دوابەدوای هەڕەشەی كشانەوە لە ئەنجومەن
كورد پۆستی بەڕێوەبەری كشتوكالی دوزخورماتوی بەدەستهێنا

نەینەوا/ پایزی 2024/ جوتیارێك سەرقاڵی كێڵانی زەوییە كشتوكاڵییەكەیەتی لە قەزای شێخان، فۆتۆ: سەجا ئیسماعیل

لەیلا ئەحمەد

پارێزگاری سەڵاحەدین بڕیاری دەستبەكاربونی حسێن عەلی محەمەدی وەكو بەڕێوەبەری كشتوكاڵی دوزخورماتوو دەركرد، ناوبراو لە پێكهاتەی كوردە، ئەوەش دوابەدوای هەڕەشەی كشانەوەی تاكە ئەندامەكەی كورد هات لە ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین.

بەپێی بڕیاری بەدر محەمەد پارێزگاری سەڵاحەدین كە ئەمڕۆ یەكشەممە 2ی ئادار دەرچووە و كۆپییەكی لای (كەركوك ناو)ە، لەمەودوا حسێن عەلی لە پێكهاتەی كورد لەجێی عەلی جەلال لە نەتەوەی عەرەب دەستبەكاردەبێت.

یاسین محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەمڕۆ كۆتا كۆبونەوەمان لە ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین كرد و توانیمان سەركەوتوبین لە بەدەستهێنانی ئەو پۆستە بۆ پێكهاتەی كورد".

جەختیشیكردەوە "هەندێك لایەن ماوەیەك دژایەتی پێدانی ئەو پۆستەیان بە كورد دەكرد و بەهۆیەوە پرۆسەی دەستبەكاربونی حسێن عەلی لەو پۆستە دواكەت بۆ ئەمڕۆ یەكشەممە... ئەم پۆستە پێشتریش پشكی كورد بوو، بەڵام لە كورد وەرگیرابۆوە".

هەفتەی رابردوو یاسین محەمەد، كە تاكە كاندیدی كوردە لە ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، هەڕەشەی كشانەوەی لە ئەنجومەن و بایكۆتكردنی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی كرد، بەهۆی ئەوەی ئەنجومەن رەزامەندی نیشان نەدا لە دەستبەكاربونی كاندیدەكەی كورد بۆ پۆستی بەڕێوەبەری كشتوكاڵی دوزخورماتوو.

ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بە دۆخێكی ململانێ و كێشمەكشێی لایەنە سیاسییەكان و كوتلە دژبەیەكەكاندا تێپەڕدەبێت، هەر بۆیە كشانەوەی تاكە كاندیدەكەی كورد و چونە پاڵی هەر كوتلەیەك كاریگەری لەسەر بڕیارەكانی ئەنجومەن دەبوو، ئەوەش وەك یاسین محەمەد دەڵێت "وایكرد دواینجار رەزامەندی لەسەر كاندیدەكەی كورد نیشان بدەن".

زیاتر وتی "لە ئەمڕۆ یەكشەممەوە دەستبەكاردەبێت".

لەبارەی دژایەتی لایەنەكان بۆ كاندیدەكەی كورد، یاسین وتی "وایاندەزانی ئەم پیاوەی ئێمە كاندیدمان كردووە، دەستكاریی زەوییە كشتوكاڵییەكانی ناوچەكە دەكات كە لە ئێستادا كێشە و ناكۆكی لەسەر خاوەندارێتی سەدان دۆنم زەوی لە قەزاكەدا هەیە".

"ئێمە نامانەوێت زەوی كەس داگیر بكەین و ناعەدالەتی بكەین، بەڵام مەبەستمانە ماف بۆ خاوەن زەوییەكان بگەڕێتەوە".

لە قەزای دوزخورماتوو 52 پارچە زەوی كشتوكاڵی كێشەی لەسەرە، هەر پارچەیەك بەپێی وتەی عەلی جەلال، بەڕێوەبەری پێشوی كشتوكاڵی دوزخورماتوو لە نێوان 20 بۆ 40 دۆنم زەوی دەبێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT