هێزێكی پێشمەرگە كە بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) سەر بە فەرماندەیی دهۆكی هێزی پێشمەرگەن، ئەركەكانی خۆیان لە سنوری هەرێمی كوردستان كۆتایی پێهێنا و دەستیانلەكاركێشایەوە، ئەوەشیان بۆ "ستەم و زەوتكردنی مافەكانیان" گەڕاندەوە.
هێزەكە ئەمڕۆ شەممە یەكی ئادار لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا بەناوی (لیوای 4ی پێشوی شنگالی هێزەكانی پێشمەرگە تایبەت بە پێكهاتەی ئێزیدی"، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان ئەنجامدا و جەختیانكردەوە "ئێمە ستەممان لێكراوە و مافەكانمان زەوتكراوە، وەكو چۆن رۆڵەكانی پێكهاتەكەمان لە 10 ساڵی رابردودا روبەڕوی ستەم بونەوە، بۆیە بڕیارمانداوە دەستبەرداری ئەركە سەربازییەكانمان بین لە سنوری هەرێمی كوردستان و دەستلەكاردەكێشینەوە".
هێزەكە بەناوی 1200 پێشمەرگەوە قسەیانكرد و لە بەشێكیدا هاتووە "ئەم هەڵوێستەمان بەهۆی ئەو ستەمەوەیە كە بەرامبەرمان پەیڕەو دەكرێت"، هەر بۆیە داوایان لە محەمەد شیاع سودانی، وەك فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق كرد، بیانگوازنەوە بۆ سەر دامودەزگا فیدراڵییەكانی عیراق.
میرزا خەڵەف، فەرماندە لە هێزی پاراستنی شنگال کە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو هێزە هیچ پەیوەندییەكی بە فەرماندەی شنگالەوە نییە، ئەوان راستەوخۆ سەر بە فەرماندەی دهۆكن و لە دوای ساڵی 2015ەوە دامەزراون و چونەتە سحێلا و ئەرك و جێگیربونیان هەر لەوێیە".
بەڵام وتی "چۆن جیابونەتەوە و بابەتەکەیان چۆنە، وەکو فەرماندەی شنگال بە فەرمی هیچ شتێکمان پێنەگەیشتووە و ئێمەش لە دەزگاكانی راگەیاندنەوە بینیمانن".

هاوكات ئەندامێکی فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان كە حەیدەر شەشۆ سەرۆكایەتی دەكات و ئەوانیش سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو هێزەی لە بەغداوە جیابونەوەی خۆی راگەیاندووە، راستە ئێزیدین بەڵام سەر بە هێزەكانی هەردوو فەرماندەی ئێزیدی) قاسم شەشۆ و حەیدەر شەشۆ( نین".
وتیشی "ئەو هێزە لەدوای كۆنترۆڵكردنەوەی شنگال لە ساڵی 2015وە دامەزراوە، دوای گەڕانەوەی پێشمەرگە لە شنگال ئەو هێزەش لە شنگال نەمان... ئێمە نازانین بۆچی جیابونەتەوە و هۆکارەکان چین".
وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تائێستا هیچ رونكردنەوەیەكی لەسەر كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی ئەو هێزەوە نەداوە و رون نییە چەند پێشمەرگە پشتیوانی ئەو هەڵوێستەیان دەكەن و لە گەڵیاندان.