"دۆخی كەركوك بەمشێوەیە لە بەرژەوەندی پارێزگاكەدا نییە"

كەركوك/ 19ی كانونی دووەمی 2025/ كۆنگرەی سێ لایەنی عەرەبی و توركمانی دژی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك.

كەركوك ناو

سێ لایەنی عەرەبی و توركمانی پێیانوایە مانەوەی دۆخی كەركوك بەمشێوەیەی ئێستا لە بەرژەوەندی پارێزگاكەدا نییە و جارێكی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی پارێزگار و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بە نایاسایی دەزانن.

ئەو سێ لایەنە هاوپەیمانی عەرەبی كەركوك، هاوپەیمانی سیادە و بەرەی توركمانی، كە پێكەوە خاوەنی پێنج ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا یەكشەممە 19ی كانونی دووەم، هەڵوێستی نوێی خۆیان لەسەر پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك رایگەیاند.

بەپێی راگەیەنراوێك كە لە كۆبونەوەكەدا خوێندیانەوە و كۆپیییەكی دەست (كەركوك ناو) كەوتووە، تیایدا هاتووە "‌له‌ دوای پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێیی كه‌ركوك‌ له‌ هۆتێل رە‌شید به‌ دانیشتنێكی نایاسایی و كەنارگیركردنی كوتلەی توركمانی و هەندێك لایەنی براوە، پارێزگای كەركوك‌ له‌ دۆخێكی ناجێگریدایە كە كاریگەریی هەبووە لەسەر پێكەوەژیانی كۆمەڵایەتی".

بۆیە داوا لە سەرۆك وەزیران و هەموو كوتلە سیاسییەكانی دەكەن بە ئاگابن و "رێگەنەدەن كەركوك بگەڕێتەوە بۆ ئەوكاتەی كە لە بۆشایی ئاسایشی فیدراڵیدا بوو".

ئەو سێ لایەنە لە دژی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك كە لە ئابی 2024 لە هۆتێل رەشید لە بەغدا پێكهێنرا، سكاڵای یاساییان لە دادگای كارگێڕی تۆماركرد و هێشتا كەیسەكەیان یەكلایینەبۆتەوە.

ئەوان پێكهێنانی حكومەتەكەیان بە "نایاسایی" ناوبرد، بەو پێیەی هەندێك لایەن بەبێ گەڕانەوە بۆ یاسای هەڵبژاردن كە تیایدا هاتووە حكومەتی خۆجێێ كەركوك دەبێت بە بەشداریی هەموو پێكهاتەكان بێت، حكومەتیان پێكهێناوە، هەروەها سەرۆكی بەتەمەن دەڵێت "ئاگاداری كۆبونەوەكە نەبووە".

لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا هاتووە "دادگای كارگێڕیی عیراق كه‌یسه‌كه‌ به‌پێی ده‌ستور و یاسا یه‌كلابكاته‌وه‌ و  مافی پێكهاته‌ و لیسته‌ براوه‌كان ده‌سته‌به‌ربكات و كۆتایی به‌ زنجیره‌ی په‌راوێزخستنی كوتلە براوەكان بهێنێت".

دادگای كارگێڕیی عیراق كه‌یسه‌كه‌ به‌پێی ده‌ستور و یاسا یه‌كلابكاته‌وه‌

ئەوەش هاتووە "لە دوای ساڵی 2003وە بە ئەزمون سەلمێنراوە كە هیچ حكومەتێكی خۆجێی سەركەوتوو نابێت و ناتوانێت سەقامگیری ئیداریی و سیاسی بەبێ بەشداریی راستەقینەی هەموو لایەنەكان پێكبێت".

هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، راكان سەعید، سەرۆكی هاوپەیمانی عەرەبی كەركوك، جەختیكردەوە "ئەو ئەندام ئەنجومەنانەی عەرەب كە بەشداری دانیشتنی هۆتێل رەشید بون پێشئەوەی دانیشتنەکە ئەنجامبدرێت لە راگەیەنراوێكدا دانیشتنەكەیان بە نایاسایی ناوبرد، دوای کاتژمێرێك لە بەڵێندان بەوەی ئامادەنابن، بەڵامدواتر ئامادەی دانیشتنەكە بون".

لەو كۆبونەوەیەی هۆتێل رەشید، نۆ ئەندامی ئەنجومەن لە كۆی 16 ئەندام بەشداربون و سەرۆكی ئەنجومەن و پارێزگاری كەركوك هەڵبژێردران، لەنێویاندا پێنج ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی، دوو ئەندامی هاوپەیمانی قیادە، ئەندامێكی هاوپەیمانی عروبە و كورسی كۆتاكان.

لەوكاتەوە حەوت ئەندامی ئەنجومەن بایكۆتی كۆبونەوەكانیان كردووە، لەوانە دوو ئەندامی توركمان، دوو ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان و سێ ئەندامی عەرەب لە هاوپەیمانی سیادە و عەرەبی كەركوك.

راكان سەعید وتی "ئەو ئەندامە عەرەبانەی بەشداریی كۆبونەوەكەی ئەنجومەنیان كرد، ئێستا لە لاوازترین پێگەی خۆیاندان لە ئەنجومەنی پارێزگا، بەهۆی نەبونی ژمارەیەکی پێویست بۆ بەشداریکردن لە بڕیارەکاندا".

*ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پڕۆژەی "بودجە مافتە" بەرهەمهێنراوە كە لە لایەن پەیمانگەی دیموكراسی نیشتیمانی (NDI) كۆمەكی دارایی دەكرێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT