لەژێر خێوەتەوە بۆ ژێر خێوەت
دانیشتووانی گوندێك دوای 50 ساڵ دەگەڕێنەوە گوندەكەیان

نەینەوا/ كانونی دووەمی 2025/ گوندی تەل بەهلول. فۆتۆ: كەركوك ناو

لەیس حسێن

دانیشتووانی گوندێك دوای 50 ساڵ راگواستنیان بەشێوەی زۆرەملێ، پرۆسەی گەڕانەوەیان بۆ گوندەكەیان دەستپێكرد، بەڵام لەژێر خێوەت و دور لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان ژیان دەكەن.

تەل بەهلول كە لەڕوی كارگێڕییەوە سەر بە ناحیەی گرعوزێرە لە قەزای بەعاج و لە ناوچە شاخاوییەكانی خۆرئاوای پارێزگای نەینەوا هەڵكەوتووە، لە ساڵی 1975 لەژێر فشاری حكومەتی عیراقدا چۆڵكراو خەڵكەكە لە كۆمەڵگەی زۆرەملێ نیشتەجێكران.

شاکر خێرۆ، چەند مانگێكە گەڕاوەتەوە گوندەكەی، وتی "كاتێك لە ساڵی 2014 داعش هێرشیكردە سەر شنگال و نەینەوا، ئێمەش لە كۆمەڵگە زۆرەملێیەكانەوە ئاوارەی كەمپەكان بوین، دوای 10 ساڵ ژیانكردن لە كەمپ، بڕیارماندا بگەڕێینەوە گوندی خۆمان نەك كۆمەڵگەی زۆرەملێ"، زیاتر وتی "هەرچەندە ئێستا لە زێدی خۆمانین، بەڵام وەك 10 ساڵی رابردوو هەر لەژێر خێوەتدا دەژین".

Rega
نەینەوا/ كانونی دووەمی 2025/ رێگای گوندی تەل بەهلول. فۆتۆ: كەركوك ناو

شاکر دوو منداڵی هەیە و هەردوكیان لە كەمپ خوێندكار بون، ئێستا بەهۆی ئەوەی گوندەكە قوتابخانەی نییە، ناچارە رۆژانە رێگایەكی دوور ببڕێت تا منداڵەكانی دەگەیەنێتە قوتابخانە، هەروەها گوندەكە بنكەی تەندروستی و خزمەتگوزاری ئاویشی بەپێی پێویست نییە.

لە ئێستادا 100 خێزان گەڕاونەتەوە بۆ گوندی تەل بەهلول، بەشێك لەو خێزانانە دەیانەوێت لەسەر ئەركی خۆیان، سەرلەنوێ خانوو دروستبكەنەوە، بەڵام ئەوە بۆ هەندێكی تریان لەڕوی مادییەوە دەستنادات.

رێگای گوندەكە قیرتاو نییە و كێشەی هاتوچۆیان هەیە، هەرچەندە حكومەتی خۆجێی نەینەوا بانگەشەی ئاوەدانكردنەوەی تەواوی ئەو ناوچانە دەكات كە خەڵكەكەی لە ئاوارەییەوە گەڕاونەتەوە.

مراد حەسەن، هاوڵاتییەکی تری گوندەکەیە و پێش دوو مانگێک گەڕاوەتەوە گوندەكەی، وتی "ئەوكاتەی لە گوندەكە راگوێزراین، تەمەنم تەنیا 12 ساڵ بوو، ئێستا بومەتە 62 ساڵ... دۆخی گوندەكە هیچ نەگۆڕاوە، هەروەكو 50 ساڵ لەمەوبەرە، خزمەتگوزاریی نییە، ئەوەتا ئێمە لەژێر خێمەدا دەژین"، مراد حەسەن داوای لە حكومەت كرد ئاوەدانی بۆ ئەو گوندە بگەڕێنێتەوە.

رژێمی بەعس بە سەرۆكایەتی سەدام حسێن، سەرۆكی عیراق (1979 - 2003)، سیاسەتی راگواستنی زۆرەملێی لە حەفتا و هەشتاكانی سەدەی رابردوو دژ بە هەزاران گوندی ناوچەكانی جێناكۆك و هەرێمی كوردستان بەرەو شارەكان جێبەجێكرد، گوندی تەل بەهلول-یش یەكێك بوو لەو گوندانە.

Talbahlul
نەینەوا/ كانونی دووەمی 2025/ گەڕانەوەی هاوڵاتیان بۆ گوندی تەل بەهلول دوای 50 ساڵ. فۆتۆ: كەركوك ناو

ئەحمەد یوسف، قایمقامی قەزای بەعاج، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئاگاداری دۆخی ئەو خێزانانەین کە دوای 50 ساڵ، مانگێك لەمەوبەر گەڕاونەتەوە گوندەكەی خۆیان.... كێشەی دەستڕاگەیشتنیان هەبوو بە ئاوی خواردنەوە، تانکەری بچوکمان بۆ دابینكردن، ئەوەش بەهەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی".

جەختیشیكردەوە لەوەی لیژنەیەکی تایبەتیان ناردووە بۆ ئەو گوندانە و هەڵسەنگاندن بۆ دۆخیان دەكەن و حكومەتی خۆجێی نەینەوا ئاگاداردەكەنەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT