خانەقینییەكان باجی "رێگای مەرگ" دەدەن

دیالە/ كانونی دوەمی 2025/ رێگای سەرەكی قەزای خانەقین بەرەو قەزای كەلار كە یەك سایدە بە درێژایی 38 كیلۆمەتر فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو – دیالە

ئارام محەمەد هێشتا لە شۆكی روداوەكەدایە، لە تاو ئازاری لەدەستدانی دایكی بیری لای برینەكانی خۆی نەماوە؛ لە خانەقینەوە بەدوای چارەسەردا دایكی برد بۆ كەلار، بەڵام خراپی رێگاوبانەكە بە یەكجاری لە یەكتری كردن.

لە كۆتاییەكانی تشرینی دوەمی ساڵی رابردوودا، لەسەر رێگای سەرەكی قەزای خانەقین بەرەو كەلار، روداوێكی سەختی هاتوچۆ روبەڕوی ئەو ئۆتۆمبێلە دەبێتەوە كە ئارام و دایكی و برایەكی دیكەی تێدایە، تەنیا خۆی لەو روداوەدا بە برینداری رزگاری دەبێت.

دایكی ئارام تازە نەشتەرگەری بۆ كرابوو، بۆ بینینی پزیشك ناوبەناو بۆ سەردانیكردنی پزیشك و چارەسەر دەچوو بۆ كەلار، "من و بیلال-ـی برام دایكمان برد بۆ پزیشك بۆ كەلار، دوانیوەڕۆ بوو، لەو رێگایە تووشی روداو بوین، دایكم و براكەم گیانیان لەدەستدا" ئارام محەمەد بۆ (كەركوك ناو) وای وت، ئەو هێشتا پەرێشانی دەستی ئەو روداوە و دەرەنجامەكەیەتی.

لە روداوەكەدا، كە پێكدادانی نێوان دوو ئۆتۆمبێل بوو، شۆفێری بەرانبەریش گیانی لەدەستدا، ماڵی ئارام، لەو خێزانە خۆش بوون و هیچ قەرەبوویەكیان وەرنەگرت.

"ئومێد دەكەین ئەو شەقامە چارەسەر بكرێت و بكرێتە دوو ساید، چونكە بەردەوام خەڵك لەو رێگایە دەبنە قوربانی" ئەوە تەنیا داواكاری ئارام بوو، ئەو رێگایەی باسی كرد، لە نێو خەڵكدا بە "رێگای مەرگ" ناودەبرێت، بەهۆی زۆری روداوە سەختەكانی هاتوچۆوە.

Untitled-1 copy-1
دیالە/ 2024/ وێنەی ئەو روداوەی دایك و برایەكی ئارام تیایدا گیانیان لەدەستدا فۆتۆ: راگەیاندنی هاتوچۆ

تەنیا لە ساڵی 2024ـدا، 24 روداوی هاتوچۆ لەو رێگایە تۆماركراوە كە یەك سایدە و خانەقین بە كەلارەوە دەبەستێتەوە، لەو روداوانەشدا شەش كەس گیانیان لەدەستداوە و 34 كەسی تر برینداربوون، بەپێی ئامارێكی بەشی هاتوچۆی خانەقین سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان.

موقەدەم حەیدەر وەلا، بەڕێوەبەری بەشی هاتوچۆی خانەقین بە (كەركوك ناو)ـی وت "روداوەكانی هاتوچۆ لەسەر رێگای خانەقین – كەلار بەهۆی یەك سایدی رێگایەكەوەیە، ئەگەر ئەو رێگایە ببێتە جوتساید، بەرێژەیەكی بەرچاو روداوەكان كەم دەبنەوە"، سەرباری ئەوەش وەك ئەو وتی، شۆفێران زۆر تیژ ئۆتۆمبێل لێدەخوڕن و پابەندی یاساكانی هاتوچۆ نابن.

چارەسەری هاتوچۆ، كاتییە، تەنیا دانانی كامێرای گەڕۆكی چاودێرییە بۆ نەهێشتنی تیژڕەوی، بەڵام ئەوەش بۆ ئەوان ئەستەمە، "بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە ناتوانن ئەو كارە بكەین و رەنگە بەوهۆیەوە كارمەندەكانمان بخەینە مەترسییەوە" موقەدەم حەیدەر وادەڵێت. بەوپێیەی ئێستا خانەقین ناوچەی جێناكۆكە و ئێستا لەژێر دەسەڵاتی راستەوخۆی حكومەتی بەغدایە.

