عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا بڕیاری بەخشینی 14 قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەی لە پارێزگاكە دەركرد، بەڵام رون نییە ئایا ئەو كەسانەی ساڵی رابردوو لەلایەن ئەنجومەنەوە بۆ ئەو پۆستانە هەڵبژێردران دەستبەكاردەبن یاخود نا.
بڕیارەكەی عەبدولقادر دەخیل، 10ی شوباتی 2025 دەرچووە، ئەوەش دوای حەوت مانگێك دێت لە هەڵبژاردنی 20 قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییە لە پارێزگاكەدا، كە بەڵام بەهۆی سكاڵای هەندێك فراكسیۆنەوە هێشتا دەستبەكارنەبون.
عیدان شێخ كالو، ئەندامی كۆتای ئێزیدی لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە (كەركوك ناو)ی وت "لە دانیشتنی 2ی تەمموزی 2024دا ئەنجومەن 20 كەسی وەكو قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە هەڵبژارد، بەڵام ئەوە ناڕەزایی ژمارەیەك فراكسیۆنی لێكەوتەوە و بەهۆیەوە كەیسەكەیان بردە دادگا".
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و نەینەوا موەحەدە ئەو لایانانە بون كە بەشداری دانیشتنەكەیان نەكرد، كە پێكەوە خاوەنی 13 كورسی ئەنجومەنی پارێزگاكەن لە كۆی 29 كورسی.
عیدان شێخ كالو وتی "ئەو دوو لایەنە لە دادگای كارگێڕی سكاڵایان كرد و دانیشتنەكەیان بە نایاسایی ناوبرد، بەڵام داواكەیان رەتكرایەوە، هەرچەندە جارێكی تر تەمیزیان كردەوە، بەڵام هەر رەتكرایەوە، ئەوەش بەو مانایەی دانیشتنەكە كێشەی یاسایی نەبووە".
لەو چوارچێوەیەشدا یەكشەممە 10ی شوبات پارێزگاری نەینەوا كە پێشتر دانیشتنەكەی بە نایاسایی ناوبردبوو، بڕیاری بەخشینی چوار قایمقام و 10 بەڕێوەبەری ناحیەی لە كارەكانیان دەركرد. بەڵام هیچ رونكردنەوەیەكی تیا نییە لەبارەی دەستبەكاربونی ئەوانەی ئەنجومەن هەڵیبژاردون.
فراكسیۆنی پارتی سەرەڕای بڕیارەكەی دادگای كارگێڕی، هێشتا ناڕازییە لە دانیشتنەكەی 2ی تەمموزی ئەنجومەنی پارێزگا و پێیوایە مەرج نییە ئەو كەسانەی ئەنجومەن دەنگی لەسەرداون لەو پۆستانە دەستبەكاربن.
ئەحمەد كیكیی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە (كەركوك ناو)ی وت "بڕیاری بەخشین لە پۆستەكان شتێكی ئاساییە، چونكە دەسەڵاتی ئەو قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیانە كۆتایی دێت، بەڵام مەرج نییە ئەو ناوانەی لە ئەنجومەن هەڵبژێردراون دابنرێن، لەوانەیە دوبارە دەنگدان لەسەر ناوەكان بكرێتەوە".
وتیشی "چونكە خودی پارێزگاری نەینەوا لە دادگای كارگێڕی سكاڵای لەسەر ئەو دانیشتنە هەبووە، ئێمەش لەسەر سكاڵای ئیداریی و رێكاریی یاسایی دژ بەو دانیشتنە بەردەوام دەبین".
![anjwman.parezga.nanawa](http://kirkuknow.com/uploads/2022/anjwmanparezgananawa.jpg)
سەیدو ئەلئەحمەدی، كە لەو دانیشتنەی ئەنجومەنی پارێزگادا بۆ قایمقامی شنگال هەڵبژێردراوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "هەموو شتێكی ئێمە یاساییە، هەر لە رێكارەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و مەرجە یاساییەكانی وەكو ئەوەی پێشتر هیچ تاوانێكم نەكردووە، خزمەتی 10 ساڵیشم هەیە و كەسێكی سەربەخۆم و لە ئەنجومەنی پارێزگاش 16 دەنگم هێناوە".
ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا 29 ئەندامی هەیە، لە دانیشتنی 2ی تەمموز 16 ئەندام بەشداربون و 13 ئەندام دانیشتنەكەیان بەجێهێشت، بەهۆی رێكنەكەوتنیان لەسەر دابەشكاریی پۆستەكان.
پۆستی قایمقامی شنگال یەكێك بوو لەو پۆستانەی مشتومڕی لەسەر بوو، پۆستەكە لە ئێستادا لە بۆشایی یاساییدایە و بەوەكالەت بەڕێوەدەبرێت.
جگە لەو 14 كەسەی لە پۆستەكانیان بەخشراون، شەش پۆستی تری قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە لە نەینەوا بەوەكالەت بەڕێوەدەبرێن.
هەرچەندە ئەنجومەن هەر لەو دانیشتنەدا پۆستەكانی ئەوانیشی یەكلاییكردۆتەوە، بەڵام هێشتا پارێزگار بڕیاری دەستبەكاربونی بۆ دەرنەكردون، لەوانەش پۆستی قایمقامی شنگال.
ئەلئەحمەدی وتی "هیوادارین كۆتایی بەو مشتومڕە بێت و دەستبەكاربین"، زیاتر وتی "پێدەچێت بەمنزیكانە ئەو كێشانە یەكلاییببنەوە".
عیدان شێخ كالو، ئەندامی ئەنجومەن وتی "كاتێك دادگا سكاڵاكانی رەتكردۆتەوە، كە وایە دانیشتنەكە یاساییە و پێویستە هەموو بڕیارەكانی ئەو دانیشتنە وەك خۆی جێبەجێبكرێت لە چوارچێوەی یەك بڕیاردا، چ دەستبەكاربون لەجێی ئەو 14 ئەندامەی بەخشراون، چ ئەو شەش پۆستەی بەوەكالەت بەڕێوەدەبرێن".
ئەحمەد جەعفەر، بەڕێوەبەری ناحیەی زوممار كە لە پۆستەكەی بەخشراوە و لە دانیشتنەكەی تەمموز كەسێكی تر بۆ پۆستەكەی هەڵبژێردراوە، وتی "بەڵێ دەزانم پارێزگار بڕیاری بەخشینی منی لە پۆستەكە داوە، بەڵام نازانم دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە یان نا، من هیچ شتێكم پێنەگەیشتووە، هەركاتێك فەرمانمان پێكرا ئەوكات دەستبەردارێتی خۆمان دەنوسین".
وتیشی "پارێزگار خۆی رایگەیاندووە دانیشتنەكەی تەمموز دروست نەبووە، هەموو رێكارەكانیش تەواونەبون، بۆیە جارێ رون نییە چی دەبێت، چونكە ئەگەر ئەو 14 كەسە لە شوێنی ئێمە دەستبەكارنەبن ئەوا فەوزا دروستدەبێت".