12 رۆژ تێپەڕی بەسەر هەڵوەشانەوەی تۆمەتەكانی سەر رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد، بەڵام هێشتا ناوبراو لە زیندانە، چونكە "چاپكردن و واژۆكردنی نوسراوی كاتی ویستووە".
دادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستان لە 6ی كانونی دووەم بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی تۆمەتەكانی سەر رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد، دوای ئەوەی لە مانگی تەمموزی رابردوو بە سێ ساڵ زیندانی لەلایەن دادگای دهۆكەوە حوكمدرا.
بەشدار حەسەن، لە دەستەی پارێزەرانی بەرگریکردن لە دۆسیەی رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد بە (كەركوك ناو)ی وت "هۆکاری دواکەوتنی ئازادکردنی رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد، ئەوەیە نوسراوەكەی دادگا دواكەتووە، تا چاپكراوە و سەرۆكی دادگا واژۆی كراوە كاتی پێچووە".
لەبارەی ئەوەی ئایا ئێستا نوسراوەكە چاپ و واژۆكراوە، وتی "تەنیا ئەوە ماوە ببرێت بۆ چاكسازیی گەوران لە دهۆك – سلێمانی ئەحمەد لەوێ زیندانیكراوە-".
سلێمان ئەحمەد، كە وەكو هەواڵساز لە بەشی عەرەبی دەزگای رۆژنیوز كاری دەكرد، لە 25ی تشرینی یەكەمی 2023دا لەكاتی گەڕانەوەیدا له رۆژئاوای كوردستان (سوریا) بۆ هەرێمی كوردستان له دهروازهی فیشخابوور (سێمێلكا) دەستگیركرا.
ئاسایشی دهۆك لە كاتی دەستگیركردنی سلێمان ئەحمەد-دا راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و جەختیكردەوە "كاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەكەكە كردووە"، ئەوەش لەكاتێكدابوو هیچ یاسایەك لە هەرێمی كوردستاندا نییە كاركردنی پارتی كرێكارانی كوردستانی لە هەرێمی كوردستان قەدەغە كردبێت.
هەر بۆیە دادگای دهۆک ئەوكات بەپێی یاسای ژمارەی 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی کوردستان سلێمان ئەحمەد-ی سزادا، ئەو یاسایە تایبەتە بە "جاسوسیکردن و تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی".
بڕیارەی هەڵوەشاندنەوەی تۆمەتەكانی سەر سلێمان ئەحمەد لەلایەن دادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستان، دوای ئەوە هات كە پارێزەرانی كەیسی بەرگریكردن لە سلێمانی ئەحمەد تانەیان لە بڕیارەكەی دادگای دهۆكدا كە لە 29ی تەمموزی رابردوو سزای سێ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپاند.
بەشدار حەسەن وتی "پێدەچێت سەرەتای ئەم هەفتەیە (یەكشەممە و دووشەممە) هەموو شتێك تەواوبێت و سلێمان ئازاد بكرێت و بگەڕێتەوە ناو كەسوكاری".