رێگاكە یەك سایدی باریكە، 38 كیلۆمەترە، قەرەباڵغ و هاتوچۆی زۆری لەسەرە، رێگایەكی سەرەكی بەستنەوەی هەرێمی كوردستانیشە بە پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق، جگە لەوەی فشاری هاتوچۆی دوو مەرزی نێودەوڵەتی مونزرییە و پەروێزخان و ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان هەر لەسەر ئەو رێگایەیە.

"زۆربەی شۆفێرەكان تیژڕەون، پابەندنین بە خێرایی رێگەپێدراوی شەقامەكەوە، لەكاتێكدا ئۆتۆمبێلی زۆریش لەو رێگایە هاتوچۆ دەكەن، بۆیە ئەم رێگایە بووە بە رێگای مەرگ و قوربانییەكەش خەڵكی خانەقین و كەلارن" بەوتەی محەمەد حەمید (75 ساڵ)، كە 20 ساڵە لە رێگای خانەقین – كەلار شۆفێری پاسی نەفەرهەڵگرە، "من دەچمە قەبر و شەقامی كەلار- خانەقین نابێتە جوتساید".

من دەچمە قەبر و شەقامی كەلار - خانەقین نابێتە جوتساید

ساڵی رابردوودا محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق سەردانی دیالەی كرد و ژمارەیەك پرۆژەی راگەیاند، لە نێویاندا بەڵێنی تەرخانكردنی 25 ملیار دينار بۆ دوسایدكردنی رێگای خانەقین - كەلار، بەپێی لێدوانێكی ڤیدیۆیی عەدنان شەمەری، پارێزگاری دیالە، بەڵام هێشتا وادەی جێبەجێكردنی پرۆژەكە نادیارە.

جەواد فەیزوڵا، قایمقامی قەزای خانەقین بە (کەرکوك ناو)ـی وت رێگای خانەقین -کەلار، یەکێکە لە پرۆژە "گرنگ و ستراتیژییەكان بۆ خانەقین و ناوچەکە"، كە بڕی 21 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە بەوتەی ناوبراو، ئەوان بەدواداچونیان کردووە لەگەڵ پەرلەمانتاران و ئەنجومەنی پارێزگا، ئێستا پرۆژەکە گەیشتووە بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عیراق، دوای رەزامەندی وەزارەتەكانی ئاوەدانكردنەوە و دارایی، پرۆژەکە بۆ جێبەجێكردن بە كۆمپانیا دەدرێت.

"پرۆژەكە لە سنوری شارەوانی خانەقینەوە دەستپێدەكات تا سنوری شارەوانی كەلار، پێدەچێت تەواوی رێگاكە نەكرێتە جوتساید و بەشێكی بكەوێتە ئەستۆی حكومەتی هەرێم، بەڵام لە هەوڵداین هەموو پرۆژەكە لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە جێبەجێبكرێت بەوپێیەی پرۆژەیەكی ستراتیژییە" قایمقامی خانەقین وادەڵێت.

لە پارێزگاكانی عیراق، بەبێ هەرێمی كوردستان، مانگانە 252 كەس بەهۆی زیاتر لە 900 روداوی هاتوچۆوە گیان لەدەستدەدەن و زیاتر لە هەزار كەس برینداردەبن، بەپێی راپۆرتێكی دەزگای ناوەندی ئامار بۆ ساڵی 2023.

سەڵاح محەمەد (64 ساڵ)، لە هێڵی گواستنەوەی قوتابیانی كۆلێژەكانی خانەقین شۆفێرە و رۆژانە لە رێگای نێوان كەلار- خانەقین هاتوچۆ دەكات، ئەو بە (كەركوك ناو)ـی وت "یەكێكە لە رێگا مەترسیدارەكان، چونكە پانتایی شەقامەكە زۆر تەسكە و بەردەوامیش جەنجاڵە"، خۆیشی چەند مانگێك لەمەوبەر توشی روداوی هاتوچۆ بووە، بەڵام زیانی گیانی لێنەكەوتۆتەوە و تەنیا دارایی بووە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT