەمموز و ئابی رابردوو 10 رۆژ راهێنانی چڕیان وەرگرت، راهێنانەكان تایبەت بون بە روماڵی پرسەكانی ژینگە لەڕێی رۆژنامەوانیی بونیادنەرەوە، دواتر تا 31ی كانونی یەكەم لانیكەم 80 بابەتی رۆژنامەوانییان لەسەر پرسەكانی ژینگە و گۆڕانی ئاووهەواو بەرهەمهێنا، كە زۆرینەیان رۆژنامەوانیی بونیادنەر بون.
بەشدارووان لە دواین كۆبونەوەیاندا كە رۆژی پێشتر بەڕێوەچوو، بە هەڵبژاردن دەستەیەكی سێ كەسییان لەنێو خۆیاندا بۆ سەرپەرشتیكردنی تۆڕی رۆژنامەوانیی ژینگەیی ژنان هەڵبژارد و بڕیاریاندا لە چوارچێوەی دامەزراوەی (كەركوك ناو)دا بەردەوامی بەم تۆڕە بدەن.
باران محەمەد، بەشداربویەكی پڕۆگرامەكە كە وەكو رێكخەری تۆڕی رۆژنامەوانیی ژینگەیی ژنان هەڵبژێردراوە، وتی "رەنگە بەر لەم پڕۆگرامە كەمترین چیرۆك و بابەتی رۆژنامەوانیی ژینگەییمان ئامادە كردبێت، ئەوەش بەهۆی پەراوێزخستن و نا گرنگ بینینی ئەم بوارە لە كاری رۆژنامەوانییدا... بەڵام ئەم تیمە لە ماوەی سێ مانگی پراكتیكی كاركردندا 80 بابەتی رۆژنامەوانیی قوڵمان بەرهەمهێنا، ئەوەش دوای راهێنانی چڕ و باشترین و نوێترین جۆری كاركردنی رۆژنامەوانیی ژینگەیی".
ئەلبرێشت فۆن ڤیتكە، كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر لە وتارێكیدا لەبارەی پڕۆگرامەكەوە وتی "ساڵی رابردوو كە باسی ئەم پڕۆگرامەیان بۆ كردم، توشی سەرسوڕمان بوین، بەڕاستی پڕۆگرامێكی ناوازەیە، لەیەككاتدا پڕۆگرامەكە تیشكدەخاتە سەر دوو پرسی جیاواز، یەكێكیان بابەتی روماڵكردنی گۆڕانی ئاووهەوا و ئەوەی تر پاڵپشتیكردنی دەنگی ژنانە، لەوانە پشتگیریكردنی كۆمەڵێك رۆژنامەوانی ژن بۆ ئەوەی گرنگی بدەن بە كێشەكانی ژینگە".
وتیشی "ئێمە قەناعەتمانوایە بەرەنگاربونەوەی گۆڕانكارییەكانی ئاووهەوا ئەركی هەموو كۆمەڵگەیە... ئەركی هەموومانە هۆشداریمان هەبێت بۆ پرسی گۆڕانكارییەكانی ئاووهەوا".
جەختیشیكردەوە كە سیاسەتی ئەڵمانیا ئەوەیە "هەموو كەس دەرفەتی یەكسانی بۆ بڕەخسێت بەشێوەی یەكسان... خۆشحاڵین لەبەرئەوەی هەم پشتگیری ئەم پڕۆژەیەمان كردووە، هەم وەكو كارككردنی هاوبەش لەگەڵ (كەركوك ناو) كارمان كردووە".
هەریەكە لە بەشداربووان لە سەرەتای وەرگرتنیان لە پڕۆگرامەكە، پابەندبونی خۆیان بە بەرهەمهێنانی چوار بابەتی رۆژنامەوانی ژینگەیی بونیادنەر دەربڕی بوو، لەپاڵ ئەو چوار بابەتە ژمارەیەك فیچەر و چیرۆكە هەواڵیان لەسەر پرسی ژینگە بەرهەمهێنا، هەر لەو چوارچێوەیەشدا بەشێكی تایبەت لە ماڵپەڕی (كەركوك ناو) كرایەوە بەناوی "لە ژینگەوە".
كونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر روی دەمی كردە بەشدارببوان و وتی "زانیاریی باشتان دەستكەوتووە لەسەر گۆڕانی ئاووهەوا و چۆنییەتی بەدواداچون بۆ پرسی ژینگە، لەمەودوا دەتوان رۆڵی ئەوە ببیین ئەو زانیارییانە لەگەڵ گروپی تردا بەش بكەن و بیر لەوە بكەنەوە چۆن بەردەوامی بەم تۆڕە بدەن، گەشەی پێبدەن و فراوانی بكەن".
شۆڕش خالید لەبارەی تۆڕی رۆژنامەوانی ژینگەیی ژنان وتی "بە هەڵبژاردنی دەستەیەكی سێ كەسی بۆ رێكخستنی كاری تۆڕەكە، لە ئەمڕۆوە كارەكان دەچنە قۆناغێكی ترەوە، تیمی (كەركوك ناو)، پەیوەندییەكانی لە خزمەتی تۆڕەكەدا بەكاردەهێنێت، بەشداربووانیش توانا و لێهاتوییان بۆ خزمەتی ژینگە و بەرەنگاربونەوەی گۆڕانی ئاووهەوا دەخەنەگەڕ، لێرەوە پێكەوە كاردەكەین بۆ بەردەوامیدان بەم تۆڕە، تا بتوانین گەشەی پێبدەین و فراوانی بكەین".