عەشیرەتە ئێزیدییەكانی شنگال، لە كۆبونەوەیەكدا داوایانكرد مارەیی بكرێتە نۆ مسقاڵ و نیو، بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی ئاڵتون، بۆ ئەوەش رێككەوتن داواكارییەكەیان بە نوسراوێك ئاراستەی جڤاتی روحانی بكەن، كە بەرزترین دەسەڵاتی هەیە لەنێو ئەو ئایینەدا.
كۆبونەوەكە هەینی 17ی كانونی دووەم، لە ماڵی شێخ قاسم سەمیر لە ناوەندی شنگال بەڕێوەچوو، بە ئامادەبونی 69 سەرۆك عەشیرەت كە تایبەت بوو وەرگرتنی راوبۆچونی عەشیرەتەكان بۆ كەمكردنەوەی بڕی مارەیی.
"هەمویان رێككەوتن مارەیی بكرێتە نۆ مسقاڵ و نیو"، یەكێك لە سەرۆك عەشیرەتەكانی شنگال وایوت.
لە نوسراوی كۆبونەوەكەیاندا كە كۆپییەكی دەست (كەركوك ناو) كەوتووە، هەر 69 سەرۆك عەشیرەتەكە جەختدەكەنەوە لەوەی كۆبونەوەكەیان بۆ ئەوەیە "گرانبونی نرخی ئاڵتون نەبێت بە كۆسپ بۆ هاوسەرگیری گەنجان".
مارەبڕین بەگشتی لە نێو ئێزیدییەكاندا دیاریكراوە، كە 75گرامە و لە هەموو مارەبڕینەكاندا ئەو بڕە جێبەجێدەكرێت. بەڵام سەرۆك عەشیرەتەكان دەیانەوێت كەمبكرێتەوە بۆ نیوە.
جڤاتی روحانی كە میری ئێزدییان سەرۆكایەتی دەكات، پێكدێت لە سهرۆكی جڤات (میر)، بابهشێخ، شێخی وهزیره و سهرۆكی قهوالان و چەند ئەندامێكی تر، ههموو ئهوانهش بڕیارهكانی تایبهت بهو پێكهاتهیه دهردهكهن.
نرخی ئاڵتون لە ئەمساڵدا ژمارەی پێوانەیی تۆماركرد و نرخی یەك مسقاڵ زێڕ عەیار 21 گەیشتە 530 هەزار دینار.
لە ئابی ئەمساڵ خدر دێرو خانسوری، راوێژکاری جڤاتی روحانی ئێزیدی، بە (كەركوك ناو)ی وت "ماوەیەكە بەشێك لە كچان و كوڕان و كۆمەڵێك كەسایەتی و سەرۆک عەشیرەت داوا دەکەن ماڕەبرین کەمبکرێتەوە بە جورێک لەگەڵ دۆخی ئێستا-دا بگونجێت، بۆیە جڤاتی رۆحانی بڕیاری سەرەتایی ئەوەیە 26گرام كەمبكاتەوە"، بەڵام هێشتا ئەوە لە گفتوگۆدایە دو بڕیاری لەسەر نەدراوە.
راوێژکاری جڤاتی روحانی ئێزیدی وتیشی "توانای گەنجانی ئێمە سنوردارە و ناتوانن ئەو بڕە پارەیە پەیدابکەن بۆ هاوسەرگیری، ئەمەش وادەكات خۆیان بەدوربگرن لە هاوسەرگیری، بۆیە راگەیاندنی ئەو بڕیارە بەزویی زۆر پێویستە".