مێردەكەی "تۆمەتبارە" بە كوشتنی
كچە رزگاربوویەکی دەستی داعش بە چەقۆ كوژرا

وێنەی ئەو ژنەی لە شنگال كوژرا

عەمار عەزیز

ئەو ژنەی بە كوژراوی تەرمەكەی لە ماڵەكەی خۆیدا هەڵگیرایەوە، یەكێكە لە رزگاربووانی دەستی داعش و مێردەكەی  بە كوشتنی تۆمەتبار دەكرێت.

ئەو ژنە خەڵكی گوندی كۆجۆیە لە قەزای شنگال، دوای رزگاربونی لە دەستی داعش چوار ساڵ لەمەوبەر هاوسەرگیری دەكات و دایكی منداڵێكی سێ ساڵانە و لە كۆمەڵگەی تەل قەسەب دەژیا.

سەرچاوەیەک كە لێپرسراوێتی هەیە لە پۆلیسی شنگال، بە (كەركوك ناو)ی وت "روداوەکە لە کۆمەڵگای تەل قەسەب بووە لە سنوری شنگال، ئەوەی پێیگەیشتون هاوسەرەكەی بە چەقۆ كوشتویەتی و نازانین بەرەو كوێ هەڵاتووە، بۆیە هێشتا دەستگیرنەكراوە".

جەختیكردەوە "سێشەممە 4ی ئادار كەسوكاری ژنەكە سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەكانیان كردووە تا بزانن بۆچی هێشتا هاوژینەكەی دەستگیرنەكراوە، لەكاتێكدا تۆمەتباری سەرەكی كوشتنی ژنەكەیەتی"، زیاتر وتی "پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانی تر دەستیان بە لێکوڵینەوە کردووە و هەرشتێكی نوێ هەبێت بۆ رای گشتی بڵاویدەكەینەوە".

کەسێکی نزیک لە كەسوكاری ئەو ژنە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە سێشەممە زانیمان كچەكەمان كوژراوە، بەڵام ئەوەی ئاشکرابووە ئەوەیە کە بە دەستی هاوسەرەکەیی و لەماڵەكەی خۆیدا بە چەقۆ و بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە کوژراوە".

هەر دوێنێ تەرمی ژنەكە بۆ توێكاریی لە شنگالەوە رەوانەی پزیشكی دادوەری موسڵ كراو دواتر لە شنگال بەخاكسپێردرا.

ئەو سەرچاوەیە زیاتر وتی "پێشتر زۆر دڵخۆشبون، بەتایبەت دوای ئەوەی لە ماڵی باوكی كوڕەكە جیابونەوە و خانوی خۆیان دروستكرد، نازانین چ كێشەیەكیان هەبوو... ئێمە داواكارین دەزگا ئەمنییەکان بە زووترین کات بکوژەکە دەستگیر بکەن  تا سزای یاسایی وەربگرێت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT